ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری یەکسانی
د.ڤیان سلێمان


ڕاگەیاندن و ئامرازەکانی ڕاگەیاندن بەشدارییەکی گەورەیان لە ژیانی سیاسی و کولتوری و ئاڕاستەکردنی ڕای گشتی کۆمەڵگە هەیە. ڕاگەیاندن یەکێکە لە کەناڵە هەرە گرنگ و سەرەکییەکانی پرۆسەی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی و ڕۆڵی سەرەکی لە دروستکردنی تێگەیشتنی تاک و ڕوانینی بۆ ژیان و پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکان و چەمکەکان لە نێویاندا بڵاوکردنەوە و گەشەپێدانی دیموکراسی و یەکسانی و کولتوری ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و مافی ئافرەت هەیە و وەک سەرچاوەی وەرگرتنی زانیاری و درووستبوونی هۆشیاری و جیهانبینی تاکەکانی کۆمەڵگەیە؛ بۆیە ڕاگەیاندن ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکی گەورەی یاسایی و مۆڕاڵی لە بەرامبەر کۆمەڵگە لە ئەستۆدایە.

کۆمەڵگەی کوردستانی وەک هەر کۆمەڵگەیەکی دیکە خاوەن تایبەتمەندی و بەها و تێڕوانینی تایبەت بەخۆی، هەندێک جاریش هاوبەشە لەگەڵ کۆمەڵگەکانی دیکە بەپێی سنوری جوگرافی و کاریگەری کولتوری و جیهانگیری بەشێوەیەکی گشتی. بەهۆی باڵادەستی کولتوری پیاوسالاری و بەها کۆمەڵایەتییەکان لە کۆمەڵگەکەمان هاوکات هۆکارەکانی جیهانگیری و هزری نوێگەری، کۆمەڵگەی کوردستانی لە بارێکی ڕاگوزەردایە و پرسی ئافرەتیش وەک پرسێکی سەرەکی سەردەم و یەکێک لەو پرسانەی کە تەوەری پێکدادانی ئایدۆلۆژیا و سیستەمە جیاوازەکانە لەهەر پرسێکی دیکە زیاتر بە ڕاگەیاندن کاریگەرە و ڕاگەیاندن دەتوانێت بەو شێوەیەی کە دەیەوێت ڕای گشتی لەسەر ئەم پرسە ئاڕاستە بکات.

نکۆڵی لەوە ناکرێت کە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان کاریگەری باشیان لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەبارەی مافەکانی ئافرەت و گەیاندنی پرسەکانی تایبەت بە ئافرەت بە ڕای گشتی و دەسەڵاتی سیاسی هەبووە، زۆر جاریش ڕاگەیاندن ئامرازێکی سەرەکی بووە بۆ تیشک خستنەسەر توندوتیژییەکان بەرامبەر ئافرەت و پەردەلادان لەسەر تاوانەکان و تابۆکان کە لە چوارچێوەی خێزاندا دەگوزەران، کە ئەمانە مایەی دەستخۆشی و ستایشن.

لەهەمانکاتیش زۆر جار ڕاگەیاندن ڕۆڵەکەی پێچەوانە دەبێتەوە و دەبێتە هۆکارێک بۆ بڵاوکردنەوەی هزری ڕەگەزسالاری. مامەڵە کردن لەگەڵ کەیسەکانی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت و دەستوەردانە نێو وردەکاری تاوانەکانی کوشتنی ئافرەت و بڕیاردانی پێشوەختە و پاساوهێنانەوە بۆ تاوانەکان و ڕوماڵکردنی پرسە کۆمەڵایەتییەکان ناشارەزاییانە و ناپیشەییانە، یاخود ڕەخساندنی کات بۆ کەسانێک کە کەمترین باوەڕیان بە یەکسانی و مافی ئافرەت نییە و ئازادانە بڵاوکردنەوەی بیروبۆچونیان لە بابەتی باری کەسی و پرسە کۆمەڵایەتییەکان، بە ئایدۆلۆژیکردنی پرسی ئافرەت و زەقکردنەوەی ئەو چالاکییانەی لەو بوارەدا دەکرێن.

هاوکات بە کاڵا نیشاندانی ئافرەت و گرنگیدان تەنها بە جەستە و جوانکاری، بەرهەمهێنانەوەی ڕۆڵە نەریتییەکان لەسەر بنەمای ڕەگەز لە بەستنەوەی ئافرەت تەنها بە کاروباری ناوماڵ، یاخود بە لاواز و قوربانی پیشاندانی ئافرەت و کەمتر سەرنج خستنەسەر چیرۆکەکانی سەرکەوتن و پێشکەوتنی ئافرەت.

لەوەش زیاتر گرنگینەدانی وەک پێویست بە ڕێکخراوەکانی تایبەتمەند بە پرسی ئافرەت و تەرخانکردنی کەمترین کات بۆ چالاکییەکانی ڕێکخراوەکان، ئەمانە و بابەتی دیکەش ڕۆژانە لە ڕاگەیاندن بە گشتی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تایبەتی ڕەنگدانەوەی تەواویان هەیە و ئاستەنگی گەورەن لە بەردەم پێشکەوتنی پرسی ئافرەت و کرانەوەی کۆمەڵایەتی، هاوکات فاکتەرن بۆ بردنی سەرنجی ئافرەت تەنها بۆ لایەنی ڕووکەشگەرایی و دوورکەوتنەوە لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری پێگەیاندنی هزری.

لەم دۆخەدا ڕاگەیاندن ڕۆڵی خۆی وەک ئامرازێک بۆ ڕۆشنبیری و پێشکەوتن پێچەوانە دەکاتەوە و دەبێتە سەربارێکی دیکە بۆ مانەوەی کۆمەڵگە لە دۆخی خۆیدا، بەڵکو زیاتر برەودان بە بیری دواکەوتویی و پیاوسالاری و هزری ئایدۆلۆژی یان بە لایەکی تردا بازرگانی و بەکاڵاکردن و سێکسواڵی، بۆ ئەوەی ڕاگەیاندن لە ئاست گرنگی ڕۆڵی خۆی و پێویستی گۆڕانکارییەکانی سەردەمدا بێت؛ پێویستە پەیامەکەی لەوپەڕی ئاستی بەرپرسیاریەتیدا بگەیەنێت و هیچ کاتیش لەژێر کاریگەری تێڕوانینی شەقامدا نەبێت، بەڵکو پێویستە ڕاگەیاندن لە پێشەوەی ئاستی تێگەیشتنی کۆمەڵگە بێ و ئامرازێک بێت بۆ بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری و کولتوری ڕێزگرتن لە مافەکانی ئافرەت و یەکسانی جێندەری. کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ڕەچاوی هاوسەنگی جێندەری لە بەرنامە و پەیام و بەڕێوەبردندا بکەن و عەقڵ و تێڕوانینی ئافرەت ڕەنگدانەوەی لە پەیامی کەناڵەکاندا هەبێت و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەنگاوەکان بەرەو هاوسەنگکردنی ئەو کەلێنە زۆرەی جێندەری کە لە کەناڵەکاندا لە نێوان هەردوو جێندەردا هەیە بە تایبەت لە ئاستی بەڕێوەبردن بنرێت، کە لە ئێستادا باڵادەستییەکی بەرچاوی پیاو بوونی هەیە.

ناکرێت وێنای ڕاگەیاندنێکی سەردەمی و پێشکەوتوو بەبێ بوونی دەنگ و دونیابینی ئافرەت و ڕەنگدانەوەی بیری یەکسانی و متمانەکردن بە تواناکانی ئافرەت بکرێ و هیچ کەناڵێکی ڕاگەیاندن، بەبێ ئەو پرەنسیبانە ناتوانێت بانگەشەی نوێگەری و پێشکەوتن بکات، بۆیە چارەسەرکردنی ئەم پرسە و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ تواناکانی ئافرەت و سود وەرگرتن لە ئافرەت وەک عەقڵ و توانای هۆشەکی نەک وەک ڕوخسار و جوانکاری هاوکات گرنگیدان بە پرسی ئافرەت و مافی یەکسانی و هزری ڕێزگرتن لە ئافرەت پێشمەرجی پێشکەوتنی هەر کەناڵ و دەزگایەکی ڕاگەیاندنە و پێویستە هەنگاوی پێویستی بۆ بنرێت.

-hawler

AM:05:03:14/08/2021