كورد و عێراق.. له‌نێوان ئه‌زموون و بێمتمانەییدا
جوان ئیمام


ماوه‌ی چه‌ندین خول و كابینه‌ی حكوومه‌تی عێراقە، هەر هەڵبژاردنێك دەكرێ، دوای ئەو هەڵبژاردنە دەسەڵاتدارانی عێراق كار بۆ ئەوە دەگەن پرەنسیپەكانی (سازان و هاوبەشی و هاوسەنگی) كە عێراقی دوای ٢٠٠٣ی لەسەر پێكهێنراوە، كاڵتر بكرێتەوە و مافەكانی كورد و خەڵكی‌ هه‌رێمی كوردستان زیاتر پێشێل بكەن. هه‌موو جارێک برا عێراقیەكانمان! پێش هه‌ڵبژاردن جۆره‌ قسه‌یه‌ك ده‌كەن و دوای هه‌ڵبژاردن قسە و هەڵوێستی جیاوازیان هەیە.

هه‌ر كاتێکیش عێراق لاواز بووبێت، په‌نای بۆ سه‌ركردایه‌تیی كورد هێناوه‌، به‌تایبه‌ت بۆ سه‌رۆك بارزانی، بۆ ڕزگاربوون له‌و ته‌نگژه‌ سیاسی و ئابووری و ئه‌منییه‌ی له‌ عێراق هاتووەتە ئارا، به‌ڵام ئەوان له‌گه‌ڵ كورد ڕاستگۆ نه‌بوون، ئه‌گه‌ر پێیان كرابێ شه‌ڕیان كردووه،‌ یان له‌ هه‌موو ئه‌و قسه‌ و به‌ڵێن و ڕێككه‌وتنانه‌ پاشگه‌ز بوونه‌تەوه‌، كه‌ له‌گه‌ڵ كورددا ئیمزا و قسەیان لێ كردووە.

ئه‌مجاره‌ بۆ كورد ئه‌زموون گرنگتره‌ له‌وه‌ی له‌ جاره‌كانی تر ڕووی دا، هیچ سه‌رۆك وه‌زیرانێكی عێراق ده‌سەڵاتی جێ نه‌هێشتووه‌، ئه‌گه‌ر له‌ بوارێك یان زیاتردا زیانی به‌ هه‌رێمی كوردستان نه‌گه‌یاندبێت.

پێویسته‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی چاوه‌ڕوانكراوی عێراق، ئه‌مجاره‌ كورد ته‌نیا بیر له‌وه‌ بكاته‌وە، له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا هیچ كارێك نه‌ما لایه‌نه‌ دەسەڵاتدارە عێراقییه‌كان دژ بە كورد نه‌یكه‌ن، له ‌هه‌مان كاتدا، هه‌ندێ لایه‌نی كوردییش هه‌بوون، كه‌ پاڵپشت و رێگەخۆشكه‌ر بوون بۆ دەسەڵاتدارانی عێراق، تا زیان به‌ قەوارەی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان بگه‌یەنن.

ئەوانە هەر به‌وه‌شەوە نه‌وه‌ستان به‌ربه‌ست بۆ حكوومه‌تی هەرێمی كوردستان دروست بكه‌ن، بەڵکوو هه‌وڵی له‌ناوبردن و لاوازكردنی پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستانیان ده‌دا و هه‌رچی ڕووی ناشرینی خۆیان بوو پیشانی ئێمە و عێراقیەكانیان دا، پێویسته‌ ئه‌مجاره‌ جه‌ماوه‌ری كوردستان ئه‌وانه‌ لێك جیا بكاته‌وه كه‌ لە خەمی خەڵكی كوردستان و مانەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستاندا بوون بە بەهێزی، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی له‌ به‌غدا مافه‌كانی کوردستانیانیان کردە قوربانیی به‌رژوه‌ندییه‌ كه‌سییه‌كانی خۆیان و گرووپەکانیان.

هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ئەگەر بەڕێوە بچێت، زۆر جیاوازە له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوو، ئەویش له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك، عێراق له‌وپه‌ڕی لاوازیدایه‌ و توانای خۆبه‌ڕێوه‌بردنی نییه‌، دۆخی ئابوورییەکەی زۆر خراپە، دۆخی ئه‌منی و كێشه‌ی نه‌بوونی كاره‌با و ئاو و پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری و خۆكشانه‌وه‌ی لایه‌نه‌كانی هەیە، ئەمانە هیچ ئومێدێکی دڵخوشكه‌ر نیین بۆ ئاینده‌ی عێراق له‌دوای هه‌ڵبژاردندا، به‌هۆی ناكۆكیی نێوان لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان، ئەمە وێڕای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق لە كۆتایی ئەمساڵدا.

ئه‌مجاره‌ له‌دوای هه‌ڵبژاردن، كه‌ عێراق خاوه‌ن مێژوویەكی خراپە‌ له‌ دره‌نگ پێكهێنانی كابینه‌ی حكوومه‌ت، له‌ ئه‌گه‌ری هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌، حكوومه‌تی ئێستای كازمی ده‌بێته‌ كاربه‌ڕێكه‌ر و زۆر ده‌سه‌ڵاتی نامێنێت كه‌ كار بۆ عێراق بكات، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ ده‌رفه‌ت بۆ دوژمنان به‌گشتی و داعش به‌تایبه‌تی و وڵاتانی دراوسێش، تا زیاتر ده‌ستوه‌ردان له‌ عێراقدا بكه‌ن، بۆیه‌ ئه‌و مه‌ترسییه‌ی ئێستا له‌ عێراقدا هه‌یه‌، دوور نییه‌ هاوشێوه‌ی 2014 دووباره‌ ببێته‌وه.

بۆیه‌ ئه‌مجاره‌ گرنگه‌ كورد سوود له‌ ئه‌زموونی ڕابردوو وه‌ربگرێت و بڕوای تەواویش بە هەموو لایەنە عێراقیەكان نەكات، به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ر كاتێك بۆ عێراق ده‌رفه‌ت دروست بێت، هاوشێوه‌ی ڕابردوو شه‌ڕی كورد ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی سیاسه‌تی حه‌كیمانه‌ی سه‌رۆك بارزانی و سه‌ركردایه‌تیی كوردستان و حكوومه‌تی هه‌رێم، دوژمن ناتوانێت هاوشێوه‌ی جاران هێرش بكاته‌ سه‌ر كوردستان، به‌ڵام یه‌كده‌نگیی كورد له‌ به‌غدا ئه‌مجاره‌ و گشت جاره‌كانی تریش، یه‌كێكه‌ له‌ كارته‌ به‌هێزه‌كانی شكاندن و ڕاگرتنی هه‌وڵه‌كانی دوژمنان و وەدیهێنانی ئامانجی كورستانێكی بەهێزتر و ئارامتر و خوشگوزه‌رانتر.

-basnews

AM:05:06:14/08/2021