ئەزموونی ئەفغانستان و پرسیارەکانی کوردستان
ڤینۆس فایەق

لە سیاسەتی ئەمریکادا کۆمەڵێک پرەنسیپی جێگیرهەن بەگۆڕینی سەرۆکەکانی ناگۆڕێن، کۆماری، یان دیموکرات یان هەر حزبێکی تر لەدەسەڵاتدا بێت، ئەمریکا ستراتیژی درێژخایەنی بۆ جیهانی دەرەوە و بەتایبەت وڵاتانی جیهانی سێ هەیە.

سیاسەتی شاردراوەی ئەمریکا کە رێخۆشکردنە بۆ گەشەسەندنی شەپۆلی تیرۆریستی لە جیهاندا، سەردەمی ترەمپ نەبێت، کە ئەگەر لە سەرۆکایەتی ئەمریکادا بمایە وای بۆ دەچم هەرگیز ئەفغانستانی رادەستی دەستی تالیبان نەدەکرد، لەبەر ئەوەی تەنها ئیشی ئەو دۆشینی وڵاتان و پارە کۆکردنەوە بوو، دەنا چەپۆکێکی گەورە بوو بە رووی تیرۆریستاندا.

دیموکراتەکان لە هەر جێیەک بووبێتن پشتگیریی بزووتنەوە ئیسلامییە ئوسووڵییە توندڕەوەکانیان و سەرکەوتنیان لە ناوچەکەدا کردووە، ترەمپ بەنیاز بوو لە ئەفغانستان بکشێتەوە، بەڵام هەر نەیکرد، بایدن هات و بەو شیوە ناشیرینە جێبەجێیکرد.

سەردەمی کارتەر خومەینی دەرکەوت و کۆماری ئیسلامی ئێران دامەزرا و موجاهیدەکانی ئەفغانستان دروستبوون. سەردەمی کلینتۆنی دیموکراتی رێکخراوی تالیبان دروستبوو و سەردەمی ئۆباما داعش دروستبوو و بە بەهاری عەرەبی خۆراکی ئیخوانەکانیدا و ئێستاش بایدن ئەرکی حزبەکەی تەواو دەکات و ئەفغانستانی رادەستی تالیبان کرد.

کاتی خۆی لە لێدوانێکیدا هیلاری کلینتۆن کە سەردەمی باراک ئۆباما وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوو، زۆر راشکاوانە گوتی: ئەمریکا یاریدەدەری سەرەکی بوو بۆ دروستبوونی رێکخراوی قاعیدە لە کاتی شەڕی نێوان روسیا و ئەفغانستان، بە پێدانی چەک و پەرەپێدانیان لە رووی تەکنیکییەوە. دوای ئەوەش کە ئیشیان پێیان نەما هەر ئەمریکییەکان خۆیان بن لادنیان لەناوبرد.

بەمپێیە ئەوەی لە ئەفغانستان روویدا شتێکی چاوەڕواننەکراو نەبووە، بگرە لەوە دەچێ گۆڕانکاریی لەگەڵ خۆی بهێنێت لەو وڵاتانەی داعش تیایاندا چالاکە، بە تایبەت لە عیراق.

مەسەلەی ئەوەی تالیبان لە هەر کوێیەک بەتایبەت ئەفغانستان دەسەڵات بگرێتە دەست و هەزار و پێنج سەد ساڵ بیگێڕێتە دواوە بۆ ئەمریکییەکان گرنگ نییە، ئەوەی گرنگە تالیبان زەمانەتی ئەوەی بە ئەمریکییەکان دابێت نەبنە مایەی هەڕەشە بۆ سەر سیاسەتەکەیان لە ناوچەکەدا. بۆ ئەوان گرنگ نییە تالیبان بە شەریعەت حوکمی ئەفغانستان بکات و ئەو شەپۆلە بۆ کوێی تر پەلدەهاوێژێت و ناوچەکە بخاتە بەر مەترسیی لەناوبردنی ئازادییەکان و تەواوی ژیانی کۆمەڵگە و مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان و دادپەروەری بە قانوونەکانی تالیبان بەسەر هەموواندا دەسەپێنرێت. بۆ ئەمریکا گرنگ نییە فیکرێکی توندڕەوی دڕندە لە ناوەوە حوکم دەکات و بانگی سەردەمی تاریکی دەدات و ناسنامەی دەسەڵات لەو وڵاتەدا دەبێتە زەبر و زەنگ و ئاگر و ئاسن. ئەوەی بۆ ئەمریکا گرنگە تەنها بەرژەوەندییەکانی خۆیەتی لەو ناوچانە.

بۆ ئێمەی کورد ئەزموونی خوێناویی ئەفغانییەکان وانەیەکی ترسناکە بەتایبەت کە بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان راشکاوانە پیرۆزبایی لە موجاهیدەکانی تالیبان کرد و ئەندامەکانیان کەوتنە قوربانی بەشینەوە.

ئەمە زەنگە ترسناکەکەیە، چونکە هەر رووداو و بەسەرهاتێک لە هەر وڵاتێک ئەگەر کاریگەری بۆ سەر وڵاتەکەمان نەبێت و ئەگەری ئەوەی نەبێت پەل بۆ ناو وڵاتی ئێمە بهاوێت، رەنگە لە رووی ئینسانییەوە تەنها دەربڕینی هاوخەمی بەس بێت.

ئێستا پرسیاری من سەبارەت بە داهاتووی بزووتنەوە ئوسوڵییەکانی کوردستان و پابەندییەکانی خۆرئاوا بۆ پارێزگاریکردن لە کوردستان، چی زەمانەتی ئەمە دەکات؟ ئایا ئەم حکومەتەی ئێستای کوردستان توانای ئەوەی هەیە قووتیان بدات و رێگر بێت لەوەی بەوشێوە ترسناکە گەشە نەکەن؟ ئایا ئەگەری ئەوە هەیە ئوسوڵییەکان باوەشێکی وا لە ناو میللەتدا بۆ خۆیان فەراهەم بکەن بە جورئەتەوە رێپێدراو بن رۆژێک دەسەڵاتدا بگرنەدەست و خاکەکەی داگیر بکەن؟ یان رۆڵ و کاریگەریان سنووردار دەبێت بەمەرجی ئەوەی دەسەڵات بەهێز بێت و ئیشی جدی لەسەر مەسەلەی گەندەڵی بکات، بۆ ئەوەی خەڵک تەنها لەبەرئەوەی لەدەست ئەم حزبانەی ئێستا رزگاریان بێت بیر لە ئەڵتەرناتیڤی ترسناک نەکەنەوە؟

-knwe


AM:03:02:23/08/2021