ئەفغانستانی دوای تێكشكاندنی دوو زلهێز
سۆزان حەمە تاتە


ئەفغانستان ساڵی 1919 بەتەواوەتی سەربەخۆیی لە بەریتانیا وەرگرتەوە، لەوكاتەوە تائێستا ئەو وڵاتە بە مێژووی جیاواز و قۆناغی جۆراوجۆردا رۆیشتووە، بەڵام لە ساڵی 1979 ئەفغانستان چووە ناو مێژووییەكی نوێوە كە لەگەڵ زلهێزێكدا رووبەڕووی یەكتر بوونەوە.

دوو قۆناغی گرنگ لە مێژووی ئەو وڵاتەدا هەیە كە زۆر گرنگن

یەكەم: داگیرکاریی یەکێتی سۆڤێت
بۆ پشتیوانییكردن لە حكومەتە هاوپەیمان و نزیكەكەی، لە 25ی دیسەمبەری ساڵی 1979 سوپای یەكێتیی سۆڤێت چووە ناو خاكی ئەفغانستانەوە، لەو كاتەدا چەندین هێز بەرهەڵستی بوونی حكومەتە ماركسییەكەی ئەفغانستانیان دەكرد، بۆ ئەوەش ئەمریكا هاوكاریی دەكردن و خەریك بوو سەركەوتن بەدەستبهێنن.

بۆ رێگرییكردن لەو كارە یەكێتیی سۆڤێت سوپای ناردە ئەو وڵاتە و بەتوندی رووبەڕووی نەیارەكانی بووەوە، بەڵام دوای 10 ساڵ شەڕكردن لەپێناو مانەوەی حكومەتە هاوپەیمانەكەی، بەناچاریی و دوای زیانێكی زۆر، یەكێتیی سۆڤێت لە نێوان 15ی مایۆی 1988 بۆ 2ی فبرایەری 1989 هەموو سوپاكەی لە ئەفغانستان كشاندەوە.

هێزەكانی بەرگریی ئەفغانستان لەلایەن حكومەتەكانی ئەمریكا و پاكستان و سعودیەوە پاڵپشتی دەكران لەناویاندا رێكخراوی قاعیدە و بزووتنەوەی تالیبان.

دووەم: داگیرکاریی ئەمریکا
بەهۆی 11ی سێپتەمبەرەوە ئەمریكا بڕیارییدا عیراق و ئەفغانستان داگیر بكات و كردیشی، ماوەی 20 ساڵ هێزەكانی ئەمریكا لەو وڵاتە مانەوە، بە دەیان جۆر و رێگە هاوكاریی حكومەتەكانی ئەفغانستانیان دەكرد و سوپایان بۆ دروستكرد و نزیكەی 1000 ملیار دۆلاریان لەو وڵاتە خەرجكرد، بەڵام بەپێی قسەی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا سەركەوتوو نەبوون لە دروستكردنی حكومەتێكی مەدەنی و ئازا و شەفاف، بۆیە دەبوو بكشێنەوە.

مێژووییەكی نوێ
ئێستا كە ئەزموونی تێكشكاندنی دوو زلهێزی وەكو ئەمریكا و یەكێتیی سۆڤێت هەیە پێویستە چی بكرێت و ئەفغانییەكان چۆن مێژوویەكی نوێ بنیات بنێن؟
سەركەوتنی بزووتنەوەی تالیبان بەتەواوی ئەنجامی بەهێزیی خۆی نییە، بەڵكو لەلایەك بەهۆی لاوازیی و گەندەڵی حكومەتی ئەفغانستانەوە بوو، لەلایەكی دیكەیشەوە سیاسەتی دەرەكی بۆ نموونە ئەمریكا چیتر نایەوێت پارەی خۆی لە وڵاتی دەرەوەی بێ سوود خەرج بكات و سەربازەكانیشی بكوژرێن.

بەڵام ئەوەی هەیە ناكرێت تەنها چاومان لەسەر سەركەوتنەكانی ئەو چەند رۆژەی تالیبان بێت، بەڵكو هێشتا سەرەتایە و چەند كێشەی گرنگ دێتە بەردەمیان وەكو (بزووتنەوەكە ناتوانێت بە تەواوەتی دەستبەرداریی ناوەڕۆكە ئیسلامییەكەی بێت، ئەفغانستان ژێرخانی ئابووریی نییە، چەندین هێزی نەیاریی هەیە كە خەریكی خۆسازدانەوەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتی تالیبان، هەروەها تالیبان بڕوای بە دیموكراسی نییە و چەندین هۆكاری تر).

بنیاتنانی ئەفغانستانێكی دوور لە كێشە و ئارام و مەدەنی و كۆتاییهاتن بە توندوتیژیی كارێكی ئەستەمە، زۆریش نابات بزووتنەوەی تالیبان تووشی كێشەی گەورە دەبێت.

-knwe

AM:03:20:23/08/2021