سیستمی کۆتا و خەونی ژنان
کەنار قاسم


سیستمی کۆتای ھەڵبژاردن ، ئاواتی ژنان لە عیراق و کوردستان بەدی ناھێنێت. سیستمی کۆتا دژی سیستمە دیموکراسییەکانە و رۆڵی ژنانی لە کاری سیاسیدا کەمکردۆتەوە، کۆتا یەکسانە بە جیاکاریی رەگەزی دژی ژن.

کۆتا بە مانای ئەوە دێت کە سیاسەتمەداران، بەھۆی رەگەزەکەیانەوە ھەڵدەبژێردرێن نەک لەبەر لێھاتووییان بەمەش کاندیدە شیاوەکان پشتگوێ دەخرێن.

ئەگەر رێژەیەکی زۆر کەمی ژنان بە تواناو لێھاتوویی خۆیان ھەڵبژێردرێن و بێنە ناو کایەی سیاسییەوە، زۆر باشترە لەوەی کۆمەڵێک ژن کە نەتوانن ئەرکی راستەقینەی خۆیان جێبەجێ بکەن، بچنە پەرلەمان.

لە ھەموو ھەڵبژاردنێکدا لەلایەن ھێزە سیاسییەکانەوە کۆمەڵێک ژن ھەڵدەبژێرن، تەنها وەک راگرتنی باڵانسی جێندەریی، کەواتە مەبەستی زۆرێک لە حزبەکان پشتگیریی ژنانی لێھاتوو و شارەزا و بەھێز نییە، بەڵکو جێبەجێکردنی یاسای کۆتایە و هیچی تر، ئەمەش وایکردووە زۆرێک لەو ژنانە لەناو پەرلەماندا بێھێز و ناکاریگەر دەربکەون، بۆیە ئەستەم بووە کە رۆڵی دیار و سەربەخۆی زۆرێک لە ژنان بەدی بکرێت کە لە رێگەیەوە بتوانن توانا و هێزی خۆیان لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان و عیراقدا بسەلمێنن.

تائێستاش ژنان لە عیراق و کوردستان ئەگەر بەهێزیش بووبن ئەوەیان پێ رەوا نەبینراوە کە وەزارەتێکی گرنگی وەک کاروباری دەرەوە یان نەوت و وەزارەتە سیادیی و گرنگەکانی تریان پێ بسپێردرێت، ئەوە جگە لەو پیاو سالارییەی کە زاڵە بەسەر سیاسەتدا و رێگرییان لێ دەکات بۆ کارکردن.

زۆربەی حزبەکان بڕوایان وایە کە ژنان ناتوانن بە باشی وەزارەتەکان بەڕێوەببەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی زۆربەی داتاکان و راپۆرتەکانی دەستەی دەستپاکی، رێژەی گەندەڵیی بەرپرسە پیاوەکان لە رێژەی گەندەڵی بەرپرسە ژنەکان زۆر زیاترە.

کۆتا، دیاریکردنی ژمارەیەک کورسی پەرلەمانە بۆ ژنان کە عیراق بە رێژەی %25 و کوردستان بە رێژەی 30% کورسییەکانی دیاریکردووە، کە زۆرجار تەنھا بۆ پڕکردنەوەی کورسییەکانی پەرلەمان بەکارھێنراوە، نەک بۆ بەشداریپێکردنی ژن لە پەرلەمان و کارکردن بۆ مەسەلەی مافەکانی، ئاشکراشە ئامانجی بەشێکی زۆر لە حزبەکان لە کۆتا، ھێندەی بۆ بچووکردنەوەی بازنەی ھەڵبژاردن و چاوبڕینە کورسیی کۆتای ژنانە، ھێندە بۆ بەشداریپێکردنی ژنان نییە بەپێی تواناکانیان لە ناوەندەکانی بڕیار و دەسەڵاتدا، ئەوەش وایکردووە زۆرێک لە ھێز و لایەنە سیاسییەکان ژمارەیەکی زۆر ژن کاندید دەکەن، تا سوود لە سیستمی کۆتا وەربگرن بۆ بەدەستھێنانی کورسی پەرلەمان.

لە زۆر رووەوە زاڵبوونی دەسەڵاتی پیاوانەی حزبیی ھێزە سیاسییەکان، ژنان بێ توانا دەکەن، بەشێکی ژنان خۆشیان بەھۆی ئینتیمایانەوە بۆ ھێزێکی دیاریکراو رۆڵی سیاسیی ژنانیان لە دەستداوە، بەتایبەتی لەو حزبانەدا کە مەسەلەی ماف و رۆڵی ژنان هیچ قورساییەکی لە بەرنامەکەیاندا نییە، دیارە ژن لەو جۆرە حزبانەدا لە هەر پێگەیەکدا بن، تەنها شوێنیان پێ پڕدەکرێتەوە و هیچ رۆڵێکیان پێ نادرێت.

پێویستە پێش ھەر ھەڵبژاردنێک، عیراق و کوردستان ببنە گۆڕەپانی بزووتنەوەیەکی پێشوەختی چالاکوانانی سیاسی و پەرلەمانتارانی پێشوو بۆ کاراکردنەوەی رۆڵی ژنان لە پەرلەمانی داھاتوودا و رێگەگرتن لە (کۆتا) لە خولی داھاتووی ھەڵبژاردندا، چونکە ئەوە رێگریی لە ژنان دەکات کە ببێتە بەشدارێکی کاراو نوێنەری راستەقینەی ژنان و چەسپاندنی یەکسانیی جێندەری.

لەم دواییەدا پەرلەمانتارە عیراقییەکان بۆ پشتگیریی و ھەماھەنگی رۆڵی ژنان لە سیاسەتدا، ناڕەزایی خۆیان دەربڕی، چونکە بڕیاردان لای ھەر سێ سەرۆکایەتییەکەیە و ئەوان بڕیاڕ دەدەن، لەم سێ سەرۆکەیەتیەشدا رەگەزی ژن لەئارادا نییە و دەست گەیشتنی ژنانیش بە یەکێک لە سێ سەرۆکایەتییەکە لە ھەر خولێکی ھەڵبژاردندا تائێستا ئەستەمە. ھەروەھا رێگریی لە ژنان دەکرێت کە ئەندامی لیژنەی ئەمنی پەرلەمان بن و تۆمەتباریان دەکەن بە شکستھێنانیان لەو کارەدا.

زۆرێک لە ژنانی پەرلەمانتار جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە دەیانەوێت ھۆشیاریی کۆمەڵگە بەرزبکەنەوە تا ئەو رادەیەی ژنان متمانەی دەنگدەران بەدەست بھێنن، بەبێ پشت بەستن بە یاسای کۆتا.

ئەگەر خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەنموونە وەربگرین کە بەپێی کۆتا رێژەی بەشداریی ژنان ٪30 ەو لەکۆی 111 ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، 35 ئەندامی ژن هەن، سەرۆکی پەرلەمان و سکرتێری پەرلەمانیش ژنن، بەڵام بەداخەوە خانمە پەرلەمانتارەکان وەک پێویست بایەخیان بە پرسی ژنان نەداوە، چونکە زۆرینەی ئەو ژنانەی لەلایەن بەشێک لە حزبە سیاسییەکانەوە هەڵدەبژێردرێن، تەنها لە بەرژەوەندی سیاسەتی حزبەکەدا کاردەکەن و ئەقڵییەتی پیاوسالاریی حزبەکەیان بەسەریاندا زاڵە، بۆیە مەگەر بەشێوەی تاکەکەسی ئەگەر نا تائێستا زۆربەی ئەو ژنانەی پۆستێکی سیاسییان وەرگرتووە لە ئاست داواکاریی و خواستی کۆمەڵگەدا نەبوون و پێناچێت زۆرێک لە حزبە سیاسییەکانیش ئامانجیان ئەوەبێت کە ئەو ژنانە بخەنە پێشەوە کە خزمەت بە دۆزی کۆی خەڵک و ژنان بەتایبەتی دەکەن.

-knwe

AM:02:27:08/09/2021