پێشنیارێک بۆ وەزارەتی پەروەردە
عادل حاجی


لە چەند رۆژی داھاتوودا بەری رەنج وماندوو بوونی خوێندکاران وخێزانەکانیان دوای دوانزە ساڵ چارەنووس ودوا رۆژو جۆری بڕوانامەی خوێندکارانی پۆلی ۱۲ دیاری دەکرێت.

ھەندێک بەوەرگرتن لەزانکۆوو پەیمانگاکان وھەندێکیش لەماڵەوە دائەنیشن و وەرناگیرێن و ئیتر ئەوە دوا بەرھەمی رەنج وماندوو بونیانە!؟
گەر لێی ووردبینەوە خوێندکارێک ۱۲ ساڵ خۆی ماندوو ئەکات وخێزانەکەشی لەگەڵی و جگە لەخەرجی وتێچوونی خوێندنەکەی کەچەندین ملێون خەرج ئەکەن بۆ خوێندنی کچ یان کوڕەکەیان، لە کۆتاییدا ھەموو چارەنووسێکی خوێندکارەکە بەند ئەکرێت بە پۆلی ۱۲ گەر لەپۆلی ۱۲ نمرەکەی بەرز بوو ئەوە کۆلێژێکی باش وەریدەگرێت، ھەرچەندە دوای تەواو کردنی خوێندنەکەی رەنگە کاری دەست نەکەوێت!!، بەڵام گەر نمرەی بەرز نەبوو ئەوە رەنجی ۱۲ ساڵەی ئەسووتێت و لەگەڵ کەسێکی نەخوێندەواردا لەرووی کارەوە جیاوازی نابێت، واتە ۱۲ ساڵ رەنج بەستراوە بە۱٠ـ۱٥ رۆژ خوێندن لەپۆلی دوانزەو تاقیکردنەوەی ئەو ماوەیە.

ئەوە گەورەترین تاوانە ئەوپەڕی نادادیە وھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت ئەبێ ئەم زووڵمە کۆتای پێ بھێنرێت بەرانبەر بەخوێندکاران، گەرچی ووڵات پرە لەنادادی وگەندەڵی، بەڵام مەترسیدارترین تاوان ئەوەیە پەروەردە وفێرکردن پشت گوێ بخرێت وھەوڵی لەناوبردنی بدرێت، بەنەمانی پەروەردەی دروست و نیشتمانی، شتێک نامێنێت ناوی ووڵات وخاکی ئێمە بێت، بۆیە پێشنیار ئەکەم بۆ وەزارەتی پەروەردە:ـ
۱ـ ھەتا کارلەکارنەترازاوە و لەمە خراپترنەبووە، پێداچوونەوەو گۆرانکاری بنەڕەتی بکەن لەدایانگاکانەوە ھەتاوەکو زانکۆو پەیمانگاکان، ئەویش بەسوود وەرگرتن لەسیستەمی پەروەردەو فێرکردنی ووڵاتانی پێش کەوتوو، لە رەگەوە ھەڵکەندنی ئەم سیستەم و فێرکردنەی ئێستا و وازلێھێنانی بەیەکجاری، بۆ نمونە ئەتوانرێت پەنا ببرێتە بەر سیستەمی پەروەردەو فێرکردنی ووڵاتی فنلەندا کەباشترین سیستەمیان ھەیە.

۲ـ بۆچارەسەری بەپەلەی چارەنووسی پۆلی ۱۲ ئەم پێشنیارەم ھەیە ئەویش نمرەکانی خوێند کار لەیەکی سەرەتایی تاوەکو ۱۲ بەمشێوەیە دیاری بکرێت:ـ
*لەپۆلی یەکی سەرەتای ھەتاوەکو شەشی سەرەتایی ۳٠ نمرەی لەسەر بێت.
* لەپۆلی حەوت تاوەکو نۆ ۳٠ نمرەی لەسەربێت.
* لەپۆلی دە تاوەکو دوانزە ٤٠ نمرەی لەسەر بێت.
لەوانەیە بووترێت گەرنمرە بەم شێوە بدرێتە دەست قوتابخانەکان خۆیانەوە ھەزاران واستەو گەندەڵی تێدا بکرێت، زۆر راستە، لەزۆربەی قوتابخانەکاندا ئێستا لەنێوان خوێندکاراندا ئەو جیاوازییە ئەکرێت، چارەسەر بۆ ئەمەش ئەوەیە لە یەکی سەرەتایی تاوەکو سێی سەرەتای بانمرەی تاقی کردنەوەکانیان لەلایەن بەرێوەبەرایەتی پەروەردەکانەوە بێت بەڵام لە٤ سەرەتایی تاوەکو ۱۲باتاقیکردنەوەو نمرەیان لەدەسەڵاتی وەزارەتدا بێت.

بەقەناعەتی من بەشێوەیە ئەتوانرێت ئاستی راستەقینەی زانستی ھەموو خوێندکارێک دیاری بکرێت، نەک تەنھا پۆلی ۱۲ پێوەر بێت، چونکە زۆرجار خوێندکار ھەتا پۆلی ۱۲ ئاستی زۆربەرزبووە، بەڵام لەپۆلی ۱۲ بەھۆکاری کێشەیە یان نەخۆشی یان رووداوێک نەیتوانیوە وەکو پێویست بخوێنێت، کە ئەمەوای لێکردوە نمرەی کەم بەدەست بھێنێت.

ھیوادارم ئەم نووسراوەمان پێش چاوی غەمخۆرێک یان دڵسۆزێکی بەرژەوەندی گشتی لە دەسەڵات بەدەستانی ھەرێم بکەوێت و پەسەندی بکەن، تەنھا لە دڵسۆزیمانەوە بۆ گەلەکەمان ئەم پێشنیارەمان کردوە بەھیوای پەسەند کردنی.

-nrttv

AM:01:46:23/09/2021