ژن‌و کاندید
په‌رێز عومه‌ر



گاڵتەجاڕیەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردن‌و ڕاگەیاندنی کوردی گەیشتۆتە ئاستێک، مرۆڤ ڕاگەیاندن‌و سیاسەتی لەبەرچاو بکەوێت.

هەرگیز نەمویستوەو نامەوێت قسە لەسەر هەڵوێستی تاکەکەسی هیچ کەسێک بکەم، بەڵام هەڵوێستی ئەم خاتونە کاندیدەی حزبێکی ئیسلامی هێندە سەیرەو کاردانەوەکان هێندە نەزانانەن کە ناچاریان کردم بەنوسینی ئەو بابەتە.

هێنانی ژنی دوەم بۆ مێردەکەی ((کە بابەتێکی کەسی‌و خێزانیە))و تێکەڵکردنی بەهەڵمەتی هەڵبژاردن ((کە بابەتێکی سیاسی گشتیی‌و گرنگە)) جێگای سەرنجە‌و دەبێت هەڵوەستەی لەسەربکەین.

ئەمە بۆچی؟ پەیوەندی بەبەرژەوەندی گشتیی‌و پرۆسەی سیاسیەوە هەیە؟ تەنها مەگەر لەو چوارچێوەو لێکدانەوانە جێگای لۆ بکەینەوە..

ئێمە چالاکوانان‌و داکۆکیکارانی مافەکانی ژنان لەمێژساڵە گوتیتمان کە دارایی سەربەخۆ بۆ ژن، پایەی هەرە سەرەکیە لۆ بەدەستهێنانی ماف‌و ئازادیەکانی، لەوە دەچێت ئەم خاتونەش پێیوابێت بەبونی بەئەندامی پەرلەمان، ئیتر پێویستی بەمێردەکەی نامێنێت‌و سەربەخۆیی خۆی هەڵدەبژێرێت‌و بەهێنانی ژنێکی تر بۆ مێردەکەی، لەکۆڵ خۆی دەکاتەوە.

خۆ دەشکرێت مەرجی ڕێگەدان بەخۆکاندیدکردن‌و کاری پەرلەمانی‌و بەشداریی سیاسی ئەم خاتونە لەلایەن مێردەکەی ئەوەبوبێت کە ژنێکی تری لۆ بهێنێت.

ئەو دوو لێکدانەوەیە کۆمەڵایەتین‌و جگە لەو دوو بەڕێزە کەسی تر ناتوانێت بیانسەلمێنێت، بەڵام لەڕوە گشتیەکەی ئەم بابەتە ئەرێ ئەگەر دەیەوێت ژنی دوەم لۆ مێردی خۆی بهێنێت لۆ دەیخاتە دوای بونی بەئەندامی پەرلەمان‌و ئێستاو پێشتر ئەو خەڵاتەی بەمێردەکەی نەدەبەخشی؟!

ئایا پێیوایە پیاوانی مەستی فرەژنی‌و هەوەسی دور لەبەرپرسیارێتی، بەو بەڵێنەی خانم بەمێردی خۆیداوە ئەوان هەڵخەڵەتێن‌و دەنگی پێبدەن؟ یاخود ئامانجەکە تەنها ڕاکێشانی سەرنجی ڕاگەیاندنە کەمئەزمون‌و نەزانەکانە تا یارمەتی ناسینی بدەن‌و ببێتە جێی سەرنجی هاوڵاتیان، کە لەمجۆرە کارانە زۆرن‌و نمونەو پەندی کوردی جوانیشمان لەسەری هەیە.

دەمەوێت لەوە تێبگەین ئەم بابەتە چ پەیوەندی بەهەڵمه‌تی هەڵبژاردنەوە هەیە؟!! بۆچی دەیکاتە بەشێک لەهەڵمەتی هەڵبژاردن؟! سودی ئەوەی کە مێردی ئەو خاتونە دوو ژنی هەبێت بۆ کوردستان‌و قەزیەی کوردی‌و ناوچە دابڕێنراوەکان‌و قوتی خەڵک‌و بودجەی کوردستان چیە؟

بەڕاستی جگە لەو کۆمەڵە پرسیارو شیکردنەوەو گاڵتەکردن بەمێشکی تاکی کۆمەڵگه‌ هیچ حکمەتێکی تر لەلێدوانی ئەم خانمەدا نییە.

-sharpress


AM:05:22:28/09/2021