"بۆ دادپەروەری تێکۆشام، بەڵام بوومە قوربانی دەستی تیرۆر"، ئەمە وتەی نوسراوی سەر گۆڕەکەی ژنە رۆژنامەنوسی ئەڵمانی لیسی شمیت (ئێلیزابێت شمیت- ELISABETH SCHMIDT)ە.. ئەو رۆژنامەنوسەی (٢٧) ساڵ لەمەوبەر (١٩٩٤)، لەبەرامبەر نوسینەوەی ئازارەکانی ئێمە لەباشوری کوردستان، ھەر لەناو ئێمەدا، تێرۆر کرا..!
ئەگەرچی دوای (٢٧) ساڵ لەتێرۆرکردنی، کەمترینجار یادکراوەتەوە، بەڵام ھێشتا لیسی شمیت، ژنە شەھیدی رۆژنامەنوس، کە بۆ ئاژانسی فرانس پرێس (AFP)و رۆژنامەکانی (BERLINER TAGESSPIEGEL)و (FRANKFURTER RUNDSCHAU) کاری دەکرد، نمونەیەکی بەرزی گیانبەخشینە لەپێناو ئەوانی تردا..!
لیسی، بە بەرخورکردن لەگەڵ مرۆڤی کورد، ھەردوو زارەوەی سۆرانیو کرمانجی دەزانیو بەچونە قوڵایی ژیانی پڕمەینەتیو ئازاری تاکی کورد، بەوێناکردنی ئازارو چیرۆکەکانی مێژووی جینۆساید، وەکو جۆرنالیستێکی دەربەستو خاوەن دیدگا، خەباتی بۆ کۆی نەتەوەیەک دەکرد، کە ھێشتا لەژێر ھەڕەشەی مەرگو سڕینەوەدایە..!
وەکو جۆرنالیستێکی شۆڕشگێڕ، توندو تیژیی، ژێردەستەییو سڕینەوەی بەرامبەری رەتدەکردەوەو بەوێناکردنو نوسینەوەی دەسەڵاتی فاشیستی بەرامبەر نەتەوەکەمان، حەقیقەتە مێژوییەکانی دەگێڕایەوەو ئامانجی بوو، تاکی کورد، لەکۆتو بەندو سەرکوتکارییەکانی داگیرکاری ئازاد بکاتو بەپەرۆشییەوە، بۆ ھاوتاکردنی ئازادییەکانی تاکی کورد لەگەڵ ئەوانی تردا، تێدەکۆشا.
لیسی، خاوەنی نەبەردییەکی رەخنەگرانە بوو، ئامانجی بوو بۆ رایگشتی ئۆرۆپای بسەلمێنێت، دیکتاتۆریەت، چەپبێ یان راست، ھەر مەزھەبو دەسەڵاتێک بێ، ھەر دیکتاتۆریەتەو جیاوازی نییەو! باجێکی گەورەشی بەخشی، لەخستنەڕووی ئەو دیموکراسییەی، دیکتاتۆرییەتی دەمامکداری ھەرێمایەتی، پەیڕەوی دەکەن! ھەر ئەمەش بوو وایکرد باکوری کوردستان جێبھێڵیو بگەڕێتەوە بۆ باشور.
لەباشوریش، تا ئەوکاتەی بەخوێنی خۆی، خۆشەویستی بۆ کورد سەلماند.. لیسی شمیت، رەنجی بۆ وەئاگاھاتنی دونیای کەپیتالیزم، دەرھەق بەبرینو ئازارەکانی ئێمە دەکێشاو بەڕاستی (ھاوڕێی گەل*) بوو..! کەچی ھەر لەناو ئێمەدا، قەڵەمو کامێراو ریپۆرتەکانی خەڵتانی خوێن کراو بەزمانی کوردی تیرۆر کرا..! ھەربۆیە ھەمیشە ئازاری لیسی لەو خاڵەوە دەستپێدەکات، کە دیکتاتۆریەتو تیرۆری ئەوانی تر نەیکوشت، بەڵکو لەناو ئێمەداو بەدەستی ئەوانە کوژرا، کە لیسی بۆ ئازادبوونیان ئازاری زۆری چەشت..!
لیسی، لەکاتێکدا شەھید کرا، کە وێنای ئازارەکانی نەتەوەکەمانی دەکردو وشە وشە مەینەتییەکانی خەڵکی باشوری کوردستانی لەو قۆناغەدا بۆ رایگشتی ئۆرۆپا دەگواستەوە. لەکاتێکدا، بوێرانە لەپێناو ئازادییو ئازادبون، دیموکراسیو دادپەوەریی ئێمەدا تێدەکۆشا، کوردستانی باشور، شەکەتی پرۆسەی ئاودیوکردنو ئازارو قەتماغەی برینەکانی بەعس بوو..! لەحامییەی سلێمانییەوە، بۆ وێرانەی گوندو شارۆچکەکان، یەک بەدوای یەک، فرمێسکەکانی دەنوسییەوەو وێنەی ئازارەکانی دەگرتو خەونی دونیایەکی جوانترو ژیانێکی شایستەی بەحەسرەتەکانی ئێمە ھەبوو..!
ویژدانێکی زیندووی پڕ تێڕامانو ھەڵوەستە بوو لەسەر مەینەتییەکانی باشورو کوردستانی گەورە. ئەو، تێکۆشا تا نامۆکردنی ناشرینییەکان لەناو ئێمەدا، بکاتە دیاردە..! دەروەستی ژیانی خۆی نەبوو..! لەو ھاوڕێیانەی نەتەوەکەمان بوو، تا شەھیدکردنی، نەترسو ئازایانە، بۆ ئازادی ئێمە تێکۆشا! خاوەن دیدێکی ھیومانی گەورەبوو، دەیویست لەپاش شکاندنی زیندانە گەورەکانی باشور، بەنیشاندانی ئازارەکان، زیندانی ناوەوەی تاکەکانیش بشکێنێ..! بەڵام رێگەمان نەدا، چیتر دەرھەق بەئازارو ناسۆرەکانمان بنوسێتو، لەبری "سوپاس" بەدەستڕێژێک گوللە، وەڵامماندایەوە...!
گەرچی دەبوو، کاتێک ئۆتۆمبێلەکەی کێشەی تێدەکەوێتو لەکار دەکەوێت، بەھانایەوە بچوینایەو ھێزی بەردەوامیمان پێببەخشیایە، تا زۆرتر وێنەی ھەقیقەتی مەرگەساتی ئەو رۆژانەی ئێمەی بگرتایە، بەڵام بەپێچەوانەوە، سەعات (١٢:٣٠)ی رۆژی (٣/٤/١٩٩٤)، ئەو ئانو ساتە بوو، بۆ تێرۆریستان بووە دەرفەتو لەنزیک بازگەی چەناخچیان لەعەربەتو لەتەمەنی (٣٥) ساڵیدا، لێسی ژنە جوامێری دونیای رۆژنامەگەرییو ھاوڕێ پاسەوانەکەی تێرۆر بکەن..!
ھەر بۆیە لەو رۆژەوە، ئازاری دەستڕێژی گوللەی جەستەی لیسی و بەدوایدا رۆژنامەنوسە شەھیدەکانی دیکەی کوردستان، بۆ رۆژنامەنوسانی ئازادو بوێر، ئازارێکە قوڵبی خوێن دەدات! بەڵام ئازاری تێرۆرکردنی لیسی، ھەمیشە لەو خاڵەوە دەستپێدەکات، کە دیکتاتۆریەتو تیرۆری ئەوانی تر نەیکوشت، بەڵکو لەناو ئێمەداو بەدەستی ئەوانە کوژرا، کە لیسی بۆ ئازادبوونیان ئازاری زۆری چەشت..! بەمشێوەیەش لیسی شمیت، دواجار بەخوێنی خۆی، بەھای بەو ئازادیی و دیموکراسییە بەخشی، کە بۆ کوردو نەتەوەکەمانی دەخواست!
ھەربۆیە پێشنیازموایە، ساڵانە کۆنفرانسی لیسی شمیت بۆ ئازادی رۆژنامەگەرییو رۆژنامەوانی لەکوردستان بەڕێوەببرێتو تیایدا، توێژینەوەو بابەتگەلی ئەکادیمی لەبارەی تێما جیاوازەکانی دونیای رۆژنامەگەریی، لەچەند پانێلێکدا بەناوی رۆژنامەنوسە شەھیدەکانی کوردستان، پێشکەش بکرێتو ژمارەیەک لەو رۆژنامەنوسانەش رێزلێبنرێن، کە بەھەق بۆ ئازادی قەڵەمو بۆ ئازادی رادەربڕین، بۆ ئازادی نەتەوەکەمانو تاکی کورد، شەونخونییو حەسرەتدەکێشن..
دروود بۆ لیسی شمیت و ھاوڕێ پاسەوانەکەی..
دروود بۆ وشەو رۆژنامەنوسی راستەقینە...
*(ھاوڕێی گەل) ناوی ھەمان ئەو رۆژنامەیە کە (ژان پۆڵ مارا) یەکێک لە ڕابەرە ڕادیکالەکانی شۆڕشی فەرەنسی دەریدەکردو دواتر بوو بە ڕۆژنامەی کۆماری فەرەنسی.
*بەسوپاسەوە، بەشێک لەزانیارییەکان لەھاوڕێی ئازیز دکتۆر سالار باسیرە وەرگیراوە.
-nrttv