هەڵبژاردنی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان
بورهان شێخ رەووف

لە ژێر دروشمی عێراق هەڵدەبژێریننوێنەرایەتی و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی) هەڵمەتێکی فراونیان دەست پێکردووە بۆ هاندانی دەنگدەرانبۆ ئەوەی بەشداری بکەن و دەنگ بدەن لە هەڵبژاردنی گشتی پێشوەختە لە ١٠/١٠/ ٢٠٢١ .

هەر لەو چوارچێوەدا یونامی ریکلام و دیواربەندی گەورەی هەڵواسیوە لە بەغدادی پایتەخت، بڕیاریشە لە ڕۆژانی داهاتوودا لە شارەکانی تری عێراقیش بڵاویان بکەنەوە ، جگە لە هەردوو زمانی رەسمی عەرەبی و کوردیبەزمانی ئینگلیزیش، کە داوا لە هاوڵاتیانی عێراق دەکات بەشداری هەڵبژاردن بکەن، زیاتر هانیان دەدات کە دەنگەکانیان بە فیڕۆ نەدەن، ئەو مافە دەستووریەی خۆیان بەکاربهێنن بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان و وڵاتەکەیان، چونکە دەنگی ئەوان زۆر بە بەهایە و کاریگەری هەیە بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی .

بۆ زیاتر پێداگیری لەسەر ڕۆڵی دەنگی هاوڵاتیان دەکات، لەوەیە هەندێک هاوڵاتی بێزار بووبێت و گرنگی بە دەنگەکەی خۆی نەدات، یونامی دروشمێکی زۆر کاریگەرو جوان و پڕواتای هەڵواسیوە بە خەتێکی گەورەکە دەڵێت (ئایندەی وڵاتەکەت پێویستی بە دەنگی تۆ هەیە) لەگەڵ دروشمی تریش کە دەڵێت (لە پێناو عێراقدا دەنگ دەدەین)، لە هەمان کاتدا داوا لە هاوڵاتیانی عێراق دەکات کە هاشتاگی (عێراق هەڵدەبژێرین) لە گەڵ وێنەی خۆیاندا لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاو بکەنەوە .

من هەر لەم گۆشەی خۆمەوە لە هەفتەی پێشوو باسی ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکانم کرد لە هەڵبژاردن و ڕاپرسی و چارەسەرکردنی کێشەو قەیرانەکان لەو ڕێگەیەوە بە شێوەیەکی گشتی لەسەر ئاستی جیهان، بەڵام ئەمجارە دەخوازم ڕۆڵی یونامی لە هەڵبژاردنی عێراق باس بکەم چونکە ١٠/١٠/٢٠٢١ هەڵبژاردنێکی گەورە و چارەنووسساز لە عێراق بەڕێووە دەچێت .

چونکە ڕۆڵی نەتەوەیەکگرتووەکان لەم هەڵبژاردنە گشتیەی عێراق زۆر گرنگە بێگومان چ لەسەر ئاستی چاودێری و چ لەسەر ئاستی هەماهەنگی،چ لەسەر ئاستی جێبەجێکردن بە شێوەیەکی گشتی، هەروەها بڕێکی زۆر پارەی تەرخان کردووە بۆ پاراستنی پرۆسەی هەڵبژاردن و پشتیوانی کردنی ،چاودێرانی نێودەوڵەتی ناردووە تاوەکو هاوکاری و کارئاسانی و ڕاوێژ پێشکەش بە پرۆسەکە بکەن ،هەروەها بەشداریشە لە بەگژاچوونەوەی پڕوپاگەندەی نەشیاو دژبە هەڵبژاردن ،هەروەها لە هەوڵی ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی هەڵبژاردنی گشتی عێراق و هەڵسەنگاندنیدایە .

دۆخی نالەباری عێراق مایەی نیگەرانی زۆرە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و یونامی بە تایبەتی و بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵیتیش بە گشتی ، بۆیە زۆر بە جدی لە هەوڵی ئەوەدان پاڵپشت و هاریکاری پرۆسەی دیموکراسی بن لە عێراقدا و بە لێپرسراوێتی مۆراڵی و یاسایی خۆیان هەڵبسن بۆ ڕاستکردنەوەی .

لەلایەکی ترەوە نەتەوە یەکگرتووەکان درکیان بەوە کردووە کە ئەڵتەنەتیفی هەڵبژاردن و دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەستەڵات لە عێراقدا شەڕو بەریەککەوتن و ئاژاوەیە ،چونکە بڵاوبوونەوەی دیاردەی چەکداری دەستی میلیشیاکان دوور لە دەستەڵاتی دەوڵەت و پارەی زۆری گەندەڵی و ماڵی گشتی کە بەدەست هەندێک تاقم و گروپی دەستڕۆیشتووە کە دەکرێت لە هەر چرکەساتێکدا دۆخی ئارامی و سەقامگیری وڵات بکەنە گۆمێک لە خوێن .

لەبەرامبەر ئەم هەوڵانەی یونامی بۆ پشتیوانی هەڵبژاردنەکان هاوڵاتیانی عێراق هەست بە بێ ئومێدییەکی زۆر دەکەن لە ترسی گزی و یارییکردن بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن چونکە لە ڕابردوودا ئەزموونێکی تاڵیان بینیووە لە گەڵ پرۆسەکەدا بە هۆی شکستە یەک لە دوای یەکەکانی حکومەتی عێراق لە هەموو سکتەرەکاندا، بەڵام یونامی نامەو مەسجی دڵنیایی بوون بۆ عێراقیەکان دەنێرێت دەخوازێت هاوڵاتیانی عێراق بەشداربن لە پرۆسەکە و چاندنی متمانە لە نێوان هاوڵاتیان و حکومەتی عێراق ،لەنێوان سندوقەکانی دەنگدان و دەنگدەران بۆ ئەوەی دیموکراسی ڕاستە قینە لە عێراقدا لە ئاکامدا بێتە بوون کە خەباتی مەدەنی و ئارامی دەخوازێت .

لەکۆتایدا شایانی باسە یونامی نێردەو دەستەیەکی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بە گوێرەی بڕیاری (١٥٠٠) ئەنجومەنی ئاسایش نێوە دەوڵەتی دامەزرێنراوە لە ١٤ ئابی ٢٠٠٣ بۆ پێشکەشکردنی کۆمەک و ڕاوێژ بە عێراق .

-nrttv


AM:03:27:07/10/2021