نهێنیەکانی ئەم هەڵبژاردنەتان پێ دەڵێم
سلێمان عەبدوڵا یونس


ئەم هەڵبژاردنە کۆمەڵێک نهێنی و ڕاستی ژمارەیی پێوتین کە گرنگە لای خەڵک و حزب و قەوارە و کاندیدەکان بکرێنە ئەزمون بۆ داهاتو: -

١ – پۆپۆلیزم بێهودە و بێئەنجامە.

٢ – قوتابخانەی زمانی زبر و شەڕەجنێو و بون بە پاڵەوان لەرێگای موزایەدە و چەلەحانێیی ناو میدیاکان لای خەڵک ڕەنگە گوێلێگیراوە، بەڵام هەرگیز پەسندکراو نیە، بۆیە ئاکامەکەی شکست و بایکۆتی میللییە.

٣ – تێزی کوردایەتی وێڕای کێماسییە گەورەکانی بەڵام بۆ هەراجکردن و پشتێکردن و فرۆشتن نیە.

٤ – وێڕای دەرکەوتنی عەیبەکانیان، بەڵام دیسان ئەو هێزانەی مەرکەزیەت و مەرجەعیەتیان هەیە مایەی متمانەی میللین.

٥ – حزبە ڕەسەن و خاوەن ستراتیج ڕۆشنەکان دەتوانن لەدەرەوەی ساختەکاریش ئەنجامی گەورە بەدەسبهێنن.

٦ – خەباتی خەڵکی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم خەباتێکی نەپساوەیە و خەڵکی ئەو ناوچانە بەدەنگیان مورافەعەکەی مام جەلالیان نەک لە کەرکوک بەڵکو لەهەمو ئەو ناوچانە بەرزکردەوە و لەوەش زیاتر دوپاتیان کردەوە کە بست بە بستی ئەو ناوچانە دڵ و قودسی کوردستانە و بە دەنگیان پێویستی پەیامی یەکڕیزی و ڕاستی سیاسەتی چەپکەگوڵەکەشیان چەسپاند.

٧ – پاک و بێگەردی ئەم هەڵبژاردنە و کارایی سیستەمەکە و ئەندازەی سەربەخۆیی کۆمیسیۆن ڕەنگە ببن بەهۆکار بۆ گەڕانەوەی متمانەی خەڵک بە دەنگدان و دەکرێت ببێتە پەنجەرەیەک بۆ دەرکەوتنی ڕوناکی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتودا و تەوژمی کۆمەڵایەتی بایکۆت بەئەندازەیەکی زۆر خاو بکاتەوە.

٨ – حزبەکان بەبراوە و دۆڕاوەوە بە کۆن و نوێوە پێویستیان بە بەخۆداچونەوە و گۆڕانی ڕیشەیی هەیە و زۆرینەی خەڵک لەهەمویان توڕە و نائومێدبون.

٩ – لەهەڵبژاردندا گرنگ نیە تۆ کوڕی کام شەهیدی گەورەی کوردستانی یان هەر ئێستا بوی بە خۆبەخشی نەوەی نوێ، چونکە ئیدی نەک خەڵک بەڵکو کادری حزبەکانیش دەنگ بەڕابردو نادەن و چاویان لە ئێستا و ئایندەیە.

١٠ – ژمارەی دانیشتوانی عێراق ٤٠ ملیۆن و ٢٢ هەزار کەسە لەو ژمارەیە ٢٢ ملیۆن مافی دەنگدانی هەبوە کەچی ژمارەی ئەوانەی دەنگیان داوە تەنها ٩ ملیۆن و ٧٧ هەزار و ٧٧٩ کەسە و ژمارەیەکی گەورە لەوانەش سەر بەهێزە چەکدارەکان و دامەزراوە ئەمنیەکان و موچەخۆرن ئەوانەی دیکەش بەجۆرێک لە جۆرەکان پەیوەستی دارایی و ژیان و قوت و بەرژەوەندیان لەگەڵ حزب و قەوارە و کاندیدەکان هەیە بۆیە دەنگیان داوە.

ژمارە گەورەکە کە دەنگی بایکۆتە هیچ شتێک بەم وڵات و دەسەڵات و هێزانەوە نایبەستێتەوە و نائومێدە لە نیشتیمان و  بێ هیوایە لەئایندەکەی و لەهەمو شتێک بێ بەشە. کەواتە گرنگە پڕۆسەی دیموکراسی واقعی دادپەروەری بەدوادابێت ئەگینا وەک ڕەنگ و بەرامەی گوڵێکی هەڵقرتاوە دوای ماوەیەک سیس دەبێت و دەوەرێت.

خه‌ندان 

AM:02:44:14/10/2021