دەردە کۆشندەکانی میدیای کوردی لە دوای ١٢٤ ساڵ
شاکۆ عوسمان جریدە

سەرەتا یادی ١٢٤هەمین ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردی پیرۆزبێت، لەو رۆژنامەنووسانەی بە راستگۆیانە و بابەتییانە و بە وردی ئەرکی سەرشانیان بەجێ دەگەیەنن و هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن و هاوسەنگی لە پەیامدادەپارێزن، هەروەها قەڵەمەکانیان بۆ بەرەپێشچوونی رەوتی ڕۆژنامەگەری کوردی بەکاردێنن .
لە سەرەتای سەرهەڵدانی رۆژنامەی کوردستان لە لایەن مقداد مدحت بەدرخان و عبدالرحمن بەگی برای یەکەم ژمارەی رۆژنامەکە لە ساڵی ١٨٩٨ لە قاهیرە بڵاوکرایەوە .                      بەمەش سەردەمی نوێ رۆژنامەگەری کوردی دەستی پێکرد و هاوشانی رەوتی رۆژنامەگەری لە ولاتانی جیهان هەنگاوی دەنا هەر لە سەرتادا رۆژنامەکە رێژەیەکی دیاریکراو لێ چاپ دەکرا ،ئەمەش تەنها بۆ کەسانی نوخبەی نێو کۆمەڵگا بووە بە مەبەستی هاندان و هۆشیاری کۆمەڵایەتی و گەیاندنی پەیامی گەلی کورد بووە لەو رۆژگارە سەختەدا بە دنیای دەرەوە.
سەردەمی ئێستای رۆژنامەگەری جیاوازە، بەوپێیەی سەرهەڵدان و پێشکەوتنە زانستی و تەکنەلۆژیەکانی جیهان لە گەشەکردندان ، وایکردووە رۆژنامەگەری کوردی تەنها لە قۆناغی میدیای خوێنراودا نەمێنێتەوە،بتوانێت ساڵ لە دوای ساڵ گەشە بکات و لەگەڵ سەردەمی نوێی پێشکەوتنە میدیایە جیهانیەکان هەنگاوبنێت و سوود لە ئەزموونی میدیای وڵاتان وەربگرێت، قۆناغی نوێ میدیای بینراو و بیستراو و خوێنراو هەروەها میدیای ئەلیکتترۆنیش دەست پێبکات کە ئەمانەش هەمووی بە قۆناغی (میدیای نوێ ) دەناسرێن بەمەش رۆژنامەگەری تەنها لە چوارچێوەی میدیایەکی خوێنراودا نەمایەوە و میدیای بینراو و بیستراو میدیای ئەلیکترۆنی لە سەدەی نوێدا گەشەیان کرد . 
هەرچەندە لە رۆژگاری ئەمرۆدا میدیای کوردی گەشەی زۆر و بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە لە رووی پەیام و تەکنیکەوە، بەڵام هێشتا کۆمەڵێک دەردی کوشندە هەیە کە رٶژ لە دوای رۆژ میدیای کوردی بەرەو دۆڵێکی مەترسیدار دەبات ، بەمەش هەمیشە مەترسی هەیە لەسەر لە ناوچوونی ئەو ئەزموونەی ١٢٤ ساڵ لەمەوپێش سەری هەڵدا، هەموو ئەمانەش دەگەرێنەوە بۆ درووستبوونی ژینگەیەکی ناهەموار کە کاری رۆژنامەوانی رۆژ لە دوای رۆژ تێدا سەخت و دژوارتر دەبێت . 
ئەوەی میدیای کوردی لە رۆژگاری ئەمرۆدا گیرۆدەی بووە کۆمەڵێک دەردی کوشندەی میدیایە یەکێک لەوانە نەبوونی کادری ئەکادیمی لە نێو دەزگاکانی ڕاگەیاندندا، ڕاگەیاندن وەکو زانستێک هەم وەکو دەسەڵاتی چوارەم لە هەر کۆمەڵگەیەکدا، پێویستی بە کەسانی پسپۆر و تایبەتمەند هەیە کە پرۆفیشیناڵ بن و خاوەن بروانامەی ئەکادیمی بن،ئەوکات دەتوانن بابەتییانە و پیشەییانە و راستگۆیانە و ورد و درشت بە خۆگونجاندن لەگەڵ رەوتی بەرەپێشچوون و فراوانخوازی زانستی ڕاگەیاندن و رەوتی میدیای نوێ کاربکەن لە بواری راگەیاندندا،هەروەها کۆتای بەو هەژموونە کوشندەیەی لە رابردوودا هەبووە بهێنرێت،کە هەموو ئەمانە بەرهەمی هەڵەکردن بووە لە بەرێوەبردن و نەشارەزای کۆمەڵێک، کە وایکردووە هەرکەس ئارەزووبکات و یاخوود ئیشێکی نەبێت ببێت بە کادری میدیای و کوێرانە بکەوێتە نێو دنیای ڕاگەیاندن و تەنها بە ماوەیەکی کەم بە خۆی بڵی من ڕۆژنامەنووسم ..!!!               
دەردێکی دیکەی میدیای کوردی، لایەنداری دەزگاکانی راگەیاندنە، بەوپێیەی هەر لە سەرەتاوە هەژموونی حیزبایەتی و مۆرکی حیزبی بوون بەسەر دەزگاکانی راگەیاندندا زاڵ و چەسپاو بووە بۆیە هەتاکو ئێستا مۆدێلی میدیای حیزبی لە نێو میدیای کوردیدا بەردەوامە، تەواوی میدیاکان لە ژێر هەیمەنەی حزب و شەخسدان بۆ بەرژەوەندی تایبەت بەکاردەهێنرێن و لایەنداری لە پەیام و ئەجێندای کارکردنیاندا بە ئاشکرا هەست پێ دەکرێت، ئەمەش بەشێکە لە دەردە کوشندەکەی میدیا کە وایکردووە هەتاکو ڕۆژگاری ئەمرۆ نەتوانرێت میدیایەکی نیشتیمانی بێ لایەن دروست ببێت و هەوڵ بدات لە پێناو بەرژەوەندییە نیشتیمانیەکاندا خزمەت بکات.


دەردێکی تری میدیای، نەبوونی یاسایەکی گشتگیر  کە لەگەڵ رۆژگاری ئەمرۆی میدیایدا بگونجێت و هەموارنەکردنەوەی یاسای ژمارە ٣١ی ساڵی ٢٠٠٧ی رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان کە چەندین کەم و کوری لە یاساکەدا هەیە نەتوانراوە مافی رۆژنامەنووس و ئەرکی دەزگاکانی راگەیاندن بە تەواوی لە یاساکەدا دیاری بکرێت، هەروەها یاساکەش نەبۆتە فلتەرێک لە نێو دەزگاکانی راگەیاندندا کاری پێ بکرێت، بەمەش یاسای رۆژنامەوانی نەیتوانیوە ڕۆڵی خۆی لە رێکخستنەوە و بەدواداچوون و سەپاندنی مافی رۆژنامەنووسان دیاریکردنی ژینگەیەکی فەراهەم بۆ کاری دەزگاکان رێکبخاتەوە، بۆیە کۆی هەموو رۆژنامەنووسان و یاساناسان باس لەوە دەکەن دەبێت یاسای رۆژنامەگەری هەمواربکرێتەوە لەگەڵ دۆخی ئێستا بگونجێنرێت .

نەبوونی میکانیزمێک بۆ چآودێریکردنی دەزگاکانی راگەیاندن لە رووی پەیامەوە هەروەها ڕیگریکردن لە دروستبوونی رێژەیەکی زۆر لە میدیای بینراو و میدیای ئەلیکترۆنی لە ژێر هەر ناو و ناونیشانێکی بە فۆرمی میدیای سێبەر کاردەکەن،خاوەندارێتیان نادیار و شارەوەیە ئەمەش دەردێکی تری رۆژگاری ئەمرۆی میدیایە کە بە جۆرێک وەرگر متمانەی بە میدیا لە دەستداوە چونکە هەرجارەی لە رێگەی میدیایەکی سێبەرەوە هەوڵی چەواشەکاری و بڵاوکردنەوەی هەواڵی فەیک دەدرێت و زانیاریەکان ون دەبن ، هەموو ئەمانەش دەچنە بەرژەوەندی شەخس و بۆ تێکدانی ژینگەی میدیای بەکاردێن .

زۆر دەردی کوشندەی تر هەن کە لە ئێستادا میدیای کوردی پێوەی دەناڵێنێت و بۆتە رەخنەی سەرەکی لە میدیای کوردی، دەکرێت لێکۆڵینەوەیەکی ورد بکرێت و هەموو کێشەکانی میدیای کوردی بخرێتە روو هەروەها بتوانرێت لە هەر دەزگایەکی راگەیاندن-دا گۆرانکاری ریشەیی و ئەزموونێکی نوێ میدیای کوردی بێتە ئاراوە.


AM:04:13:23/04/2022