مانای پرسیارەکانی منداڵان زۆر جار شاراوەیە
هاوژین عەبدولواحید


منداڵان لە جیهانی خۆیانەوە، بە پاشخانێكی هزری و رۆشنبیریی سنووردارەوە پرسیارەكانیان دەكەن، بەڵام وەڵامدانەوەی دروست و چۆنییەتی تێگەیاندنیان ئەركی گەورەكانە، ئەركێكی پڕ لە بەرپرسیارێتی و خەمخۆری، لەبەر ئەوەی ئەگەر وەڵامەكان باوەڕپێهێنەر نەبن یان بە شێوەیەكی هەڵە وەڵام بدرێنەوە كێشەی گەورە لە بیركردنەوە و چۆنییەتی مامەڵەیاندا دروست دەكات و دواجاریش دوور نییە لەو رێگەیەوە زیانی گەورەیان بەربكەوێت.

دایکان و باوکان هەمیشە لە گفتوگۆدان لەگەڵ منداڵەکانیان، هەندێک جار بۆ گەیشتن بە مەبەست سوود لە سەدەها بیرۆکەی سوودمەند دەبینن و بەوپەڕی وریاییەوە مامەڵە دەکەن، بەڵام هەندێکات هەست بە بێزاری و ناڕەحەتی دەکەن، چونکە زۆربەی جار گفتوگۆیەکەیان ناگاتە هیچ ئەنجامێک، ئەم گفتوگۆیانە کەم و زۆر بەمشێوەیە ــ (دەچیتە کوێ) ــ (بڕۆ دەرەوە) ــ (بێدەنگ بە) ــ (منداڵ نابێ پرسیار بکات) ــ (هیچ ….) رێگای نوێی پەیوەندی لەگەڵ منداڵان لەسەر بناغەی رێزگرتنێکی هاوتاو یەکسان و شارەزاییەوەیە، پیادەکردنی ئەم رێگایە پێویستی بە لەبەرچاوگرتنی ئەم بنەمایانەیە: دەبێ لەهەر گفتۆیەکدا رێزی دایک و باوک و منداڵ بەشێوەیەکی یەکسان لەبەرچاو بگیرێت، زۆر کات پرسیاری منداڵ تووشی شۆک یان سەرسوڕمان یان تێڕامانێکی زۆرمان دەکات، ئەوکات بیرکردنەوەمان بۆ لای دوو شت دەڕوات، یەکەم لەوەی ئەوەی دەیڵێت لەچاو تەمەنیدا زۆرە و دووەم چۆنییەتی وەڵامدانەوەکەیەتی، لەم کاتەدا تووڕەنەبوون و بەتوند وەڵامنەدانەوە و سەرکۆنە نەکردن دەبێتە ئەرک، کە هەموو دایک و باوکێک پێویستە لێی وریا بێت، زۆربەی کات مانای پرسیارەکانی منداڵان شاراوەن و دووڕووی تاریک و رووناکیان هەیه، کەسی وشیار و ژیر بەجوانی دیوە رووناکەکە دەبینێت و دەیخەمڵێنێت و لێکدانەوەی بۆ دەکات، بەڵام ئەوانەی تەنها ئەوە دەبینن، دیارە و ئامانجی پرسیارەکەیان لا روون نییە، ئەگەری بەرپەچدانەوە و بێزاری و هەڵچوونی زیاترە، بۆیە بەر لە وەڵامدانەوە دەبێت تێگەیشتنێکی باشت هەبێ و لەبارودۆخی تێبگەیت، نابێت وەڵامی پرسیارەکانیان بە درۆ یان بە ناتەواوی یان بە شێوازێکی دیپلۆماسی ناڕاست بدەنەوە، چونکە منداڵان هەستیارن، ئەگەر بۆیان دەربکەوێت کە ئێوە راستتان پێنەوتوون، بە درۆزنتان دەزانن و بڕوایان پێتان نامێنیت و وەڵامە هەڵەکانیشتان لە ئەمڕۆ و لە ئایندەشدا زیانیان پێدەگەیەنن، ئێوە و ئەوانیش باجی ئەو هەڵانە دەدەنەوە.

وەڵامی کورت و دروست و رازیکەر کارێکی سەخت نییە و پەروەردەکاران دەتوانن بەپێی ئەزموون و خوێندنەوە پەیڕەوی بکەن و سوودی لێوەرگرن کلارا تەمەنی پێنج ساڵەو کاتی ئەوە هاتووە بچێت بۆ باخچەی ساوایان، بەڵام ئەو تا ئەو تەمەنەی بۆساتێکیش لە دایک و باوکی جیا نەبۆتەوە و بەکەشی باخچە نوێیە و سترێسێکی زۆری هەیە، توند دەستی دایکی گرتووە دەپرسێ دایکە (کێ ئەم وێنە ناشیرینانەی کێشاوە؟) دایکی ناڕەحەت بوو بە نیگایەکی سەرزەنشت ئامێزەوە سەیری کچەکەی کردو وتی: باش نییە منداڵ وێنەی ئاواجوان بە ناشیرین لە قەڵەم بدات، مامۆستای باخچە لە رووی شاراوەی پرسیاری کلارا گەیشت و زەردەخەنەیەکی کرد و گوتی: (ئێره جێگای وێنە کێشانی جوان نییه، تۆش ئەگەر حەزدەکەیت دەتوانیت وێنەی ئاوابکێشیت، زەردەخەنەیەکی رازیبوون ئامێز لەسەر لێوی کلارا نیشت، چونکە مانای پرسیاره شاراوەکەی دۆزییەوە، مەبەستی ئەو تەنها ئەوەبوو کە ئەگەر منداڵێک ئاوا بەخراپی وێنە بکێشێت چی لەگەڵدا دەکرێت؟ کلارا بەخۆی وت (ئەم خانمە مامۆستایه ژنێکی چەند باشه! لەدەست ئەو منداڵانە تووڕەنابێت کە بەخراپی وێنە دەکێشن، پێی ناوێت لێی بترسم ئێرە بۆ من شوێنێکی ئەمینە ئەوسا بەدڵخۆشییەوە دایکی ماچکرد و خوا حافیزی لێکرد و بەرەو لای مامۆستاکەی رایکرد تاوەکو یەکەمین رۆژی خۆی لە باخچەی منداڵان دەست پێبکات.


كوردستانی‌ نوێ‌


AM:04:55:25/12/2021