هەڵبژاردن و گرنگی سیستمی پەرلەمانی لە هەرێمی کوردستان
لەیلا عومەر


ئەگەر هیچ پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراو نەیەتە پێشێ، ئەوا ساڵی 2022 دەبێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، کە ئەوەش دەبێتە قۆناغێکی دیکە سیاسی گرنگ و نەخشەی سیاسی هەرێمی کوردستان دەگۆڕێت، دەنگ و سەنگی حزبەکان دەردەکەون و رەنگە ببێتە سەرەتایەکی تر لە پڕۆسەی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان.

لە هەڵبژاردندا چەند کۆڵەکەیەکی سەرەکی هەن بەهۆیانەوە پڕۆسەکە سەرکەوتوو دەبێت لەوانەش؛ هۆشیاری دەنگدەر، سیستمێکی تەندروست، بەشداری زۆرترین رێژەی خەڵک، باش بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە و بانگەشەی هەڵبژاردن و چاودێریکردنێکی وردی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی شەرعیەتی تەواوەتی وەربگرێت.

یەکێک لەو بابەتانەی دەوترا لەم خولەی پەرلەمانی کوردستاندا یەکلایی بکرێتەوە پرسی ئامادەکردنی دەستووری هەرێمی کوردستان بوو بۆ ئەوەی لە راپرسییەکدا دەنگی لەسەر بدرێ، هەوڵ هەبوو و هەیە، بەڵام تا ئێستا دیار نییە ئاخۆ لەم خولەدا پەسند دەکرێت یان بۆ خولی داهاتوو بەجێدەهێڵرێ.

چەندین خاڵی ناکۆک لەسەر مادەکانی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان هەیە بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیی بە سیستمی سیاسیی داهاتووی هەرێمی کوردستانەوە هەیە کە ئایا پەرلەمانی، سەرۆکایەتی یان نیمچە سەرۆکایەتی بێت؟

راستییەکەی هەریەک لەو سیستمانە لایەنی باش و خراپیان هەیە، بەشێکی ئەو باشی و خراپییە پەیوەندیی بە ئاستی هۆشیاریی سیاسی و گەشەپێدانی خەڵک و هێزە سیاسییەکانەوە هەیە، ئەو بنەمایە بۆ دەستووری هەرێمی کوردستانیش راستە و پێویستە مامەڵەیەکی واقیعیانەی لەگەڵ بکرێ.

بە سەرنجدانی ئەو وڵاتانە هەریەک لەو سیستمانەیان هەیە، دەردەکەوێ سیستمی پەرلەمانی گونجاوترین سیستمە ئێستا، دەرفەتی باش بۆ بەشداریی سیاسیی خەڵک و هێزە سیاسییەکان و ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵات و بوونی شەفافییەتی زیاتر و هێنانەکایەی یەکسانی زیاتر و دادپەروەری دەڕەخسێنێ.

هەرێمی کوردستان لە زۆر رووەوە پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام کەموکوڕیش هەن، حوکمڕانییەکی باش دەرفەت دەڕەخسێنێ بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان زیاتر گەشە بکات، هەروەها دەرفەتی یەکسان بۆ بەشدارییەکی کاریگەرانەی خەڵک لە پڕۆسەی سیاسی و ئابووری و بازرگانیدا بڕەخسێنێ، هەڵبژاردنی پەرلەمان و نووسینەوەی دەستوورێکی مەدەنی و جێگیرکردنی سیستمی پەرلەمانی دەبێتە زەمینەی بەدیهاتنی ئەو ئامانجانە و کوردستان زیاتر دەباتە پێشەوە.

كوردستانی‌ نوێ‌ 

AM:04:19:28/12/2021