پەیوەندی ئێمە وشاشەکان!
ئارام سەعید

بینین لەسەرشاشە لەسەدەکانی رابردودا بە سینەما دەستی پێکرد و دواتر تەلەفیزیۆن، پاشان کۆمپیوتەر، ئەمڕۆ شاشەی تەلەفونی سمارت و ئایپاد و کۆمپیوتەر و ئامێرەکانی ڤیدیۆ گەیم بونەتە شاشەی سەرەکی و بەشێکی زۆری ژیانمان بە سەیرکردن و تێرامان لەو شاشانە دەبەینە سەر، ژینگەیەکی نوێی بۆ دروستکردوین و کاریگەریەکانی زۆربەهێزن، لەوە دەرچوە بەتەنها وەک ئامرازێک سەیری ئەرکی ئەو شاشانە بکەین بەڵکو ئاراستەی ژیانی گۆڕیوین و کاردەکاتە سەر بونمان. بەشیکی زۆر لەکاتی ژیانمان دەبەخشینە شاشەکان، خۆمانی بۆ تەرخان دەکەین بەڵام ناتوانین متمانەی تەواوی پێ بکەین،لەهەمانکاتدا دەرچون و پشتگوێ خستنی ئەو جیهانە دیجیتاڵیە ئەستەمە.

 ناوەندەکانی پەروەردە و لێکۆڵینەوە بەجیدی بیر لەوە دەکەنەوە چۆن بڕوانینە ئەم ژینگە تازەیەی تیایدا دەژین، بەردەوام لەسەر شاشەی مۆبایل و کۆمپیوتەرەکانمان یان یاری ڤیدیۆ گەیمەکان بونەوەری تازەو واقیعی تر دەبینین، ئێستا ئێمە زۆر پەیوەستین بە شاشەکانەوە ئەو کۆمەڵگەیەی لەسەر شاشەکانمان هەیە ئەو واقیعە کارمان تێدەکات، بە نمونە ئەو کۆمەڵگەیەی مناڵەکانمان هەیانە لەسەر ڤیدیۆ گەیمەکان، هاوڕێکانیان، شەڕ و ئاشتی و دۆستایەتیەکانیان لەناو ڤیدیۆ گەیمەکان ئایندەی ئەو منداڵانە بۆ کوێ دەبەن؟ ئایا مناڵان ئەو یاریانە دەهێننە ناو واقیعەوە یان هەر لەسەر کۆمپیوتەر و ئامێری یاریەکانیان دەمێنێتەوە؟ چونکە یاریەکانی ڤیدیۆ گەیم کاریگەریان دروستکردوە. ئەو یاریانە بەتەنها وێنەو ڤیدۆیەکی تێپەڕنین بەڵکو کاریگەری قوڵیان هەیە و ئێستا ئاوێتەبوون بەیاریەکان هەیە نەک تەنها سەیرکردن و کات کوشتن. بەکورتی هەندێک دەڵێن" شاشەکان دەستنیشانی ئەوە دەکەن ئێمە کێین و چۆن بیردەکەینەوە و فراوانی و قوڵیی بیرکردنەوەمان نیشان دەدەن کە لە چ ئاستێکدایە"

ئێستا شاشەکان پانتاییەکی گەورە لەژیانمان پێک دەهێنن بەتایبەتی لەلای مناڵان ونەوجەوانان. ئەو گرنگیەی تەکنەلۆژیا دروستیکردوە لە ژیانماندا لەپەرەوەردە و رۆشنبیریدا مایەی پاشەکشی نیە. لەسەر شاشەکان بەرژەوەندی گەورەی ئابوری و بازرگانی وسیاسی هەیە، ئالودەبون پێیەوە زیانەکانی زۆرن، لەکاتێکدا ناتوانین دەستبەرداری شاشە بین چۆن مامەلەی لەگەڵ بکەین بۆ تەمەنە جیاوازەکان رۆڵی دایکان وباوکان چیە؟مامۆستایان دەتوانن چی بکەن؟  

ئەوەی شاشەکان لە کوردستان لەسەر هاوڵاتی دروستی دەکات سەرەڕای کاری زۆر جوان و باش لایەنێکی  تری هەیە کاریگەری دەرونیی خراپی دروستکردوە ئەوەیە چیرۆکی هەڵبەستراو، شیکردنەوەی نادروست، تێکدانی راستیەکان، سەرلێشیواندنی مرۆڤ، دروستکردنی کەسایەتی موزەیەف، جنێو، درۆ هەڵبەستن، هەموو ئەمانە کاریگەری دروست دەکەن و خەڵکێکی زۆر هەیە کە بڕوا بەو چیرۆکانە دەکات و لەجیاتی بەخشینی زانیاری دروست ژیان ئاڵۆزتر دەکات کەئەمەش بەتەنها سیاسیەکان نایکەن بەڵکو سەرمایەدار ورۆشنبیر وهونەرمەندو زۆریتر هەن پەیڕەوی دەکەن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی جەماوەری خۆیان و دژایەتی کردنی یەکتر یان بزنزەکانیان ... وەک چۆن لەناو ڤیدیۆ گەیمەکان و ئەنیمەیشنی سینەماکان کەسایەتی جیاواز هەیە کە لەواقیعدا نین ئاواش هێزگەلێک لەریگەی سۆشیاڵ میدیاوە کەسایەتی ئیفترازی دروست دەکەن. 

سەرەرای ئەمانە لە دونیای دیگیتاڵیدا ئاستی چاودێری و بەرتەسکبونەوەی ئازادی و سەربەخۆیی مرۆڤ کەمتر بۆتەوەو کەم روبەر هەیە بتوانیت بیدۆزیتەوە کە هەموی چاودێری لەسەر نەبێت، بتوانیت بەئازادی گفتوگۆکان بکەین و کەم روبەر هەیە کامێرای چاودێری لەسەرنەبێت... تەکنەلۆژیا رۆژبەرۆژ دورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی دروستدەکات و پەرەبە بازاری ئۆنلاین و گواستنەوەو گەیاندنی شتەکان دەکات بە ئۆنلاین... 

لەمبارەیەوە ستیفان ڤیاڵ نوسەری فەرەنسی دەڵێت" وەکچۆن دۆزینەوەی کانزا و داهێنانی ئامێری هەڵم و خەڵوز بوە هۆی هەڵگیرسانی شۆڕشی پیشەسازی وبەئامێرکردنی بەرهەمهێنان لە دەوروبەری ساڵی ١٨٥١ بەو شێوەیەش تەکنەلۆژیا شۆڕشێکی تری دروستکردوە کە شۆڕشی دیجیتاڵە....

بۆئەوەی ئاستی خێرایی ئەو شۆڕشە ببینین بەتەنها کۆمپانیای ئەپڵ بەنمونە بهێنینەوە لەماوەی دوساڵی ٢٠١٠-٢٠١٢ هێندەی ٢٤ ساڵی رابردوو ئامێری فرۆشتوە کە نزیکەی ٦٤ ملیۆن ئایپاد و کۆمپیوتەری ماکنتۆشی فرۆشتوەو لەوەش زیاتر بەتەنها لە ٢٠١٣ دا ١٢٠ ملیۆن دانەی فرۆشتوە... گەر ئەمە شۆڕش نەبێت چی لێ ناو دەنرێت.. 

 ئێستا لە پشت کۆمپیوتەرەکانەوە کەسایەتی دروست دەکرێت، چیرۆکەکانیان دەگێڕیتەوە، ئەوەی ترسناکە ئەوانە دەتوانن ئەو پاڵەوانانە کۆپی بکەن، چیرۆکەکانیان بگۆڕن، یان بیسڕنەوە، ئەتوانن بیانکوژن.


AM:04:00:30/04/2022