زۆرینە یان تەوافق
ئازاد جۆڵا




میترو, Xendan

عێراقی نوێ  لەسەر بنچینەی ( تەوافق ) دامەزرایەوە ، بەتایبەت  لەپاراستنی مافی  هەر سێ  پێکهاتە سەرەکیەکەی عێراق ، واتە  لە نێوان شیعە ، سوننە ، کورد ، هەر لەسەر ئەم بنجینەیەش  دابەشکردنی هەرسێ  سەرۆکیەتیەکە  وەک نەریتێکی جێگیری  لێهاتوە  سەرۆک  وەزیران  بۆ شیعەو سەرۆک پەرلەمان بۆ سوننەو  سەرۆک کۆمار بۆ کورد.
 
ئەمە  لەجگە لەهەر بڕیارو بابەتێکی گرینگ و هەستیار  جا  لە ئەنجومەنی وەزیران بێ  یان ئەنجومەنی نوێنەران   هەمیشە و زۆربەی  هەرە زۆری  جارەکان  هەر  بەتەوافق  بووە ،  هەر ئەمەش بۆتە  هۆکارێکی سەرەکی  بۆ  ڕوونەدانی شەڕی ناوخۆو  سڕینەوەی  بەرامبەرو  نەگەڕانەوەی  سیستەمێکی خۆسەپێن و دیکتاتۆرو تاکڕەوی  وەکو  سەردەمی  حوکمی سوننەکان لە 85 ساڵی  ڕابردووی پێش پرۆسەی ئازادی لە عێراقدا ،  بۆیە واقیعی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری و ئاستی  ڕۆشنبیری  کۆمەڵگای  هەرسێ پێکهاتەکەو کاریگەری و هەژموونی  وڵاتانی دراوسێ و بەرژەوەندی  زلهێزەکانی جیهان تائێستاش  وا دەخوازێ   عێراق  هەر بەتەوافق  بەڕێوە ببرێ و ماف و خواستەکانی  هەموو پێکهاتەکان پارێزراو مسۆگەر بێت، بۆیە باوەڕبوون و  پەنا بردن  بۆ سیاسەتی  زۆرینەو کەمینە   عێراق  بەگشتی  تووشی ماڵوێرانی و نەهامەتیەکی گەورە دەکات ، بەتایبەتیش  کورد و سوننە زەرەرمەند  دەبن، بەڵام   لە سیاسەتی  زۆرینەو کەمینە لەهەمووان زیاتر  کورد زەرەرمەندی  سەرەکی دەبێت  چونکە  ئەگەر کورد  ئەمڕۆ ببێتە لایەنگیر لە ناکۆکی  نێو ماڵی  شیعە  بەدڵنیایی  بەیانی  یان  دوو بەیانی   بەرژەوەندی نەتەوەیی و مەزهەبی  یان کاریگەری ئێران و  مەرجەعیەت   کۆیان دەکاتەوەو ڕێکیان دەخاتەوە  ئەوکاتە  ئەوان هەموو شتێک  بەزۆرینە  لە حکومەت و لە پەرلەمان  تێدەپەڕێنن و کوردیش ئەوکات  ناتوانێ   زۆرینە ڕەتبکاتەوەو داوای ( تەوافق )  لە بڕیارداندا  بکات ، ئەمە جگەلەوەی  شیعە لەگەڵ سوننەکان  لەسەر زۆر بابەتی  نەتەوەیی  دژی مافی کورد و کوردستان  یەک دەنگ و هاوڕان ، بۆیە   بەهیچ جۆرێک  نابێ کورد  ببێتە لایەنگیر لەناکۆکیەکانی نێو ماڵی شیعەو  بچێتە نێو بەرەی زۆرینەو  دژ بە کەمینە بوەستێتەوە ، چونکە  بڕیارو سیاسەتێکی لەم جۆرە نەک هەر کورتبینییە لە سیاسەتدا بەڵکو خۆکوشتنێکی مسۆگەرە.






 



AM:03:06:22/01/2022