ئەزمونی هەرێمی کوردستان لەگۆڕانکاری ناوچەکەدا
ئه‌ڤین عه‌زیز

گۆرانکاریەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست  بەسەربەخۆی  کورد لە باشوری کوردستان  تەواو نابێ و  بە هەمان هەڵواسراوی شۆرشی شێخ مەحمود و شێخ سەعیدی پیران،  دەهێڵێتەوە چونکە:

- کورد لە باشوری کوردستان خاوەنی گوتارێکی سیاسی یەکگرتوو نیە، وەک دەوڵەت ئەوەی کە هەیە سیاسەتێکی تەسلیم بوون سەر شۆرکردنە بۆ ئەجندای  تورکیاو ئێران  کە لێدانە لە بەرژەوەندی نەتەوەکەمان.

سیاسەت لە کۆنتێکستی   ئەوروپی و ئەمەریکیدا  تەحەدا و سنوردانانە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی نەتەوەو نیشتیمان،  نەک سەرشۆرکردن و تەسلیم بوون، ئەوەی کە   بەرژەوەندی تۆ دیاری دەکا وەک نەتەوەی کورد  ئەمریکی و ئەوروپی نیە بەڵکو ئەوە تۆی کە دەزانی چیت دەوێ و چۆنیش نوێنەرایەتی نەتەوەکەت دەکەی لە هاوکێشەی ئەقلیمی و نێودەوڵەتیدا،  بریمەرلە یاداشتەکانیدا دەنوسێ، بەرپرسە کوردەکان لەبری مافی نەتەوەکەیان تەنها پارەیان دەویست ، هەموومان بیرمانە کە چۆن جەلال تالەبانی  دوای رووخانی سەدام پرسی ریفراندۆمی بە ئەمریکیەکان فرۆشت، خۆشی کرد بە سەرۆک کۆماری عراق و دەوڵەتی کوردی کردە خەونێکی شاعرانە دوای سی هەزار شەهیدی حزبەکەی لە پێناوی مافی چارەی خۆنوسین.  من نمونەی سنوردانانی سوید دێنمەوە کاتێ کە روسیا هەرەشە لە سوید دەکات بەهۆی یارمەتی دانی ئۆکرانیا، سوید هەرچی خوێندکاری روسی هەیە دەری دەکات و مافی مانەوەیان رادەکێشێتەوە بەهۆی مەسەلەی ئەمنی قەومی، هیچ گەشتیارێکی رووسی بۆی نیە بێتە ناو  سوید، هەفتەی جارێک فەحسی بەحری ئوستەشون دەکرێ ئاخۆ   جوڵەیەکی نائاسایی هەیە بەهۆی ژێردەریاییەکەوە، ئاخو ئاوەکە ژەهراوی کراوە بۆ لێدانی ژێرخانی ئابوری. 

جوڵەی هەموو دیپلۆماتەکان دەخرێتە ژێر چاودێری وردەوە، بەڵام سەرانی حکومەتی کوردی  نەک شاریان پڕ کردوە لە سیخوری ئێرانی  تورکی  بەڵکو دەزگاکانی  راگەیاندنیان  خستۆتە خزمەتی داگیرکەرانی نەتەوە و نیشتیمان و خەریکی ژەهر رشتنن لەناو خەڵک.   بە تەحەداوە دەڵێم هەندێ جار دەکەویتە گومانی ئەوەی کە ئەو دەربرینەی هەندێ دەزگای راگەیاندنی کوردی  هی میتی تورکی و ئێرانیە یان دەزگای حزبێکی کوردی. 

زیاد لە نیوەی خاکی کوردستانیان بە میتی تورکی و سوپای پاسداران فرۆشتووە کە زەمانی سەدام جەسارەتی سەیرکردنی سنورەکەشیان نەبووە.

- زۆربەی دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان لە ئێستادا دەعوای سپی کردنەوەی پارە، تاوانی تیرۆر و تۆقاندن، بازرگانی کردن لەگەڵ داعشیان لەسەرە ، لەو وڵاتانەی کە مافی پەنابەری پێداون بەتایبەت ئەمریکا.

بە پێی یاسای ئەو وڵاتانە هەرکەس دەعوای لەسەر بێ بە گومانی تاوانێک هەرگیز نابێ  لە پۆستێکی سیاسیدا بێ و دەبێ دەست لە کار بکێشێتەوە کەچی زۆربەی ئەو دەسەڵاتدارانەی هەرێم  مەسەلەکە بەهەند وەرناگرن و کە ئەمە دەچێتە چوارچێوەیەکی دیکتاتۆری رەها کە  نە رێز لە یاسا دەگرن و نە بەرژەوەندی خەڵکەکەشیان لەبەر چاو دەگرن.

ئەمە باشترین بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە هیزی نێونەتەوەیی لەگەڵ دروستکردنی سەربەخۆیی کوردستاندا نیە کە کۆمەڵێ تاوانبار سەرۆکایەتی بکەن.

- ئەمریکیەکان زۆر هەوڵیان دا  هێزێکی پێشمەرگەی  گەورەی کوردستانی دابمەزێنن  و یارمەتیان بدەن وەک چۆن لە رۆژئاوای  کوردستان هەیە بەڵام پارتی و یەکێتی رێگر بوون  بە هۆی ئەوەی  دەستی تورکیاو ئێران بوون و  ئەمە هۆکارێکە بۆ ئەوەی وەک دەسەڵاتێکی سیاسی و قانونی سەربەخۆ دانیان پێدا نەنرێ، هەروەها بەهۆی  ئەوەی کە پێشتر کۆمەڵێ بەرپرسی حزبی بازرگانی چەک و نەوتی کردبوو لەگەڵ داعش بۆیە ئەمریکیەکان  مخزەنی چەکی پارتی و یەکێتیان  تەقاندەوە بۆ ئەوەی رێگە لە هەڵە بەکارهێنانی بگرن.

بەکورتی دەسەڵاتدارانی   هەرێم   نە لە  خودی هەرێمی کوردستاندا قبوڵ کراون  بۆ ئەمەش گوزەرانی خەڵک  لە ئێستادا بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە. دووەمیش لە ئاستی نێودەوڵەتیدا  وەک   خەتی بەرگری ئێران و تورکیا دێنە ئاژمار نەک نوێنەری راستەقینەی خەڵکی  هەرێمی کوردستان و  بۆیە متمانەی نێودەوڵەتیان نیە وەک دەسەڵاتێکی سیاسی سەربەخۆ کە بتوانێ سنور دابنێ لە پێناوی بەرژەوەندی خەڵک و خاکەکەی.

- تەنها یەک هیوا گەر بۆ هەرێمی کوردستان هەبێ درێژکراوەی ئەزمونی رۆژئاوایە بۆ   باشوری کوردستان ، لەوێ هەموو بنەماکانی دەوڵەتداری،  یاسایی، سیستەمی سیاسی و بوونی خەڵک لە هاوکێشەی  سیاسیدا هەیە،  چون ئەو جۆرە لە سیاسەت و دەوڵەتداری هاوشێوەی کۆنتێکستی رۆژئاوا و ئەمریکیە, یان   دەبێ بەدیلی  نوێ لە باشوری کوردستان  دروست بکرێ .

ئەڤین عزیز/  کردارناس /ستۆکۆڵۆم

AM:01:00:08/02/2024