هەمواركردنەوەی سنووری نێوان ئێراق و توركیا
د.كامه‌ران مه‌نتك

یاخود پڕۆسەی سەرلەنوێ دابەشكردنەوەی كوردستان!؟
خوێندنەوەیەك بۆ هێرشەكانی توركیا بۆسەر باشووری كوردستان
 بەگوێرەی مادەی سێیەمی رێكەوتننامەی لۆزان، بڕیاردا هەردوو وڵاتی ئێراق و توركیا بەیەكەوە رێككەون بۆ دیاریكردنی سنووری نێوانیان، ئەگەر نەگەیشتنە هیچ رێككەوتنیك، بابەتەكە بدەنە دەست كۆمەڵەی گەلان. دوای ئەوە بەگوێرەی رێكەوتننامەی ئەنقەرە هێڵی برۆكسل، وەك سنوورێك دیاریكرا، كە لەسێگۆشەی سوریا- ئێراق- توركیاوە دەست پێدەكات بۆ سێگۆشەی توركیا-ئێراق- ئێران.

توركیا ململانێیی لەسەر ئەوەبوو، كە هێڵی برۆكسلیش بكەوێتە ناو چوارچێوەی وڵاتەكەی و سنووری ئێراق و لە خوار هێڵی برۆكسلەوە دەست پێبكات، واتە هەموو ئەوناوچە شاخاویانە بخاتە سەر توركیا، كە لە باكوری زاخۆوە دەست درێژدەبێتەوە تا دەگاتە مەتیناو لەوێشەوە بۆ باكووری رواندز، واتە رواندز دەكەوێتە ژێر هێڵی برۆكسل. بەڵام دواتر دەمی توركیا بە پشكی 10% نەوتی ئێراق بۆ ماوەی 25 ساڵ چەوركرا و ناچار بوو لەژێر فشارەكانی بەریتانیا بەهێڵی برۆكسڵ رازیبێت.

دوای هەڵوەشانەوەی بلۆكی رۆژهەڵات و دروستبوونی هەرێمی كوردستان، توركیا پێ بە پێ هەنگاوی نا بۆئەوەی ئەو ناوچەیەی پێشتر وەك هێڵی سنووری داوای دەكرد،  بەزیادەوە بە وڵاتەكەی بلكینیتەوە.

لە سەرەتادا نەخشەی دوای نەمانی سیستەمی دوو جەمسەری و قۆناغی تاكجەمسەری ئەمریكی،  وا دەهاتە بەرچاو، كە ئێراق هەڵدەوەشێتەوە،  پڕژەی جیهانگەرایی ئەمریكاش كاری بۆ هەڵوەشاندنەوەو سەرلەنوێ داڕشتنەوەی نەخشەی هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكرد، بۆیە توركیا كاری بۆ ئەوە دەكرد، هەموو هەریمی كوردستان، بخاتە ناوسنووری توركیا، واتە دەتوانین ستراتیژی توركیا بۆ ئەو ناوچەیە لەدوو خاڵی سەرەكی كۆبكەینەوە:

1- گەڕاندنەوەی هەموو ئەو ناوچەیەی، كە لەدوای ساڵانی نەوەدی سەدەی بیستەمدا كەوتە ژێر هەژموونی ئەو، واتە ئەوەی دواتر پێی دەگوترا دەڤەری زەرد بۆ سەرتوركیا تا ئەو خاڵەی، هەژموونی ئێران تیایدا دەستی پێدەكرد، لەبەرئەوەی ئێمە دەزانین دوای راپەڕین و لەرێگای شەڕی ناوخۆوە هەرێمی كوردستان بەسەر دوو ناوچەی هەژموونی دابەشكرا(ناوچەی سەوز) هەژموونی ئێران و (ناوچەی زەرد) هەژموونی توركیا، واتە بەشێكی گرنگ لەویلایەتی مووسڵ بگەڕێنێتەوە بۆ سەر توركیا.

ئەو هەنگاوەشی بە یەكەم شەڕی گەورەی ناوەخۆی كوردی، كە بەناوی حكومەتی هەرێمەوە لەژێر شەرعیەتپێدانی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان لە 5\10\1992 دەستیپێكرد، دوای ئەوە توركیا وردە وردە هاتە پێشەوە، دوا چەقی پڕگاڵەكەی توركیا زینی وەرتێ بوو(مانگی نیسانی 2020)، بۆئەوەی ئەو ناوچەیەی لە سنوورەكانی توركیاوە درێژدەبێتەوە تاوەكو دەگاتە زینی وەرتێ بەیەكەوە ببەستێتەوە.

دەبینین دوای كێشەی زینی وەرتێ، هێرشەكانی توركیا بەدرێژایی ئەو ناوچە سنووریەی لە سنوورەكانی توركیا لە زاخۆوە تا دەگاتە زینی وەرتێ چڕ ترو گەرمتر بووە.

2- گەڕاندنەوەی ناوچەسنووریەكان و هەمواركردنەوەی سنووری نێوان ئێراق و توركیا بۆ خوار هێڵی برۆكسڵ، واتە ئەوەی توركیا لەساڵی (1924-1925) داوای دەكردو دواتر لەژێر كاریگەری خاوەی پشكی 10% نەوتی ئێراق بۆ ماوەی 25 ساڵ، كە تا ساڵی (1925) خایاند، بە خەتی برۆكسڵ رازی بوو.

تا ئێستاش ستراتیژی توركیا لە دەوری ئەو خاڵەدا دەخولێتەوە و دەیەوێت حالەتێكی دیافاكتۆ دامەزرێنێت، بۆئەوەی بەگوێڕەی گۆڕانكاریەكان و هەمواربوونەوەی سیستەمی نوێی جیهان و هاوسەنگی هێزی جیهانی، ئەو بڕیاری خۆی بدات.

دیارە لە ئێستادا ئێمە لەكۆتایی قۆناغێكی ئێجگار هەستیار دەژین و واپێدەچێت هەمدیس سازشەكان لەسەر حیسابی مەسەلەی كورد دەبن، بۆیە توركیا هەنگاوەكانی خێراتركردووە و هێرشەكانی چڕتر كردۆتەوە، دەیەوێت كاتێك رێككەوتن لەسەر داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەكە دەكرێت، ئەو داشی سواربێت و مەرجەكانی خۆی بسەپێنێت، كە ئەمەش لە چەند ئەگەرێك زیاتر بەخۆوە ناگرێت:

1- فراوانبوونی چوارچێوەی شەڕەكان و هەڵوەشانەوەی ئێراق، ئەوكاتە ئەو بەئاسنی دەتوانێت راستەوخۆ كۆنترۆڵكردنی دەڤەری زەردی هەرێمی كوردستان رابگەیەنێت. كە ئەم ئەگەرە لە ستراتیژی ئۆراسی روسیا نزیكترە، كە دەیەوێت شوینەواری قۆناغی مۆدێرنیتەو نەخشەی مۆدێرنیتە دوای جەنگی یەكەمی جیهانی بەتەواوی هەڵبوەشێنیتەوە قۆناغی ئیمپراتۆریاكان، (ئیمپراتۆریای عوسمانی نوێ و سەفەوی نوێ)، كە لەژێر جڵەو هەوساری خۆیدا بن زیندوو بكاتەوە، كە ئەمە بەروونی لە پەیوەندیەكالنی روسیا لەگەڵ هەریەك لەئێران و توركیا بەدیاردەكەوێت، تەنانەت بۆ ئەوەی ئەو دۆخە نوییە بسەپێنیت، كار بۆ ئەوە دەكات هەردوو وڵات لەژێر سەرپەرشتی و كۆدی ئەودا ببنە خاوەنی چەكی ئەتۆمی.

2- ئەگەر بێت و شەڕەكە بوەستێت و لایەنە جیهانیەكان لەسەر ناوچەی هەژموونی خۆیان ریككەون، ئەو كاتە توركیا بەلایەنی كەم  هێلی برۆكسلی خستۆتەوە ژێر دەسەلاتی خۆی و داوای هەموار كردنەوەی سنوورەكانی دەكات بۆ خوار خەتی برۆكسل، وەك ئەوەی لەساڵی (1924-1925) داوی دەكرد. شایەنی ئاماژە بۆ كردنە ئەو خەتە هەموو ئەو ناوچانە دەگرێتەوە، كە ئێستا پارتی كرێكارانی كوردستانی تیا باڵادەستە(سەیری نەخشەی خوارەوە بكە).

دیمەنی كۆی رووداوەكان وانیشان دەدات، كە هاتنەدی پێشبینی ئەگەر دووەم بەهیزتر بێت، لەبەرئەوەی ئێستا جۆرە ریككەوتنێكی هەرێمی هەستی پێدەكرێت بۆ ئەو رەفتارانەی توركیا، لەبەرئەوەی سەرباری ئەوەی توركیا ئەو بەشەی باشووری كوردستانی نەك هەرداگیر دەكات، بگرە وا سووتماكیشی دەكات،  لەكاتیكدا نە ئێراق و نە ئێران و نەهیچ دەوێەتێكی تری رۆژئاوایی نە هیزە ئۆراسیەكان (روسیاو هاوپەیمانەكانی) دەنگیان لیوە نایەت، واتە جۆرە رێككەوتنێك بەدیدەكرێت لەنێوان ئەمریكاو ئەوروپا، لەگەل روس و ئەوانەی لەبەرەی ئەودان، ئەگینا ناچێتە ئاوەزەوە ولاتیكی ئەندام لە هاوپەیمانی ناتۆ، بەوشێوە ولاتیك داگیربكات و تاوانی جەنگ ئەنجام بدات، لیی بێدەنگ بن و هیچ پەرچەكرداریكیان نەبێت، وادیارە ئێراقیش بە ئەگەری دووەم رازیە، چونكە لەماوەی رابردوودا بەشێكی زۆر لە سیاسەتمەدارانی ئیراق راشكاوانە داوای جیابوونەوەی هەرێمی كوردستانیان كردوە بەو نەخشەیەی، كە ئەوان خۆیان دەیانەوێت، واتە بە بێ  ئەو ناوچانەی، كە جێگای داخە بە ناوچە دابڕێنراوەكان و ناوچەی م140 ناو دەبرێت، لەبەرئەوەی ئەوانیش پێیان وایە ئەو ناوچەیە جگە لەكێشە هیچی تری بۆ ئێراق نیە.

تەنانەت واپێدەچێت سەركردایەتی باشووریش بەو دۆخە نوێیە رازی بووبێت، لەبەرئەوەی ئەوان هەمیشە كارتی چوونە پاڵ توركیایان وەك كارتێكی فشار بۆ سەر ئێراق هەژمار كردووە، لەماوەی 30 ساڵی رابردوودا زۆرجار بانگەشەیان بۆ ئەوە كردووە، كە لە ئەگەر باشووری كوردستان بە توركیا بلكێنرێتەوە، زیاتر خزمەتی مەسەلەی كورد دەكات، لەبەرئەوەی بەشێوەیەك لە شێوەكان واتای یەكگرتنەوەی دوو پارچەی كوردستانەوە توركیاش لە ئێراق باشترەو دەوازەیەكیش لەبەردەم كورد بۆ ئەوروپا دەكرێتەوە، كە دیارە ئەمە ساویكەییەكی سیاسی و تنەگەیشتنیكی قوولە لە ستراتیژی دەوڵەتان. جێگای داخی كاركردنی بەشێكی هێزە كوردیەكانیش، بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە گەورەترین سنووری لەگەڵ توركیا هەیە بەو ئاڕاستەیە بووە، تازە خەریكە لە ستراتیژی توركیا تێدەگەن و لێوی خۆیان دەگەزنەوە، بەڵام دوای چی!؟

 شایەنی باسە جگە لە هەمواركردنەوەی سنوور وەك ئەوەی توركییا دەیەوێت، كە واتای قۆناغێكی تری دابەشكردنەوەی كوردستانە، كە ئەمجارەیان سنوورەكان بەشێوەیەكی وا دادەڕێژنەوە، هیچ بواریكی بەرگریكردن بۆ كورد تیا نامێنیتەوە، واتە گەورەترین دۆستی كورد، كە چیاكانە لێی دەسەننەوە، ئەو كاتە چیاكان نەك هەر دۆست نامێنیتەوە بەڵكو دەبنە گەورەترین دوژمنیش، چونكە راستە چییاكان پەسارێكی باشن بۆ بەریگریكردن بەڵام ئەگەر كەوتە بەردەستی دوژمن، رۆڵیكی ریك پێچەوانە دەبینێت و رزگاركردنی ئاسان نیە.

بەم چەشنە قۆناغی دوای ئەو داگیكردنە دەستپێدەكات، كە قۆناغی گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچە سنووریانە، بەمەش لە قووڵایی ستراتیژی دوواوەی بەشەكانی كوردستان پڕۆسەی گۆڕینی دیمۆگرافیاكە دەست پێدەكەن و تورك و عەرەب و خەڵكانی تری ناكورد نیشتەجێ دەكەن، كە پێشتر ئەو گۆڕینی دیمۆگرافیایە تەنیا لەو سنوورانەوە دەگوزەرا، كە دەكەوتە نیوان كوردو دەسەلاتە مەركەزیەكان. كە ئەمەش واتای ئەوەیە كوردستان دەكەوێتە نێو بەرداشی دوو پڕۆسەی گۆڕینی دیمۆگرافیاوە، واتە كوردستان سەرلەنوێ لەخاچ دەدەنەوە.

-drawmedia

AM:06:14:01/06/2021