بەرەو قانونێکی باری کەسێتی لەسەر بنەمای مەدەنی و هاوڵاتیبوونی کوردستانی
د.کاوه محمود

بەشی یەکەمچەمکی باری کەسێتی وپەرەسەندنی1/ سەرەتا پەیوەندییەکانی خێزان بەشێکن لە نەریت وبەها و عورفی کۆمەڵایەتی و بنەمای ئاینی، کە بەساڵەهای ساڵ، کەڵەکەبووە. ئەو پەیوەندییانە کۆمەڵێک کار وکردەوەن مرۆڤ لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا پەیڕەویان دەکات، وسنووری باری کەسێتی ومەسەلەی ڕەوابوونی هاوسەری، و ماف و ئەرکی لایەنەکانی، و شێوازی کۆتایی پێهێنانی، و تابۆ سێکسییەکان، وگواستنەوەی میرات.. هتد دەگرێتەوە.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە پانتاییەکی فراوانە و ناوچەی کوردستانیش دەگرێتەوە، پەیوەندییە سێکسییەکان و شێوازی ڕێکخستن و ڕەوابوونیان، و مەسەلەکانی بنیاتنانی هاوسەری، و کۆتایی پێهێنانی لە ڕێگای تەڵاق وجیاکردنەوەو دەستبەرداربوون وباوێژانەوە یان بە خوایشت جیابونەوە (الخلع)، و گواستنەوەی میرات، و مەسەلەی "سەرپەرشتی” (الولایە)، و سپاردە "وەسیەت” کردن، ومافی دایکێتی وسەرپەرشتی کردنی منداڵان، و بەخێوکردن و خەرجی دان (النفقە)، کۆمەڵێک بابەتی گرنگ و ژیانین کە لە ئاکامی کەڵەکبوونی مێژوویانەی بەهاکان، و تێکەڵبوون و کارتێکردنی شارستانییەکانی ناوچەکە لە یەکتر، هاتۆتە کایەوە. میتیۆلوجیای گەلانی ناوچەکە، و داستانە هەمەجۆرەکان، ودەقە ئاینییەکان، و نەریت و عورفە کۆمەڵایەتییەکان، کۆمەڵێک هیما و بەها سەبارەت بە رێکخستنی کۆمەڵگا بۆ ئەو جۆرە پەیوەندییانە پێمان دەبەخشێت. باسکردنی تابۆ سێکسییەکان لە داستانەکانی عەشتار و گلگامش بەدی دەکرێن.

هەروەها لە کتێبە ئاینیە پیرۆزەکانی لای دانیشتوانی ناوچەکەمان وەک تەورات و ئینجیل و قورئان، چەندین دەق سەبارەت بە رێکخستنی پەیوەندییەکانی باری کەسێتی ڕچاو دەکرێن. باسکردنی ئەم بابەتە، و کۆنترۆڵ کردنی ئەو پەیوەندییانە تەنها لە سنووری دەقە ئاینییە پیرۆزەکاندا نەماوەتەوە.پەرەسەندی کۆمەڵگا و پێداویستییە نوێکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، خوێندنەوەی جیاواز و لێکدانەوەی جۆراوجۆری ئەو دەقە پیرۆزانەی هێناوەتە پێشەوە. ئەم حاڵەتە مەسەلەیەکی ئارەزوومەندانە نەبووە، بەڵکۆ سنوورداربوونی دەقە ئاینییەکان بەرامبەر هاتنەکایەوەی روداوی نوێ، ئەرکی سەرلەنوێ لێکدانەوە وشیکردنەوەی دەقە ئاینییەکانی هێناوەتە ئاراوە. لە کۆنترین شارستانییەکانی ناوچەکەمان، کە بەڵگەکانی پێمان گەیشتوە، رێکخستنی باری کەسێتی لە یاسای حمورابی لە هەزارەی دووەم پێش زایندا، بەدی دەکرێ. لەو یاسایەدا کۆمەلێک ماددە لە شێوازی ماددەی قانونی بە رواڵەتی هاوچەرخ، دارێژراوە. ئەو ماددانە مەسەلەکانی هاوسەری وجیابونەوە، وتابۆ سێکسییەکان دەخەنە ڕوو. بەشێک لەو ماددانە تێکەڵ بە دەقەکانی پەیمانی کۆن (تورات) بووە.

هەڵبەتە ئەمەش بە هۆی ئەوەی کە پەیمانی کۆن لە ماوەی نزیکەی هەزار ساڵ نووسراوەتەوە. جگە لەمەش جووەکان بۆ ماوەیەکی زۆر لە بابل بە دیل گیرابوون، و ئاستی شارستانییە کۆنەکان لە یەکتر نزیک بوون، ئەمانەش لە بواری ڕێکخستنی پەیڕەوەکانی ڕێکخستنی خێزان لەو شارستانییانەدا، هۆکاری ئەو تێکەڵ بوون وکار لەیەکتر کردنە بووە. هەروەها یاسا ئاشوورییەکان (1365ـ910) پێش زاین، ئاماژەیان بۆ کۆمەڵێک ماددەی قانونی سەبارەت بە رێکخستنی بوارەکانی باری کەسێتی لەوانەش مەسەلەکانی هاوسەری وجیابوونەوە و تابۆ سێکسییەکان، کردوە. لە پەیمانی نوێدا (ئینجیل)، بە تایبەتی لە نووسینەکەی مەتتا، و نامەکانی پۆڵس کۆمەڵێک دەق و ڕاسپاردە بەدی دەکرێن، سەبارەت بە مەسەلەکانی هاوسەری و پەیوەندی ژن ومێرد، و تەڵاق و…هتد. هەڵبەتە کوردستان و دانیشتوانی لە گەلانی دیکەی ناوچەکە و شارستانییەکانیان، دانەبڕاوبوون. بەم پێیەش پەیوەندییەکانی خێزان و باری کەسێتی لە کوردستاندا لە گەڵ بوونی تایبەتمەندی خۆی، لە نەریت و بەها و کەلەپوور و دەقی ئاینە جۆراجۆرەکانی شارستانییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی، لەوانەش شارستانییە ئێرانییەکان و شارستانی یۆنان و ڕۆمان کە هەندێ جار بۆ ماوەی درێژ دەستیان بەسەر تێکرای ناوچەکە گرتووە، دانەبڕاوە.

جگە لە بوونی ئاینەکانی جوو و مەسیحی لە نێو خەڵکی کوردستان دا ، زەردەشتی ئاینی سەرەکی بووە.2/ باری کەسێتی لە سەرەتاکانی ئیسلامدا لە ئاکامی شاڵاوی عەرەبە موسڵمانەکان لە دوورگەی عەرەبەوە بەروە وڵاتی میزیوپوتامیا کە کوردستان و تەواوی عێراق دەگرێتەوە، هەروها بەرەو شام کە سوریا وفەلستین ودەوروبەری دەگرێتەوە، هەردوو ئیمبراتوریی فارس و ڕۆمە بیزەنتییەکان کە چەندین ساڵ لە ململانێ دژ بە یەکتردا بوون، بەرامبەر ئەم شاڵاوە نوێ یە خۆیان ڕانەگرت. دەوڵەتی عەرەبە موسڵمانەکان دەستی بەسەر تێکرای ئەو ناوچەیە گرت. دوابەدوای ئەمەش ئاینی ئیسلام بڵاوبۆوە. دانیشتوانی کوردستان خرانە قاڵبی (ڕهل الژمە) وە، لەسەر بناغەی هەڵوێستی (عبدالرحمانی کوری عوف) کە بە خەلیفەی ئەو کاتەی موسڵمانان (عومەری کوری خەتاب)ی راگەیاند، کە لە پێغەمبەری خوداوە بیستوویەتی کە خەڵکی مەجوس وەک (ڕهل الژمە) و خاوەن کتێبە ئاسمانییەکان مامەڵیان بکەن.

بەم جورە خەڵکی کوردستان سەرانەیان (جزیەیان) بە دەوڵەتی ئیسلام دەدا، و لەسەر پەیرەوە ئاینییەکانی خۆیان مانەوە. ئەمەش بواری باری کەسێتیشی گرتەوە، مەگەر ئەو خەڵکانە نەبێ کە چوونە ریزی ئاینە نوێکەوە. پرۆسەی بوونی خەڵکی کوردستان بە موسوڵمان پرۆسەیەکی مێژووی درێژخایەن بوو، و تەنانەت تا کۆتاییەکانی دەوڵەتی ئەمەوی لە شام بەردەوامبوونی هەبووە. ئەو پەرەسەندنە هزریانەی کە فیکری یاسایی ئیسلامی لە چوارچێوەی زانستی (فقە)وە بە خۆیەوە بینی، کارتێکردنەکەی کوردستانیشی گرتەوە، بەڵام کوردستان مەڵبەندی سەرەکی ئەو پەرەسەندنانە نەبوو، بەڵکو لە کەنار و پەراوێزی ئەو مەسەلانەدا بوو.

زۆربەی گفتوگۆکانی بواری (الفقە) مەڵبەندی (حیجاز) و(کوفە)ی گرتەوە. لەو دوو مەڵبەندەدا دوو قوتابخانەی جیاواز لە میتۆدی (فقە) دا، قوتابخانەی (خاوەن فەرموودە)کان لە (حیجاز) وقوتابخانەی (خاوەن ڕاکان) لە (کوفە) هاتە کایەوە. ئەم دوو قوتابخانەیە سەرەرای مەسەلە هاوبەشەکان، بە میتۆدی (فقە)ی جیاواز تەماشای هەڵێنجانی پەیڕەو و بریاری شەرعییان دەکرد، ئەو بریار و پەیڕەوانەی کە پشت بە ئاینی ئیسلام لە بواری یەکلاکردنەوەی کێشەکان لە بەردەم دادگادا یان لە کاتی (فتوا) دان دا، دەبەستێت. هەڵبەتە بەشێک لەو پەیڕەوانە بواری باری کەسێتیشی دەگرتەوە. بۆچوون و پەیڕەوەکانی ئاینزاکان لەلایەن قوتابیانی ئەو دوو قوتابخانە (فقە)ی یە بە تێکرای مەڵبەند وشارنیشینەکانی جیهانی ئیسلامدا بڵاوبۆوە، و زەمینەش بۆ سەرهەڵدانی ئاینزا دیکە بەرپابوو.

تێکرای ئەو ئاینزایانەش بەشێک لە هەوڵ و تێگەیشتنی مرۆڤی ئەو سەردەمە بوو بە مەبەستی تێگەیشتنی تێکستە پیرۆزەکان لە رێگای شیکردنەوە و گەران بە دوای چارەسەری گونجاو، لە سەروویانەوە شیکردنەوەی ئایەتەکانی قورئان بۆ هەڵێنجانی حوکمی شەرعی و رەوا سەبارەت بە مەسەلەکان. هۆکاری کەمی بەشداری خەڵکی کوردستان لە مەسەلە فقهییەکاندا بۆ چەندین هۆی جیاواز دەگەرێتەوە، لەوانە تایبەتمەندی جوگرافییانەی کوردستان کە زۆر هاندەری زانایانی عەرەب لەو بوارەدا، نەبوو، بۆ ئەوەی تێیدا نیشتەجێبن، و کەمی شارەزایی دانیشتوانی کوردستان بە زمانی عەرەبی کە مەرجی سەرەکییە بۆ لێکدانەوەی و شیکردنەوەی دەق و پەیرەوەکان، جگە لە دوورە پەرێزی خەڵکی کورد لە ناوەندەکانی سەرەکی دەسەڵات، بە تایبەتی لە قۆناغە سەرەتاییە سەرەکییەکانی پەرەسەندنی زانستی (فقە) دا.

هەڵبەتە لەو کاتانەشدا کە سەران و ناودارانی کورد نزیک لە ناوەندەکانی دەسەڵات بوونە، ئەوا لە ململانێی ئاینزایی رۆڵی خۆیان بینیوە. بۆنموونە شا سەلاحەدینی ئەیوبی رۆڵی هەبوو لە گۆڕینی مەزهەبی خەڵکی میسر لە شیعەی فاتمییەوە بۆ ئاینزای شافعی، ئەمەش لە ڕێگای پشتگیری کردنی بزووتنەوەی سۆفیگەرییەوە. بۆیە دەبینین ئەوەندەی بایەخ بە بواری سۆفیگەریتی لە کوردستاندا دراوە، بایەخ بە بواری فقە و علم الکلام نەدراوە. ئەوەی لێرەدا گرنگە ئاماژەی بۆ بکەین ئەوەیە کە پەیڕوەکانی باری کەسێتی بەپێ نەریت و عورفەکانی ئەو سەردەمە و بە تێکەڵ بوونی لە گەڵ نەریتەکانی ئاینی ئیسلام و خوێندنەوەی جیاوازی ئاینزاکان لە قۆناغیکی مێژوویدا، گۆرانکاری چلۆنایەتی بەسەردا هات.3/ پەیرەوەکانی باری کەسێتی پەیڕەوەکانی باری کەسێتی، هەر وەکو پەیڕەوەکانی بوارەکانی دیکەی (فقە) پشت بە چەندین سەرچاوە دەبەستێت. لەوانە سەرچاوە سەرەکییەکان کە بە پلەی یەکەم قورئان و بەپلەی دووەمیش فەرموودەکانی پێغەمبەرە. بەشێک لە ئایەتەکانی قورئان باسی پرنسیپی رەوشتی یان بنەمەکان باوەڕهێنان بە یەزدان دەکات. بەشێکی دیکەشی باسی ڕووداوی پێشینان دەکات.

لە یەکەمین سەرچاوەی (فقە) دا کە قورئانە لە کۆی زیاتر لە شەش هەزار ئایەت، ئایەتی تایبەت بە حوکمی شەرعی کە (ایات الاحکام) ی پێ دەڵێن، بەشێکی کەمی ئایەتەکانی قورئان پێک دێنێت، و تەنها نزیکەی حەفتا ئایەت پەیوەندی بە مەسەلەکانی باری کەسێتییەوە هەیە. ئەم مەسەلانەش لە سورەتێکی دیاریکراوی قورئاندا نەهاتووە، بەڵکو لە نێو کۆمەڵێک سورەتی قورئاندا ، بڵاوبونەتەوە و بەدی دەکرێن. پەیرەوکانی باری کەسێتی لە دووەمین سەرچاوەی (فقە) دا ، کە ئەویش فەرموودەکانی پێغەمبەرە، بەدی دەکرێن.

ئەم فەرموودانەش، ووتەکانی پێغەمبەر و کار و کردەوەکانی، و ئەو کار و ڕفتارانەی کە لێیان قایل بووە، دەگرێتەوە. پێغەمبەر لە ماوەی ژیانی خۆیدا ماوەی نەدا فەرموودەکانی بنووسرێنەوە. ئەو فەرموودانە دەماودەم ونەوە دوای نەوە ، لە کۆمەڵگایەکدا کە بناغە رۆشنبیرییەکەی، شێوازی ووتن بووە، گوێزراونەتەوە. یەکەمین نووسراوی فەرموودەکان کە تێکرای فەرموودەکانی نەگرتبووە خۆی، لە سەر داوای خەلیفەی ئەمەوی عومەری کوڕی عبد العزیز کە لە 101ک کۆچی دووای کردووە، کۆکراوەتەوە.شایانی باسە حسین الێدر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەم بابەتە لە سەردەمی عەباسسەکاندا کراوە و، ئاماژە بو کتیبی ئیمام مالک دەکات کە لەم باسەدا ئاماژەمام بۆ کردوە.

هەلومەرجی سیاسی کۆمەڵگای ئیسلامی و ئەو ململانێیەی کە لەسەر دەسەڵات لە ئارادا بووـ (هەروەکو شاهرستانی خاوەنی (الملل والنحل) بە گەورەترین ناکۆکی لە نێو ئومەتی ئیسلام دایدەنێ) ـ بوو بە هۆی ئەوەی فەرموودەکانی پێغەمبەر کە نەنووسراوبوون، لەو ململانێیە بەکار بهێنرێت، و هەر لایەنەک لە سەر بناغەی فەرموودەکان خۆی بە خاوەن ماف بزانێت، و دەسەڵات بە خۆی ڕوا ببینێت. بوونی ئەم جۆرە شێوازە لە بیرکردنەوەیە هاندەر بوو کە نەک تەنها لە بوارەکانی دەسەڵات دا فەرموودەی هەڵبەستراو درووست بکرێت، بەڵکو ئەو فەرموودەیانە دوواتر بواری دیکەش ، لەوانە بواری مەسەلەکانی باری کەسێتی، بگرێتەوە.

کتێبە سەرەکییەکانی بواری فەرموودەکان لە ئاینزای (سوننە) بە شەش کتێبە ڕاستەکە ناوزەند دەکرێن (الست الێحاح)، بەکارهێنانی نازناوی راست بۆ ئەو کتێبانەش ئاماژە کردنێکە بۆ بوونی فەرموودەی دەستکرد و هەڵبەستراو. ئەم کتێبانەش لە سەدەی سێیەمی کۆچیدا کۆکراونەتەوە. کتێبەکان ئەمانەن: ( ێحیح البخاری وێحیح مسلم کە لە 261 هـ کۆچی کردووە وسنن الترمژی 275هـ وڕبی داود 275هـ وابن ماجە والنسائی 307هـ). دووای کۆچی دوایی پێغەمبەر، عەرەبە موسوڵمانەکان بەهۆی تێکەڵ بوونیان لەگەڵ گەلانی دەوروبەر، و حوکمرانی کردنیان لە ناوچە نوێکاندا، دووچاری کۆمەڵێک رووداو بوونەوە کە رێگا و پەیڕەوی چارەکردنی نە لە قورئان ونە لە فەرموودەکاندا نەبووە.

زانایانی بواری (الفقە) درکیان بەوە کرد کە پێداویستییەکانی خەڵک و ڕووداوە نوێکان بێ سنوورە، لە کاتێدا دەقەکان سنوور دارە. ئەمەش وا دەخوازێ کە پەنابەرنە بەر رای تایبەت و داهێنان لە سنووری (ئیجتهاد) کردن، بەمەبەستی گەیشتن بە حوکمی گونجاو کە لە گەڵ پەیرەوە گشتییەکانی ئیسلامدا ناکۆک نەبێت. پێغەمبەر لە ماوەی ژیانی خۆیدا ئەگەری ئەوەی دانا کە مەسەلەیەک بێتە پێش موسلمانان، حوکمدان لەسەری نە لە قورئان، ونە لە فەرموودەکانی خۆیدا نەبێت. ئەم مەسەلەیەش لە فەرموودەیەکی پێغەمبەردا ئاماژەی بۆ کراوە.

پێغەمبەر کاتێک (معاژ بن جبل) وەک دادوەرێک رەوانەی یەمەن دەکات، لێی دەپرسێ: گەر لە دادگا مەسەلەیەک هاتە بەردەمەت بە چی حوکم دەدەیت؟ دەڵێ: بە کتێبی خودا (قورئان). ئەویش پێی دەڵێ ئەی ئەگەر لە کتێبی خودادا ئەو حوکمەت نەدۆزییەوە؟ دەڵێ: بە فەرموودەکانی پێغەمبەری خودا. پێی دەڵێتەوە: ئەی ئەگەر لە فەرموودەکانی پێغەمبەری خوداشدا نەدۆزییەوە؟ معازی کوڕی جبل دەڵێ: بە پێی ڕای خۆم ئیجتهاد دەکەم و بریار دەدەم، و کەمتەرخەمی ناکەم. پێغەمبەر دەست بە سنگی خۆیەوە دەگرێ و پێ دەڵێ: سوپاس بۆ خودا کە نێردراوی پێغەمبەری خودای سەرخستووە، بەو جۆرەی کە پێغەمبەری خودا پێی قایلە.

ئەم فەرموودەیەی پێغەمبەر بەڵگەیەکی گومان لێنەکراوە کە ئاماژە دەکات بۆ ئەگەری بوونی حاڵەتێک یان ڕووداوێک حوکمەکەی نە لە قورئان ونە لە فەرموودەکاندا نەبێت. لەم حاڵەتەشدا دادوەر یان موفتی بەپێی توانای خۆی و لە ڕوانگەی ئیجتهادەوە بریار دەدات، یان رای خۆی دەردەبرێت. گرنگی ئەم فەرموودەیەش لەوەدایە کە ڕێگای بۆ داهێنانی سەرچاوەی دیکەی جگە لەو دوو سەرچاوە سەرەکییە کە قورئان وفەرموودەکانە، خۆش کرد، لە هەمان کاتدا لە دوواییدا زەمینەی بۆ سەرهەڵدانی چەمکی (فەتوا) خۆش کرد.پێغەمبەر (فقە)ێکی کۆکراوەی نووسراوی بۆ موسڵمانان جێنەهێشت، بەڵکو کۆمەڵێک بنەماو پەیڕوە، و حوکمی جۆراوجۆر کە لە قورئاندا بەدی دەکرێت و لەسەردەمی یەکەمین خەلیفەی موسڵمانان بۆ یەکەمین جار ، دووای شەڕی یەمامە، و کوشتنی ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی قورئانیان لەبەر کردبوو، کۆکرایەوە. زیندوویی ژیان سەرچاوەی نوێی بۆ (فقە) هێنایە کایەوە.

ئەم سەرچاوە نوێیە کە پاشتر لە زانستی میتودی فقەدا (علم ڕێول الفقە)، لە کتێبە بەناوبانگەکەی شافعی (150ـ204) کۆچی، کە ناوی (پەیام)ـە (الرسالە)یە، تۆمارکراوە، و ئاماژە بۆ لقوپۆپی دیکەی ئەم بوارە کراوە. هەڵبەتە پێش شافعیش زانایانی دیکەی بواری (فقە)، لە بواری میتۆدی (فقە)دا خاوەنی پرنسیپی خۆیان بوونە ئەگەر تەنانەت لە کتێبێکدا تۆمار نەکرا بێت. لەسەرەتاوە سادەیی ژیان لە دوورگەی عەرەب، ونوێ بوونی ئەزموونی فەرمانرەوایی، وبوونی خەلیفە لە (مدینە) ئاسانکارییەکی ئەوتۆی ئەنجام دا بوو، کە خەلیفە بتوانێ شارەزایان لە هاواڵانی پێغەمبەر کۆبکاتەوە، بە مەبەستی ئیجتهاد کردن لە مەسەلە نوێکان لە ڕێگای (کۆکبوون)ی گشتییەوە، کە زاناکانی میتۆدی (فقە) بە دەستەواژەی (الاجماع) ناوی دەبەن. ئەم ڕێگایە دەکرا لە کاتی حوکمی خەلیفەی یەکەم، وتا رادەیەک لە سەردەمی خەلیفەی دوەوەمیشدا ئەنجام بدرێت. خەلیفەی دووەمی موسڵمانان جوغزەی ئیجتهاد کردنی فراوان تر کرد، و گەیشتە تەنانەت ئاستی ئەو مەسەلانەش کە لە قورئاندا حوکمێکی روون و راشکاوی هەبێت. ئەوە بوو لەسەردەمی فەرمانڕەوای ئەودا حوکمی دەستبڕینی دزی ڕاگرت، هەرچەندە ئایەتێکی قورئان بەروونی سزای دەستبڕینی بۆ دز وەک سزایەک یان سنورێکی شەرعی (حد شرعی)، دەستنیشان کردووە.راگرتنی حوکمی ئەم ئایەتەش لە لایەن خەلیفەوە، لە ڕوانگەی بووونی برسێتی، ونەمانی زەمینەی جێبەجێ کردنی ئەو ئایەتە بوو.

ئەم هەڵوێستەی دووەمین خەلیفەی موسڵمانان کە بە فرەیی لە ئیجتهاد کردندا ناسراوبوو، بواری باری کەسێتی گرتەوە. بۆ نموونە بریاری دا کە سێ بە سێ تەڵاق خستن لە یەک شوێندا، بە تەڵاقی یەکجارەکی و تەواو دابنرێت، کە پێاو مافی گەڕاندنەوەی ژنەکەی نەبێت، مەگەر شوویەکی دیکە بکاتەوە و سەرلەنوێ تەڵاق بدرێتەوە، لە کاتێکدا لە سەردەمی پێغەمبەردا ووتنی سێ بەسێی تەڵاق لە یەک شوێندا بەیەک تەڵاق دادەنرا، و پیاو ژنی خۆی دەگەڕاندەوە، جگە لە بابەتەی پەیوەندیدار بە هاوسەری چیژ وەرگرتنەوە (زواج المتعە)، کەدووەمین خەلیفە قەدەغەی کرد.شایانی باسە ئەم چەمکە واتە فراوانرکردنی ئیجتهاد لە هەندێ حوکمی شەرعی لە سەردەمی خەلیفەکانی راشدیدا، پەیرەو کرا.*توێژینەوەکە بە چەند بەشێک بڵاودەکرێتەوە


-magazhin

AM:05:54:30/12/2020