هەر لە بازنەی شیکردنەوە و لێکدانەوەی مەبەست لە گوتاری بەشێک لە حزبە ئیسلامییە سیاسییەکان سەبارەت بە پاشخانی مێژووی چەمکی ئیسلام دین و دەوڵەتە، دەردەکەوێت کە دابەشبوون و جیاوازی سەبارەت بە چەمکی چۆنیتی حوکم لە ئیسلامدا هەیە و ئەم بابەتەش جێگای ململانییەکی خوێناوی بووە، و لە پرۆسەی ئەم ململانییە مێژووییەدا بە شێوەیکی کردەیی تیۆری خلافەت لای ئاینزاکانی سوننە و تیۆری ئیمامەت لای ئاینزاکانی شیعە درووست بوو.
ئەبوالفتح الشهرستانی(479ـ548ه) خاوەنی کتێبی "الملل و النحل" کە یەکێکە لە زاناکانی ئەشاعیرە دەڵێت: مەزنترین ناکۆکی نێوان ئومەتی ئیسلام لە سەر ئیمامەت بووە، و هیچ شمشێرێک لە سەر بنەمایەکی ئاینی بەرزنەکراوتەوە بە ڕادەی ئەو شمشێرانی کە ململانێیان لەسەر ئەم بابەتە هەبووە.
ـ لە ئەزمونی مێژوویی حوکمرانی لە ئیسلامدا چەمکی دەسەڵات بە بەرژەوەندی و پێوەری دەستەی دەسەڵاتدار بووە و لە ژێر پەردەی بەرژەوەندی کۆ "الجماعە" کە چەمکێکی گشتیی پێشتر داڕێژراو لە دەقی ئاینی قەرئان و فەرموودەکان نەهاتووە، بەڵکو پێوەری بەرژەوەندی الجماعە بریتی بووە لە ڕچاوکردنی بەرژەوەندی هۆز و عەشرەتگەری و هاوسەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتی.
فراوانبوونی ناکۆکی و پێکدادانەکان کە نەدەکرا نیمچە دوورگەی عەرەب زەمینەی لەباری یەکلاکردنەوەیان رێکەوتن دەربارەیان بێت، و هاوکات لە گەل فراوانبوونی دەوڵەتی ئیسلام و بوونی بە ئیمبراتۆریەت، پێوەری هێز بوو بە بنەمای تیۆری حوکمرانی لە ئیسلامدا، و لە نووسینەکانانی زانایانی بواری فقە لە چوارەمین سەدەی هیجریدا دەردەکەوێت.
ـ یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی بواری ڕەوایی دەسەڵات بوونی ناکۆکی نێوان سوننە و شیعە سەبارەت بە مەشروعیەتی دەسەڵات، و لە واقیعدا ڕووداوا و ململانییەکان و هاوسەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەم بابەتەی یەکلایکردۆتەوە. زانایانی دەسەڵات لە بواری فقەدا بە جۆرێک کاریان کردوە کە دەقە ئاینییەکان و شێکردنەوە بۆیان بە جۆرێک بێت کە لە گەڵ ئاکامی کۆتایی ململانێکان لە سەر دەسەڵات بگونجێت و مەشروعیەت بە براوە بدرێت. بۆیە دەبینین کە بە درێژایی مێژووی ئیسلامدا چەمکی ڕەوابوونی دەسەڵات و ئیمامی حەق لە نێوان دسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن جێگای مشتومڕ و ناکۆکی بووە، و هەر یەک لەو دوو لایەن پەنایان بۆ دەقی ئاینی بردوە.
ـ ئەگەر شورا بە بەشێک لە چەمکی سوابتی ئیسلام لە دەستووردا بژمێردرێت و بۆ هاوسەنگیش پرنسیپەکانی دیموکراتی وەک بڕگەیکی تەواوکەر وەک ئەوەی لە دووەمین مادەی دەستووری عێڕاقدا هاتووە دابنرێت، ئەوا لە بەراووردکردندا دووچاری دوو چەمکی ناکۆک دەبینەوە. لە ڕێڕەوی مێژوویدا جیاوازی چلۆنایەتی نێوان ئەو دوو چەمکە هەیە. شورا میکانیزمی ملکەچکاری و ئیلزامی بۆ حوکمران درووست ناکات و توانای نوێبوونەوەی نییە، لە کاتێکدا دەسەڵات دەبێ ملکەچی بڕیاڕی دیموکراسی بێت، کە چەمکێکە توانای نوێبوونەوە و دەوڵەمەندکردنی هەیە و لە چوارچێوەی بابەتی زۆربە و کەمایەتی نەماوەتەوە و لە میانەی پەرەسەندنیدا کۆمەڵێک مافی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و مەدەنی و کەلتووری بە خۆوە گرتووە.
ـ لە ئەزموونی مێژوویی حوکمرانی لە ئیسلامدا جۆرە ناکۆکی و نەبوونی ڕێکەوتن نێوان ئاینزاکان سەبارەت تیۆری حوکمرانی هەیە و ئەگەر ئەم تیۆرەش لە چوارچێوەی بوونی شەریعەت بە سەرچاوەی سەرەکی یاسادانان و ڕەهەندی سوابت دابنرێت، ئەوا ناکۆکی و دژایەتی لە گەڵ چەمکی هاووڵاتیبوون وەک بنەمایەکی دەوڵەتی هاوچەرخ و یاسادانان درووست دەبێت.
دانانی هەر ئاینێک یان سوابت تیایدا وەک بنەمایەکی سەرەکی یاسادانان لە دەستووری هەرێمی کوردستان ڕێگا خۆشکەرە بۆ هێزی پارێزگاریخواز و هێزی ئیسلامی سیاسی توندڕەو کە بە پێی میتۆدێکی سەلەفی ئاراستەی ئەرکی یاسادانان لە کارەکانی پەرلەماندا ببەن، و لەو کاتەشدا دەبێ چاوەڕوانی ئەوە بکەین کە جۆرە پرۆژەیک لە بواری یاسای سزادان یان بواری جزیە و بابەتی دیکە کە تا ئێستا لە کتێبە کۆنەکانی فقە لە ئاینزا جیاوازەکاندا ماون و لە پەیمانگا و کۆلیجەکانی شەریعەت خوێندکاری پێ پەروەردە دەکرێت، پێشکەش بکرێت. لە ڕەوشێکی ئاوەهاشدا کە پشت بە توندترین ڕێباز لە ئسوڵی فقەدا ببەسترێت، ئەوا زۆربەی جەماوەری گەلەکەمان جگە لە چوارچێوەدانی کۆمەلگا و زەوتکردنی ئازادییەکانی تاک و مافەکانی ژنان و پێشێلکردنی چەمکی هاووڵاتیبوون کە لە سەرووی چەمکی ڕگەز و نەتەوە و بیروباوەڕ و ئاینەوەیە، شتی دیکەی لە ئەزمونی سیاسی کوردستاندا، دەست ناکەوێت.
ـ پرسیاری سەرەکی لەم بوارەدا بریتییە لەوەی ئایا دەکرێ گرفتەکانی کۆمەڵگای هاوچەرخ لەوانەش کۆمەڵگای ئێمە لە ڕێگای گەڕاندنەوە بۆ جۆرە دەقێک کە بەرهەمی کەلتور و ژینگەیەکی جیاوازە لە کۆمەڵگای کوردەواری، یان لە ڕێگای گەڕاندنەوە بۆ ئەو دەقانەی کە لێکدانەوە و شیکردنەوە بۆ ئەو دەقانەی پێشتر دەکات، چارەسەری گرفتەکانی کۆمەڵگا و ژینگەی ئێمە بکەن کە ماوەی نێوانیان زیاتر لە هەزار ساڵە؟!
دەبی دان بەوەدا بنێن کە گرفتەکانی ئەمڕۆ هەمان گرفتەکانی کۆمەڵگای پێشینان نییە، و لە هەمان کاتدا ئەو پێوەرانەی کە پێشینان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەکاریان هێناوە و ژیانی خەڵکییان رێکخستووە، ناکرێَ ببێتە پێوەر بۆ چارەسەرکردنی گرفتە هاوچەرخەکان، کە پێویستیان بە پێوەری هاوچەرخە وەک بەرهەمی سەرجەم شارستانییەکان و کەلتووری مرۆڤایەتییە لە جهانێکی وابەستە بە یەکتر، کە ناکرێ بیروباوەڕی ئازاد بەند بکرێت و پاسەوانی بۆ دابنرێت.
ـ ڕۆڵی کۆمەڵایەتی ئاین لە وڵاتی ئێمەدا لە ڕەوشێکدا کە ناکرێ بە سپی یان ڕەش پێناسەی بکەین. ئەم رۆڵە پەیوەستە بە بۆچونەکانی هێزی ڕەوتی ئیسلامی سیاسی و هێزە سیاسییە نەتەوەی و دیموکراتییەکان و لە هەمان کاتدا پێویستی بە لێکدانەە و شیکردنەوەییەکی زانستی قوڵی ڕۆڵی ئاین لە کەلتووری تاکدا هەیە کە بەندە بە سروشت و ئاستی پەرەسەندنی ئابووری و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵدا.
لێرەدا گرنگە جیاوازی نێوان ئاین وەک بەرهەمێکی کەلتووری و شارستانی و کەلپوور و پێداویستی دەرونی بۆ تاک بکەین لە گەڵ هزری ئاینی کە نموونەیەک بۆ دەسەڵات دەخاتە ڕوو و کار بۆ چوارچێوەدانان و بە ئیسلامیکردنی کۆمەڵگا وەک سەرەتایەک بۆ بە ئیسلامیکردنی دەوڵەت دەکات، و هێزی ئیسلامی سیاسی پێک دهێنێت کە دەستەواژەیەکە هێز و حزب و لایەنە ئیسلامییەکان پێی قایل نین.
لە کاتی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان کە بەشێکە لە ململانێی سیاسی ناوخۆیی و لە گەڵ نەیارەکانیشمان لە بەغدا و تاران و ئەنکرا، گرنگە ئاین بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان بەکار نەهینرێت، و ئەمەش پێویستی بە جیاککردنەوەی ئاین لە سیاسەت و لە بەرێوەبردنی حوکمرانی هەیەِ، و ڕۆڵی ئاین لە چوارچێوەی پێداویستییە روحی و دەرونییەانی تاک بمێنێتەوە .