جگە لە پاراستنی ئازادی رۆژنامەگەری بژاردەی دیکە لە ئارادا نییە
د.کاوه محمود

ئازادی رۆژنامەگەری بشێکە لە ئازادی ڕادەڕبڕین کە بنەمایەکی سەرەکی مافی مرۆڤە و لە سەرجەم بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤدا جەختی لە سەر کراوەتەوە. بە هەمان شێوە پاراستنی ئەم ئازادییە یەکێکە لە هۆکارەکانی سەرکەوتن لە پرۆسەی گەشەپێدانی بەردەوام و دابینکردنی چاودێری جەماوەری وڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.
یۆنسکۆ ڕۆژی 3ی ئایاری هەموو ساڵێکی بە ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەری داناوە. مەبەست لەمەش ئاگادارکردنەوەی حکومەتەکانە بۆ ڕێزگرتن لەم ئازادییە، و سازدانی زەمینەی لەباری پاراستنی، و دەستنیشانکردنی پێشێلکاری و ئاڵنگاری ئەم بوارە. بەهەمان شێوە ئەم ڕۆژە ئاگادارکردنەوەیکی ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانە سەبارەت بە بابەتەکانی ئازادی و ڕەوشتی ڕۆژنامەنووسان و بەرپرسیاریان.
گەر ئەم ئاراستەیە بۆ سەرجەم کاری رۆژنامەگەری و میدیایی لە جیهاندا گرنگ و پێویست بێت، ئەوا بە نیسبەت کوردستانەوە گرنگ ترە.
قۆناغی تێکۆشانی رزگاری نیشتمانی و قۆناغی تێكۆشان بۆ دیموکراسی و پاراستنی مافی مرۆڤ لە کوردستاندا، پێویستی بە دوو لایەنی گرنگی بابەتی کاری رۆژنامەکاری هەیە. بابەتی یەکەم ئازادی، و بابەتی دووەم بەرپرسیارییە.
دابینکردنی مەرجەکانی ئەم دوو لایەنە پێویستی بە لابردنی سەرجەم کۆسپەکان لە بەردەم ئازادی رۆژنامەگەری و کاری میدیایی هەیە، و دەبی لە گەڵ پێدانی زانیاری ڕاست و درووست هاواتا بێت، و ئەم ئەرکەش ڕووبەڕووی دەسەڵات دەبێتەوە، و لە هەمان کاتدا بەرپرسیاری سەبارەت بە ڕەوشتی کاری ڕۆژنامەگری و ئەرکە کۆمەڵایەتییەکان تەواوکەری لایەنەی یەکەمە.
ئەرکی میداکاران خۆپاراستنە لە هەواڵی درۆهەڵبەستن و چەواشەکاری، و بوون بە بڵندکۆیی کۆمپانیاکان و سەرمایەداران بەتایبەتی لە کاتی هەڵبژاردنەکان و بوونی قەیران و کێشە کۆمەڵایەتییەکان.
کۆمەڵگا پێویستی بە پەیامی لۆجیکی میدیا هەیە، کە ببێتە هۆی سەقامگیری کۆمەڵایەتی و پاراستنی ئاسایش و بەیەكەوە ژیان و بەرپەچدانەوەی گوتاری بوغز و قینە، و داکۆکیکردن لە بەها مرۆییەکان.
ئەم ئەرکانە ڕووبەڕووی سەرجەم رێکخراوە مەدەنییەکان و ڕای گشتی پێشکەوتنخواز دەبێتەوە، کە هاوکار بن لە گەڵ رۆژنامەنووسانی خاوەن هەڵوێست بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو دۆخە پۆپۆلیستی و ئەنارشیزمەی بۆتە هۆی تێکەڵکردنی دروو و ڕاستییەکان، و ئامادەکردنی وەڵامی سادە بۆ پرسیارە ئاڵۆزەکان، و لە کۆتاییشدا لە بەرژەوەندی بەردەوامبوونی چەوساندنەوە و زەوتکردنی ماف و چەواشەکردن و سەپاندنی ئاراستەی دیکتاتۆری دەبێت.
ئازادی ڕۆژنامەگەری بریتییە لە پاراستنی ژیانی رۆژنامەکاران و میدیاکاران و فەرامۆشنەكردنی زەمینەی لەباری کارکردنی ئازاد بۆیان، و بڕیاڕدانی یاسای دیموکراسی  گونجاوی کاری میدیایی و رێکخستنی کاری سۆشیال میدیا، و تەواوی ئەم بۆچونەش لە چوارچێوەی ئاراستەی درووشمی سەرجەم ڕاستییەکان بۆ جەماوەر دابین دەبێت.


AM:01:27:10/05/2022