سەروەری عێراق لە نێوان پڕۆپاگەندەی ھەڵبژاردن و چەرخی مقاوەمەدا
فرمێسک عوسمان

لەدوای جەنگی ئازادی عێراق لە ساڵی 2003، پرسی سەروەری عێراق هەمیشە جێی باسوخواسی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق و هێزو لایەنە سیاسییەکان بووە، بەجۆرێک لە چەندین ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە سوونە و شیعەکانەوە بەشێوازی چەکداریش ڕووبەڕووی هێزە دەرەکییەکانی وەک ئەمریکا و هاوپەیمانان بوونەتەوە، بە ناو پێشێلکرنی سەروەری خاکی عێراق.

زۆرجار هەندێک لە بەرپرسانی باڵای عێراق و لایەنە سیاسییەکان ڕەتی دەکەنەوە کە عێراق ببێتە گۆڕەپانی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران یاخود دەوڵەتە خاوەن نفوزەکانی ناوچەکە، وەک ئاماژەدانێک بۆ دەستوەردان و بوونیان لە عێراق، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی پرسی سەروەری پەیوەست نەکراوە بە یەک ئامانجی نیشتمانی عێراقی و زۆرجار فۆڕمەکەی تەنها لە دژایەتیکردنی ئەمریکاوە دیارکەوتووە، بە تایبەتی لە دوای کوشتنی قسم سولەیمانی و ئەبوو مەھدی موھەندیس.

دیارە قسەکردن لەسەر سیادەی عێراق و بە گەڕانەوە بۆ مێژووی پاراستن و شکاندنی ئەم سیادەیە و واقعی ئێستا زۆر ھەڵدەگرێت، چون بە ئێستاشەوە دەبینرێت کە عێراق لە ھەرێمی کوردستان و باشووریشەوە دەستدرێژی بۆسەر سەروەری خاکەکەی بەردەوامە و ئەم پرسە هەر تایبەت نییە بە ململانێ و دەستوەردانی ئەمریکا و ئێران لە پرسە ناوخۆییەکانی عێراق، هەروەک ڕۆژانە دەبینین فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆردومان دەکەن و چەندین  بنکە و بارەگای سەربازیشیان هەیە. 

لە دەسپێکی ساڵی نوێی و لەگەڵ ساڵیادی کوشتنی قاسم 
سولەیمانی و موهەندیس، پرسی سەروەری عێراق جارێکیتر بووەتەوە بە باسێکی گەرمی گۆڕەپانی سیاسی لە عێراق. میلیشیا شیعەکان کە خۆیان بە بەرەی مقاوەمەی عێراقی بۆ پاراستنی سەروەری خاکی عێراق وەسف دەکەن، جگەلە لێدوانی سیاسی سەبارەت بە پاراستنی سەروەری عێراق، لە ژێر ھەڵمەتی (الشهادە و السیادە) شەھیدبوون و سەروەری، دژایەتی و هەڕەشەکانیان دووبارە کردەوە بەرامبەر بوونی سیاسی و سەربازی ئەمریکا و ھێزەکانی ھاوپەیمانان، کە بە پێشێڵکردنی سەروەری لەقەڵەمی دەدەن. بەڵام لێرەدا ئەوەی جێگەی ھەڵوەستە لەسەرکردنە ئەوەیە کە ئایا پاراستنی سەروەری خاکی عێراق تەنھا داواکارییەکە دژی بوونی ئەمریکا لە عێراق؟ یاخود ئایا لە فەلسەفەی گروپەکانی بەناو مقاوەمە و حەشدی شەعبی له پاراستنی سەروەریدا ووڵاتانی دراوسێی وەک ئێرانیش دەگرێتەوە؟ 

بێگومان نەخێر، بۆ نمونە لە ساڵیادی کوشتنی قاسم سولەیمانی، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی BBC ی عەرەبی، هیشام داود، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەو ڕاستیانەی خستەڕوو کە چۆن قاسم سولەیمانی خۆی بە خاوەنی عێراق زانیوە و بە ویستی خۆی و بەبێ گوێدان بە سەرەوەری خاکەکەی ھاتووچۆی کردووە! بەڵام لە دوای کوژرانی و دانانی ئیسماعیل قائانی وەک جێگرەوەی، حکومەتەکەی کازمی بۆیەکەمجار داوای لە ئێرانییەکان کرد  بە ڤیزا داخلی عێراق بن. ھەرچەنە ئەم قسانەی ھیشام داود ڕاستییەکی شاراوە نەبوو بۆ ھەمووان، ئێران گۆڕەپانی نائارامی سیاسی عێراق بۆ مەرامە سیاسی و ئابوورییەکانی خۆی بەکاردێنێت، بەڵام لایەنەکانی بەناو مقاوەمەی عێراقی و حەشدی شەعبی بە ئاشکرا ھەڕەشە لە راوێژکارەکەی کازمی دەکەن تا ڕادەی کوشتن، لە وجودی دەسەڵاتی دەوڵەتدا! ئەمە ڕوونی دەکاتەوە کە سەروەری عێراق نەک تەنھا بابەت نیە بۆ میلشیا شیعەکان و بەشێک لە سیاسییەکانیان، بەڵکو زیندوکردنەوەی پرسی سەروەری بۆ خاڵیکردنەوەی ئەو توڕەییەیە کە بەرامبەر ھەر ھێزێک ھەیانە مەترسی بێت بۆ  سەر ئێران و بە تایبەتی لە دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی.

جگە لە ساڵیادی کوژرانی سولەیمانی، ئەتوانین بڵێین زیندوکردنەوەی ئەم باسە و تێکەڵکردنی لەگەڵ ساڵیادەکەدا،  بۆ بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان بریتییە لە پڕۆپاگەندەی ھەڵبژاردنی پێشوەخت کە بڕیارە ئەمسال لە عێراقدا ئەنجام بدرێت. ئەو لایەنە سیاسیانەی زۆر جەخت لەسەر سەروەری عێراق دەکەنەوە ھەر ئەوانە بوون پەلکێشی بێگانەیان کردوە بۆ دەستێوەردان لە بچوکترین کاروباری دەوڵەتی عێراق، بۆ نمونە نوری مالیکی لە نوسینێکدا بە ناونیشانی "قەیرانی سەروەری خاکی عێراق و ڕێگاکانی چارەسەرکردنی" خۆی وەک پاڵەوان و تاکە سەرکردەی عێراقی پیشاندەدات کە تەنھا لە سەردەمی حوکمڕانی ئەودا عێراق شکۆی سەروەری بۆ گەڕاوەتەوە، وە ڕەوایی دەدات بە بوونی ئێران لە عێراقدا بە ناوی پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەیان! بە جۆرێک کە ئێران لە خاکی عێراقدا بەرگری لە ئاسایشی خۆی دەکات لە ھەڕەشەکانی ئەمریکا. لەبەرامبەردا، بوونی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی وەک سعودییە وئیمارات لە عێراق بە شکاندنی  سەروەری خاکی عێراق پێناسە دەکات.

ئەم دۆخەی کە ئەمڕۆ لە عێراق دروست بووە مەترسیدارە، بە شێوەیەک کە ئاشتی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە ژێر ھەڕەشەی چەرخ و ئاگردایە. ئازدی ڕادەربڕین سنوردار کراوە بۆ بەرژەوەندی ئاڕاستەک کە باڵادەستی هێزیان لە گۆڕەپانی سیاسییدا هەیە و ملکەچیش نابن بە بڕیارەکانی دەوڵەت و خۆیان بە بەرزتر لە دامەزراوە فەرمی و یاساییەکان دەبینن. ئێستا بەوجۆرە هەڵسوکەوت دەکەن بە ئاشکرا دەریدەخەن ئەگەر هەر کەسایەتی و لایەنێک دژی بەرژەوەندییەکانی ئەوان یاخود بەرژەوەندییەکانی ئێران بێت، ئەوا سەروەرییان پێشێل کردوەو چەرخەکانیان ئامادەیە بەزووترین کات بگاتە بەردەم ئەو شوێنەی مەبەستە بۆ ئاگردان. 

لە بەرامبەریشدا ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە کشانەوەی حکومەتی عێراقە لە هەڵوێستەکانی لەبەردەم ھەڕەشەکانی ئەو گروپە چەکدارانە کە پرسی سەروەری بۆتە باسی ھەموو ڕۆژیان. لەلایەکی دیکەوە، حکومەتی عێراق لە بری سنوردانان بۆ ڕەفتار و هەڕەشەکانیان، ملکەچ دەبێت و وەک ھێزێکی بێدەسەڵات لە ئاستی داواکارییەکانیان مامەڵە دەکات، وە لەبری کۆتایی پێهێنان بەم دیاردەیە، بۆ ڕاکێشانی سەرنجی ڕای گشتی لەڕێی سزادانی عێراقییەکانەوە کێشەکە چارەسەر دەکات، بۆ نمونە سزادانی ڕاوێژکارەکەی سەرۆکایەتی وەزیران.

پاراستنی سیادەی عێراق بەم ڕێگایە کە میلیشیاکان و بەشێک لە شیعەکان داوای دەکەن، مەحاڵە، بەڵکو پێویستە جارێکیتر داڕشتنەوە بۆ پێناسەی ڕیزگرتن و پاراستنی سەروەری عێراق بکرێت. ئەوەی ئێستا بەدی دەکرێت بەناوی بەرگری و پاراستنی سەروەری عێراق، پرسێکی نیشتیمانی نییە و لە بەرژەوەندی عێراقیشدا نییە بەڵکو دەچێتە خانەی خزمەتکردن بە ئەجێندایەکی سیاسی و بەرژەوەندی تایبەتی چەند لایەن و دەوڵەتێکی دراوسێ، کە هەموو دەنگ هەڵبڕین و خەمییان بۆ پاراستنی نفوزی سیاسی و باڵادەستی سەربازی و سەرچاوەکانی داهاتیانە لە هاوکێشەی سیاسی و شەقامی عێراقیدا. 

ئەمڕۆ، بۆ عێراقییەکان نەبوونی ناسنامەیەکی یەکگرتووی نیشتمانی و مانەوەی ڕەگی رق و کینەی ڕابردوو  پاراستنی سەروەری دەکاتە مەحاڵ، چون ھەتا ئێستاش پرسی بۆردومان و  بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە ھەرێم بۆ عێراق  بابەتێکی جدی نیە، وە بە پێچەوانەوە، سەروەری عێراقیش بۆ کورد نەبۆتە پرسێکی نیشتمانی. عێراقییەکان ئەو کاتە دەتوانن سەروەری بپارێزن ھیچ لایەنێکی سیاسی و ئاینی و نەتەوەیی بازنەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان تینەپەڕێنن بۆ پاراستنی ھەژموونی حزبی و ڵاتانی دیکە، چ جا وڵاتێکی دراوسێ بێت یان نێودەوڵەتی.

-xendan


AM:05:52:09/01/2021