رۆژنامەنووسانی کورد و نەبوونی‌ خولی راهێنان
ھێمن حەسەن

نەبوونی‌ خولی راهێنان و گەشەپێدان و ئەبدەیتکردنەوەی‌ رۆژنامەنوسان و میدیاکاران لەئەمڕۆدا بووەتە کێشەیەکی‌ دیکەی بەردەم رۆژنامەنوسان و دەزگاکانی‌ راگەیاندن، ئەم کێشەیە زۆر جار بە گرتن و دادگاییکردنی‌ رۆژنامەنوسان کۆتاییهاتووە، بۆ ئەمەیان دەزگاکانی‌ راگەیاندن خۆیان بەشێکن لەو پێشێلکاریانە.
سەرجەم دەزگا راگەیاندنەکانی‌ هەرێمی‌ کوردستان لە خولی راهێنان و گەشەپێدانی‌ رۆژنامەنوس و میدیاکارەکانیان تا ئەوپەڕی کەمترخەمن و بەتەواوی ئەم مەجالەیان پەراوێز خستووە، ئەوەش وایکردوە رۆژنامەنوسان و میدیاکاران لە چۆنییەتی‌ پرسیارکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ بەرپرسان و میوانەکانیان توشی گرفت بن.
هیچ گومانی‌ تێدا نییە رانەهێنان و نەکردنەوەی‌ خولی بەهێزکردن و گەشەپێدان و ئەبدەیتکردنەوەی‌ رۆژنامەنوسان جگە لەوەی رۆژنامەنوس دایدەبڕێت لە پێشکەوتن و زانینی گۆڕانکارییە زانستە نوێیەکانی‌ ئەو بوارە ، لە هەمان کاتدا رۆژنامەنوسان توشی هەڵەو تاوانی‌ رۆژنامەوانی‌ دەکات کە زۆر جار بەزیندان و دادگاییکردن کۆتایی دێت، کاتی‌ واش هەیە دەزگاکەش توشی‌ گرفت و عەیبداری دەکات.
ئەوەندەی من بزانم جگە لە کەناڵی رووداو هیچ دەزگاو کەناڵێکی‌ دیکەی‌ راگەیاندن لە هەرێمی‌ کوردستان گرنگی‌ بە بواری راهێنان و خولی هۆشیاری و پێشکەوتن و ئەبدەیتکردنەوەی رۆژنامەنوس و میدیاکارەکانیان نادەن و بەتەواوی پشتگوێخستووە، لەکاتێکدا ئەو دەزگایانە توانایەکی‌ باشیان لە کردنەوەی‌ خولی رۆژنامەوانی و گەشەپێدانی رۆژنامەنوسەکانیان، پارەیەکی‌ زۆر لە هەندێ بابەتی‌ بێسودو بەرهەمی بێکاریگەردا خەرجدەکەن، یاخود پارەیەکی‌ زۆر دەچێتە گیرفانی‌ خاوەن و بەڕێوەبەری‌ ئەو دەزگایانەوە، بەڵام ئامادە نیین خولێکی‌ چەند رۆژە گەشەپێدان و پێشکەوتن بۆ رۆژنامەنوسەکانیان بکەنەوە، ئەوە باسی‌ ناردنە دەرەوەی‌ رۆژنامەنوسان هەر ناکەم کە ئەمە لەلای خاوەن و بەرێوەبەرانی‌ دەزگاکانی‌ راگەیاندن تاوان و بڤەیە.
جاران نەک هەر خولی فێربوون و راهێنان و هۆشیاری بۆ رۆژنامەنوسان دەکرایەوە، بەڵکو رەوانەی‌ وڵاتانی‌ دەرەوەش دەکران یاخود بانگهێشتی‌ رۆژنامەنوسە دیارو بەرچاوەکانی‌ میدیای جیهانی‌ دەکران بۆ کوردستان و خولی رۆژنامەنوانیان دەوتەوە، ئێستا جگە لەوانەی‌ دەرەوە ئەوانەی‌ ناو خودی دەزگاکانیش نەماون.
ئەگەرچی ئەم پەراوێزخستنە دەزگاکانی‌ راگەیاندن زیانی‌ زۆری لێدەکەن، بەڵام قوربانی‌ سەرەکی‌ تەنیا رۆژنامەسانن، لەلایەک دوادەکەون لە گۆڕانکاری و پێشکەوتنەکانی‌ رۆژنامەوانی سەردەم، لە هەمان کاتدا رۆژنامەنوسانیش توشی‌ گرفت و کێشەی‌ یاسایی دەکات.
ئەگەر سەیری‌ بەرنامەکانی‌ کەناڵەکانی‌ راگەیاندن و کۆنگرە رۆژنامەنوسییەکان بکەی بە ئاشکرا دەبینی کە نەبوونی‌ خولی راهێنان و گەشەپێدان چۆن بە پرسیارکردن و مامەڵەکردنی رۆژنامەنوسەکان و پەیامنێرەکان و میدیاکارەکان لەگەڵ میوانەکانیان  و بەرپرسانەوە دیارە.
تێبینی‌: کاری رۆژنامەنوسی وەک بواری‌ پزیشکی‌ وایە بەردەوام پێویستی‌ بە خۆ ئەبدەیتکردن و خۆ دەوڵەمەندکردن و خوێندنەوەی‌ پتر هەیە، هیچ جیاوازییەکیش نییە هەموو رۆژنامەنوسێک لە هەر ئاست و ئەزمونێکدا بێت وەک نان و ئاو پێویستی‌ پێیەتی‌.


AM:01:44:10/05/2022