زمانی کوردی-سۆرانی لە وەرگێڕانی گووگڵ؛ ئاڵەنگاری و دەرفەتەکان
د. موئمین زەڵمی

زیادکرانی زمانی کوردی/سۆرانی/ناوەڕاست بۆ وەرگێڕانی گووگڵ یەکێکە لە هەواڵە جوانەکانی ٢٠٢٢، ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ کوردەکان، بۆ کوردستان و ئەو گەنجە سەربەرزانەش چەند ساڵێکە سەرقاڵی ئەم پرۆژەیەن. ئەم پرسە لە یەک کاتتدا هەم ئاڵەنگاری تێدایە و هەم دەرفەتیش دڕەخسێنێت کە هەوڵ ئەدەم بە چەند خاڵێک ئاماژەیان پێبکەم:
* مامۆستایانی بەڕێزی زانکۆو پەیمانگەکان دەبێ بزانن لەمەولا قوتابیان بۆ نوسینەکانیان وەک قوتابیانی وڵاتانی جیهان پشت بە وەرگێڕانی کوردی- ئینگلیزی (گووگڵ) دەبەستن، گرنگە لە ئێستاوە خۆیان بۆ سازان لەگەڵ ئەم دۆخە رابهێنن.
* وەرگێڕانی گووگڵ دەبێتە مایەی زیاتر بەکارهێنانی زمانی کوردی لە لایەن قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگەکانەوە و ئەمەش بایەخێکی یەکجار گەورەی هەیە لە ڕووی سیاسەتی زمان و شکۆمەندی و مەکانەتی زمانی کوردییەوە.
* ئەم پرسە هەم ئاڵەنگاریی تێدایە و هەم دەرفەتی گەورەش دێنێتە ئاراوە کە گرنگە ژینگەی ئەکادیمی کوردستان ئاڵەنگارییەکان بخوێنێتەوە و سود لە دەرفەتەکان وەربگرێت.
* توێژەران و مامۆستایانی زانکۆ و پەیمانگەکان چەندین ناونیشانی گرنگیان بۆ دێتە پێشەوە بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی نوێ و بەرۆژ، دەربارە رەهەندە جیاوازەکانی زیادکرانی زمانی کوردی/ناوەڕاست/سۆرانی بۆ وەرگێڕانی گووگڵ.
* مامۆستایان و قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگەکان دەبێ بزانن کە ئەم پرۆسەیە بێ کەموکورتی نیە، وەرگێڕانی گووگڵ بۆ هەموو زمانەکان هەر وا پڕ کەموکورتییە و وەک مامۆستایانی زمان ئێمە تەنها وەک هاریکار بە قوتابیانی دەناسێنین نەک وەک سەرچاوەی وەرگێڕان … لەگەڵ ئەوەشدا وەرگێڕانی ئامێریی هەمیشە پڕکێشە و کەموکورتی بووە و دەبێت و هێشتاش هیچ ئامێرێک جێگای هەستی بەرزی مرۆڤ ناگرێتەوە کە لەکاتی وەرگێڕاندا دەیخاتەکار بۆ دۆزینەوەی وشە و رستەی شایستە و پڕبەپێست.
* یەکێکە لە ئاڵەنگارییەکان کە لە جیهاندا هاتووەتە پێشەوە، پرسی وەرگێڕانی پوختەی توێژینەوەکان ، کە بە پێی ژمارەیەک توێژینەوە، زۆرینەی توێژەرانی جیهان بۆ نوسینی توێژینەوەکانیان و پوختەی توێژینەوەکان سود لە وەرگێڕانی گووگڵ ووردەگرن و ئەم وەرگێڕانەش نائەکادیمییە و نابێت توێژەران پشتی پێببەستن. (توێژینەوەی ئانگاکانا و گریفت -٢٠٢٠ کە هەڵسەنگاندنیان بۆ ٥٤ توێژینەوەی توێژەرانی تایلەندی کردووە، گەشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە زۆرینەی زۆری توێژینەوەکان بە وەرگێڕانی گووگڵ کراونەتە ئینگلیزی و نائەکادیمیانە کراون).
* بەکارهێنانی وەرگێڕانی گووگڵ لە نوسینی ڕاپۆرت، دارشتن و پەیپەرەکانی وانەی نوسینی ئەکادیمی زیاتر دەبێت و ئەمەش ئەرکی مامۆستایانی زانکۆ و پەیمانگەکان لەم وانەیەدا سەختتر دەکات لە هەمان کاتدا توانای نوسین زیاتر و ئاگایی قوتابیان بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکانیان زیاتر دەکات (کۆڵ، شکۆلینگ و کۆهین -٢٠١٨ لە ئەنجامی هەڵسەنگاندنی دارشتنی وانەی نوسینی ئەکادیمی، بەراوردی ئەو داڕشتنانەیان کردووە کە بە وەرگێڕانی گووگڵ نوسراون لەگەڵ ئەوانەی بە بێ وەرگێڕانی گووگڵ نوسراون کە ئەنجامەکان دڵخۆشکەر بوون، ئەوان پێشنیار دەکەن کە بۆ وانەی (زمانی ئینگلیزی بۆ مەبەستی ئەکادیمی) وەرگێڕانی گووگڵ بەکاربهێنرێت).
* پرسی زیادبوونی زمانی کوردی/سۆرانی/ناوەڕاست بۆ وەرگێڕانی گووگڵ، دووەمین هەوڵی زیادبوونی زمانی کوردییە بۆ ناو جیهانی تەکنەلۆجیا، ئەویش پاش ئەوەی چەند ساڵێکە کوردی/کرمانجی زیادکراوە، بۆیەش لەگەڵ ئەوەی کە تازەیە بەڵام ژمارەیەک ئەکادیمیست رەخنەی وردیان لەسەر هاوواتایی وشەکان گرتووە و دەکرێت ئەم ببێتە هەوڵێکی باشتر بۆ چاکسازی لە پرۆسەکە و هاریکاری و هاندانی ئەو گەنجانەی کاریان لەسەر ئەم پرسە کردووە.
* حکومەتی هەرێم دڵخۆشی بەم هەنگاوە دەربڕێوە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران سوپاسی گووگڵی کرد، وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی هەرێم و خودی وەزیری رۆشنبیری ولاوان پەیوەندییان بە یەکێک لەو گەنجانەوە کردووە و سوپاسیان کردووە.
* لە ناو کۆمەڵگەی کوردی و شەقامی کوردیدا دەنگدانەوەیەکی گەورەی لێکەوتەوە خەڵکی بە شێوەیەکی گشتی دڵخۆشن بەم هەنگاوە و داوای رێزلێنان لەو گەنجانە دەکەن کە بەم کارە هەستاون.
* ئێستا لە هەر کاتێکیتر پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیران بێنە سەرخەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان راسپێرن بۆ پشتیوانی پرۆژەی نوسین و داڕشتنی (سیاسەتی زمانیی بۆ هەرێمی کوردستان) کە ماوەیەکە کاری لەسەر دەکرێت و لەئەگەری سەرکەوتنی ئەم پرۆژەیەدا دەستکەوتی گەورە بۆ زمانی کوردی و پرسی زمانەوانیی لە هەرێمی کوردستان دێتە ئاراوە.
لە کۆتاییدا گرنگە ئەوە دووپات بکەینەوە کە ئەرکی زانکۆ و پەیمانگەکان قورستر دەبێت و گرنگە هاوکات لەگەڵ رێزلێنان و نرخاندنی کاری ئەم ژمارە گەنجە بە تایبەت (بۆکان جاف، سەرچیا خورشید، رۆشنا عمر عەبدلرەحمان، میدیا غازی زادە، سامان وەیسیپوور)، هەوڵەکان فراوانتر بکرێن بە مەبەستی بە جیهانیکردنی زمانی کوردی.


AM:01:49:14/05/2022