لە پێشکەوتنەوە بۆ پاشەکشێ:
ئارام سەعید
 "دۆخی ئازادی ڕادەربرین لە کوردستانی دوای سەدام" 
ئارام سەعید 
 ھەرێمی کوردستان مێژوویەکی گرنگی ھەیە لە بەرەوپێشبردنی ئازادی ڕۆژنامەگەری و مافەکانی مرۆڤ، دوای سەرهەڵدانی میدیای ئەهلی دوور لەدەستی حزب پێشکەوتنی بەرچاو لە ئازادی ڕۆژنامەگەری سەریهەلدا، ئەو میدیایانە لەدوای روخانی سەدام یش هەر لەپەرەسەندندا بوون،  بەڵام سەرەڕای هەوڵەکان بۆ بەرەوپێشبردنی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ لەهەرێم و دەرچوواندنی یاسای کاریگەر، ساڵانی ڕابردوو ڕەوتێکی پڕ لە کێشەی زیادبوونی توندوتیژی بەرامبەر بە چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسان پەرەی سەندوە. حکومەت نەیتوانیوە بە شێوەیەکی کاریگەر یاساکانی بەرەوپێشبردنی ئازادی رادەربرین و مافی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری جێبەجێ بکات، ئەمەش بووەتە هۆی دژایەتی بەرچاوی مافی مرۆڤ لە ناوچەکەدا.  
 دەسەڵاتداران بەبەرنامە کاردەکەن بۆ تێکدانی ئەم بەهایانە، ئەم دۆخە کاریگەرییەکی خراپی لەسەر ئازادی ڕادەربڕین هەبووە و لەکاتێکدا چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانی کۆمەڵگەی مەدەنی کراونەتە ئامانج و ڕووبەڕووی هەڕەشە و هەراسانکردن و تەنانەت توندوتیژی وتیرۆریش بوونەتەوە، ئەمەش ژینگەیەکی ترس و خۆسانسۆری خوڵقاندووە، کە تاکەکان دەترسن لە قسەکردن و ڕادەربڕین. 
گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە پاشەکشێی ئازادی ڕادەربرین و مافی مرۆڤ لە کوردستاندا تەنها کاریگەری لەسەر ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی نییە بەڵکو کاریگەری لەسەر ئەو هاووڵاتییە ئاساییانەش هەیە کەدەیانەوێت رای خۆیان دەرببرن، چونکە زیندانیکردن و ئازاردانی ئەوان پەیامێکە بۆ هاولاتیانیش کە سڵ بکەنەوە ، کاتێک میدیاکان ئازاد نەبن لە نوسین لەسەر خەمی گشتی، هاوڵاتیان ناتوانن بڕیاری دروست بدەن سەبارەت بە ژیانی خۆیان وکۆمەڵگاکانیان. 
لە کاتێکدا یاساکانی ڕۆژنامەگەری گرنگن، بەڵام بەس نین بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ڕۆژنامەنووسان بەڕاستی ئازادن لە نوسین وبڵاوکردنەوەی ئەو پرسانەی کە گرنگی گشتییان هەیە. بەبێ کلتوری ئازادی ڕۆژنامەگەری، بەردەوام ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕووی هەڕەشە و تۆقاندن دەبنەوە لەلایەن ئەکتەرە بەهێزەکانەوە، لەنێویاندا حکومەت و کۆمپانیاکان. بۆیە گرنگە نەک تەنها ئەو یاسایانە بەرەوپێش ببەین کە ئازادی ڕادەربرین دەپارێزن، بەڵکو کار بۆ دروستکردنی کولتوورێک بکرێت کە تێیدا ڕۆژنامەنووسان ئازاد بن لە بڵاوکردنەوەی بابەتەکانیان بەبێ ترس لە تۆڵەسەندنەوە.
 ئەم تەحەددایانە، پێویستی بەبەرنامەیەکی گشتگیر هەیە کە چاکسازی یاسایی و حوکمڕانیی لەخۆبگرێت. پێویستە حکومەت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت کە نەیتوانیوە مافی ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مەدەنی بپارێزێت. هەروەها لایەنە دەسەڵاتدارەکان شەفاف بن سەبارەت بە بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانیان و کاریگەرییەکانیان لەسەر ئازادی میدیا.
سەرەڕای ئەمانەش، پێویستە پشتگیری و بەهێزکردنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، لەوانە رێکخراوەکانی داکۆکی لە ئازادی و ڕۆژنامەنووسان و گروپەکانی مافی مرۆڤ بکرێن بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی چالاکتر بگێڕن لە پێشخستنی و بەرگریکردن لە ئازادی ڕۆژنامەگەری و مافەکانی مرۆڤ. پێویستە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کۆمەڵی نێودەوڵەتی بەردەوام بن لە چاودێریکردنی بارودۆخی کوردستان و لێپرسینەوە لەو بەرپرسانەی مافی مرۆڤ پێشێل دەکەن. پێویستە حکومەت و پارتە دەسەڵاتدارەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان پێکەوە کاربکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم تەحەددایانە و دڵنیابوون لەوەی کە مافی هەموو هاوڵاتیان بە ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مەدەنیەوە پارێزراون. ئەو پێشکەوتنانەی کە لە کوردستان بۆ ئازادی ڕادەربرین بەدەست هاتوون جێگای دەستخۆشییە، بەڵام دەبێت بەئامانجکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان بخرێتە بەر لێپرسینەوە و لێپرسینەوە لەگەڵ ئەنجامدەروبەرپرسانی توندوتیژی بکرێت ودەربازبون لەسزا رابگیرێت.
ئەم دۆخە کوردستانی بە زۆرینەیەکی تووڕە و نائومێدەوە بەجێهێشتووە، رۆژبەرۆژ کێشەکانی وڵات گەورەتر و قووڵتر دەبنەوە. هەستی بێزاری لە نێو خەڵکی کوردستاندا هەڵدەکشێت، هەموان هیوایان خواستبوو کە ڕووخانی سەدام حوسێن سەردەمێکی دیموکراسی و دادپەروەریی بەدواوە بێت بەڵام گیرۆدەی سیستمێکی تێکشکاوی حوکمڕانی و پێشێلکاری بەردەوامی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ بوون چونکە ئەگەر حکومەتێک زیندانەکان بەکاربهێنێت بۆ کۆنترۆڵکردنی هاووڵاتیانی، ئەوە نیشانەیە بۆ ئەوەی دەسەڵات دادپەروەرو دیموکرات نییە.
لە کۆتاییدا بیست ساڵ دوای ڕزگاری لە دەستی سەدام حوسێن، کوردستان بەردەوامە لە ڕووبەڕووبوونەوەی چەندین تەحەددا. خەڵک لە دەستی ڕژێمی بەعس ڕزگاری بوو، بەڵام لە سایەی سیستەمێکی حوکمڕانی ماوەتەوە کە کەموکوڕی زۆری تێدایە و خزمەت بە بەرژەوەندییەکانیان ناکات. تا ئەو کاتەی گۆڕانکاری بەرچاو لە شێوازی بەڕێوەبردنی هەرێمدا نەکرێت، پێناچێت کوردستان بتوانێت ئەو ئاستەنگە زۆرانە تێپەڕێنێت کە لە پێشە. چارەسەرکردنی ئەم پرسە، پێویستی بە پابەندبوونێکی درێژخایەن دەبێت لەلایەن هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، لەوانەش هاووڵاتیان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. چارەسەریش کارکردنە بۆ دروستکردنی کۆمەڵگایەکی دادپەروەرتر و دیموکراسیتر کە ڕێز لە مافی هەموو هاووڵاتیان بگرێت.
#پاش_٢٠ساڵ_چی_گۆڕرا


AM:01:41:02/04/2023