هەموو دەسەڵاتێکی تاکرەو هەوڵی ئەوە ئەدا خۆی زانیاریەکان و هەواڵ بۆ رای گشتی ڕیکبخات و لەڕیگەی خۆیەوە بگات، بەدەستێکی میدیاکان پڕ دەکات لە زانیاری و هەواڵی پاشکۆکانی خۆی، بەدەستێکی تریش کاردەکات بۆ خنکاندنی رەخنەو شیکردنەوەی بێلایەن کەلەدژیەتی...بەم شێوەیەش نەخشەی هەڵویستی سیاسی هاولاتیان دادەرێژن. لەبەرئەوەی ئەمجۆرە لە حکومەت رێگە نادەن بە لێکۆڵینەوەو رەخنەی سەربەخۆ، بۆ ئەوەی هیچ هێزێکی تر نەتوانێت بەسەرکەوتویی کاربکات بۆ ئاراستەکردنی هاوڵاتیان.
لەم نێوەندەدا رۆڵی ئۆپۆزیسیۆن و هێزی ناڕازی چیە؟ سەقامگیری بۆ دەسەلاتی سیاسی فەراهەم دەکات یان پرۆژەیەکی بەدیلە و کار بۆگۆڕینی سیستەم دەکات؟ لەساڵی ١٩٩١ ەوە لەکوردستان ئۆپۆزیسیۆن هەبووە و بەئاست و مێژووی جیاواز بەشداربوون لەکایەی سیاسیدا. دەسەڵاتی سیاسی هەرێمیش پشت ئەستورە بەدوو فاکتەری گرنگ: کۆنترۆڵکردنی ئابوری، بەهێزکردنی توانای سەرکوتکردن.هەوڵ ئەدەن ئابوری بەریوەبەرن و بڵێن کە سەقامگیریان دروستکردوە.
لەهەر وڵاتێک ئۆپۆزیسیۆن یەکگرتوو بوو بێت ئەوا ئەگەری شکستی ئەو دەسەڵاتە بەهێزتر دەبێت، هەربۆیە هیچ دەسەڵاتێکی تاکڕەو حەز بە ئۆپۆزیسیۆنی یەکگرتوو ناکات و هەمیشە لەکارکردندایە بۆ پەرش و بڵاوکردنیان. وەک چۆن رێگە بەکاری بەکۆمەڵی سەربەخۆیانە نادەن و بۆیان گرنگ نیە هەوڵە فەردیەکان چەند هەبن و دابڕاوبن کە نابێتە کێشە بۆیان کەلەماوەی رابردوودا بینیمان چەندین کاندیدی سەربەخۆ هەبوون بۆ هەڵبژاردنەکان،یان نارەزایی توێژێک بەتەنیا،کە بێباک بوون و بەپێچەوانەوە پشتگیریان کردوە.
دەسەڵاتی هەرێم تەنها لەوکاتانەدا نابورن کە هەڵوێست و کارکردنی نارەزایی دەبێتە کاری بەکۆمەڵ و هەموان پێکەوە دەبن، لەوێوە رێگرتن و کۆسپ دروستکردن بۆ هێزە ناڕازیەکان وڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی سەرچاوەی گرتوە و هەر زوو هەوڵی کۆنترۆڵکردنی سەندیکا و کۆمەڵە و رێکخراوەکانیان داوە.
گەر بایکۆتی مامۆستایان هەر بەتەنها خۆیان بن و بەو ئاراستەیەی ئێستادا بێت ئەوا زیانی بۆ دەسەڵات و پێگەی ئابووری نیە و چەند بەردەوام بێت کێشەی بۆ دروست ناکات، بەلام ئەگەر مامۆستایان و فەرمانبەران و کاسبکاران پێکەوە بن و هەڵوێستی هاوبەشیان هەبێت و کارلە ئابوریان بکات ئەوە دەبێتە مەترسی و ئەوکات سەرکوت و ڕیگرتن و دیوە راستەقینەکەیان دەستپێدەکات ودەردەکەوێت.
دەسەڵاتدارانی هەرێم نایانەوێت ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی و ناڕەزایی لەناو بەرن، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەیانهێننە ناو سیستمەکەوەو هەریەکەیان بەجۆرێک رێکەوتنی لەگەڵ دەکەن کەبە مەرجەکانی دەسەڵات بەشداربن و هیچ مەترسیەک بۆ سەر دەسەڵات دروست نەکەن، وەک ساڵانی رابردوو، بەمەش لەلایەک دابەشیان دەکەن و لەلایەکیتر هەندێکیان سەرکوت دەکەن،رێگە لەئازادیە مەدەنیەکان و ئازادی رادەربرین دەگرێت، دەست دەگرێت بەسەر پارەو میدیادا. لێرەوە ئەوجۆرە لەئۆپۆزیسیۆن و نارەزایی بوون و بایکۆت چیتر ناتوانێت کێبڕکێ لەگەڵ دەسەڵات بکات و مافەکانی بەدەست بهێنێت، بەڵکودەبێتە هاوپەیمانێکی سیاسی و هۆکار بۆ سەقامگیری دەسەڵات.
رەنگە زۆر لە هاوڵاتیان نارازی بن لە دەسەڵات، بەڵام بریاردەدەن لەسیاسەت دوور بکەونەوە و ئەوەیان پێ باشترە لەوەی پشتگیری ئۆپۆزیسیۆنێک یان هێزێکی ناڕازی بکەن کە هاوڵاتیان دڵنیانین لەوەی دەتوانێت ئەو سیستمە بگۆڕێ و پەیام و کارکردنی نابێتە هۆی لەسەرکالابردنیان و بەدەستهێنانی داواکاریەکان.
لەئەنجامدا هەر ئۆپۆزیسیۆنێک یان هێزێکی نارازی هەڵگری ئەو پەیامە بێت و فاکتەری یەکگرتنی نارەزاییەکان بێت، هاوڵاتی دڵنیا بکات لەوەی ژیانیان دەگۆڕێت و مافەکانیان دەستەبەر دەکات یان دەسەڵات لەسەر کار لادەبات ونابێتە پاشکۆی دەسەڵات ئەوا ئەگەری سەرکەوتنی بەهێزترە.