ئەو میدیاکارانەی لەگەڵ بازرگانە چاوچنۆکەکان جیاوازیان نیە
بەناز حەمە

دیارە یەکیک لە ئەرکە سەرەکی و گرنگەکانی راگەیاندن گواستنەوەی هەواڵ و زانیاری راست ودروستە بە وەرگر بۆ پێکهێنانی بیری نوێ لەسەر روداوێک یا کێشەیەک و بەئاگابون لە ڕوداوەکان ، بەلام بە راستی و دروستی و بێ زیادوکەمکردنی و بێ گەورەکردن و بچوککردنەوەی بەمەبەست پێچەوانەکەشی دورە لە ئەخلاقی رۆژنامەنوسی، دەزگاکانی راگەیاندنی کوردیش رۆژانە بەلێشاو هەواڵ دەدەن بە گوێ و چاوی خوێنەرو بینەرەکانیاندا ، هاوڵاتی کوردیش لە سایەی ئەم دەسەڵاتەدا ئەوەندە کێشەی هەیە دەیەوێت بزانیت ئەوە زستانە ئاخۆ بەرمیلە نەوت وەردەگرێت یا خیزانیکی هەژار دەیەویت بزانیت کەی بەشەخۆراکی پێدەدریت ، کارەبا سحراوییەکەی ئەم کوردستانە زیاد یاخود کەم دەکات یا لەناکاو باج و سەرانەیەکی بۆ زیاد دەکەن ئەمانەو دەیان کێشەی تر کە کۆتایی نایەت ، بۆیە ئەمانە وادەکەن خەڵک تەماشای هەواڵەکان بکات. 

هەوال لە کورترین پیناسەیدا(هەمو ئەوچالاکیانەیە کە جێی گرنگیپێدانی مرۆڤەکانە ، گرنگترین هەوالیش ئەو هەواڵانەیە کە جێی گرنگی زۆرترین وەرگرن ،یاخود زانینی هەمو شتێکی شاراوەیە)، هەروەها ئەو هەواڵەی بلاودەکریتەوە دەبێت چەند بەهایەکی هەوالی هەیە تیایدا بێت وەک(ململانێ، تازەیی، بەرژەوەندی ،سەرنجراکێشی ، کێبرکێ ، بەردەوامی ، نزیکی ، قەبارە ، ناوبانگی ، گرنگی مرۆیی ، رۆشنبیری ، تەنز )، بەڵام کاتیک لەرێی هەندێک لە دەزگا راگەیاندنە کوردیەکانەوە لەمجۆرە هەوالانە(ژنیک بە پارچەپارچەکراوی دۆزرایەوە ، کچە بیژەریک لە شوقەکەی خۆی کوشت ، پیاویک ژنەکەی بە کۆرپەکەی ناو سکییەوە سوتاندو گیانیان لەدەستدا ، هۆکاری زۆربونی هاوسەرگیریی مسیار، گەنجیک ویستی کچیک سەربببریت)بڵاودەکرێتەوە ، هەرچەندە زۆر لەم روداوانە لە ولاتیکیتریش رویانداوە و شوکور بۆخوا لەناو کوردستاندا نین ،  ئەمانە مشتیکن لە پەیامی هەندیک لە راگەیاندنی کوردی گەرنا زۆریتریش هەن لێرەدا نەخراونەتە روو ، ئەبێت هاوڵاتی چ تاوانێکی کردبێت ئەم هەواڵانە ببینێت لەکاتێکدا خۆی سەرقاڵی دەیان  کێشەیە چۆن بەرگەی ئەم هەواڵانە دەگرێت یاخود ئەوپرسیارە دێتە پێشەوە ئاخۆ ئەو میدیاکارە بۆچی و بە چ مەبەستێک ئەو هەواڵانە بڵاودەکاتەوە مەگەر بۆتێکدانی شیرازەی کۆمەڵگە نەبێت.

ئەبێت ئەو هەوالانە چ بەهایەکی هەواڵی لەو بەهایانە تێدا بێت وا بۆتە جێیگرنگپێدانی ئەودەزگایانەو بڵاوی دەکەنەوە هەروەک خواردنی بەسەرچو دەرخواردی هاولاتی دەدەن؟ یان ئەبێت وەرگری کورد چ تاوانیکی کردبێت تا ئەم هەوالانە ببینیت و میزاجی و باری دەرونی تیک بچیت ؟ من پێم وایە ئەو دەزگاو میدیاکارانەی لەو جۆرە هەوالانە بلاو دەکەنەوە هیچ جیاوازیەکیان لەگەل ئەو بازرگانانە نیە کە خواردنی خراپ و ماوە بەسەرچو دەرخواردی خەلکی دەدەن و خەلکی توشی شیرپەنجەدەکەن ، ئەوان خەڵک توشی شێرپەنجە دەکەن ئەمانیش خەڵکی بەلارێدادەبەن و توندوتیژی بڵاودەکەنەوە .   


AM:04:55:05/10/2022