"گوللەیەک بنێ بە سەرمەوە، چونکە بە مردوویى باشترم"
پەریهان عومەر
ئەمە دواقسەى ساریا بوو کە بە چیرۆکێکى بەئازار، دواهەناسەکانى لەم ژیانە هەڵکێشا و بووە چیرۆکێکى دیکەى پڕ تراژیدى لە ژیانى ڕۆژانەى کچان و ژناندا.

هەفتە نییە چیرۆکێکى لەم جۆرە دڵمان دانەخورپێنێت و خەمبارمان نەکات و ترس نەخاتە دڵى پڕ برینمانەوە، بترسین لەوەى هەر ساتێک بێت، ئێمەش وەکوو ساریا و ماریا بە بیرکردنەوەى هەڵە ژیانمان کۆتایى پێ بهینرێت.

کوشتنی ژن ڕوو لە زیادبوون دەکات، کەس نازانێ هۆی کوشتنی چییە و بۆچییە، من نازانم كۆتای ژیانی ژن بۆچی دەبێ بەدەست پیاو بێت؟ ئافرەتبوون لەم وڵاتە قورسە یان بەڕاستى لە کۆمەڵگاى ئیمەدا کێشانی ڕۆحى ئافرەت زۆر ئاسانە، یان کەمترە لە ڕۆحى پیاو؟

هەرچەندە من تێدەگەم و دەزانم بۆ هەندێک لە ژن کەشێکى باشى ئازادى فەراهەم کراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش کوشتنی ژن زۆر بووە، زۆربەی کوشتنەکان لەسەر هۆکاری نادیارە، یان لەسەر هۆکاری لاوەکییە کە ئەو شتانە شایانی ئەوە نییە ڕۆحێکی جوانی پێ بکێشیت.

ژیان بە ئافرەتەوە جوانە، ئافرەت وەک گوڵ وایه، بە بوونی خۆی ئەم دونیایە جوان و گەشاوە دەکات، بۆیە با بەس بێت کوشتنی ئافرەت لەژێر ناوی شەرەف، من زۆر جار بیر دەکەمەوە، ئایا پیاو کاتێ ئافرەتێک دەکوژێت، چۆن ویژدانی لێی خۆش دەبێت و دەتوانێت درێژە بە ژیانی بدات؟

ئەوەى جێگەى نیگەرانیى قووڵە، زۆرینەى کەیسەکانى کوشتنى ئافرەتان، یان بۆ لێک تێنەگەیشتن، یاخود بۆ تێکەڵبوونی دوو عایلە دەگەڕێتەوە کە هیچ پەیوەندییەک بە یەکەوەیان نابەستێتەوە، زۆر جار کەمیی تەمەنیش لە هاوسەرگیرییدا، دەبێتە هۆکار بۆ ئەم کوشتنە.

ئەوەى من باسم کرد، تەنیا کوشتنى "فیزیکى" بوو، بەڵام ئیستا کوشتنێکى دیکەش هەیە، ئەویش دەبنین ڕۆژانە کچان و ژنان بەتایبەت لە ناوچە دوورەدەستەکان، یان بەزۆر بەشوو دەدرێن، یان لەژێر کاریگەریى بیرکردنەوەى "پیاوسالاریدا" ئایندەیان دەدەنە دەست قەدەر، وەکوو ئەو کچەى باوکى بە دیارى پێشکەشى سیاسییەكی کرد، کە بەداخەوە تەنیا بە تەماشاکردنى دیمەن و وێنەکانیان تێدەگەیت، ژیان لەو ژینگە وشکەدا چەند ستەمى لە ئایندەى کچێک کردووە کە خەونە ڕەنگاڵییەکانى بۆ ژیان دەکاتە خەوێکى ناخۆش و لەگۆڕیان دەنێت.
بۆیە ئەى ئەو پیاوانەى کە هەمیشە لەسەر پێن بۆ کوشتنمان، تکایە، تکایە، ئێمە شایانى ژیانین، شایانى کوشتن و ئازاردان نین، تکایە ڕۆحمان مەکێشن؟


AM:03:54:11/06/2022