زیادبوونی تاوانە ئەلیکترۆنییەكان و پێویستیی سزا لە عێراق و هەرێمی کوردستان
كاروان زاهير سابر

جیهانی وێب، یان فەزای ئەلیکترۆنی، کۆمەڵگەیەکی گەورەی جیھانییە، لە ملیۆنان و ملیاران بەکارهێنەر و ماڵپەڕ، لە بوارە جیاجیاکانی وەک قوتابخانە و زانکۆ؛ کاری رۆژانەی دامودەزگاکانی حکوومەت و بازاڕکردن مامەڵەیان پێوە دەکرێت.

دەکرێ بڵێین، ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان تا ڕاددەیەکی زۆر ژیانی ئاسانتر کردووین و زۆر سوودی بۆ کۆمەڵگا و نیشتمان هەبووە، بەڵام لەهەمان کاتدا، ئەم پلاتفۆرمە کاریگەریی نەرێنیشی ھەیە، بەتایبەت دروستکردنی هەندێک کێشەی کۆمەڵایەتی و تاوانی ئەلیکترۆنی بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.

ئەگەرچی کاریگەریی ئەم تاوانانە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە، بەپێی ئاستی ڕۆشنبیری و ھوشیاریی ئەو کۆمەڵگەیە زۆر جیاوازن.

جۆرەکانی تاوانی ئەلیکترۆنی
بە گشتی دەتوانین بڵێین تاوانی ئەلیکترۆنی لە چوار جۆری سەرەکیدا پۆلێن دەکرێن، ئەوانیش بریتین لە: دارایی، تایبەتمەندی، هاککردن، تیرۆری ئەلیکترۆنی.

- ئەو تاوانە داراییەی، کە پارەی بەکارهێنەر، یان خاوەن ئەکاونتەکان دەدزن، بە هەمان شێوە داتای کۆمپانیاکان، کە دەتوانێت ببێتە هۆی تاوانی دارایی.

- تاوانی پاراستنی نهێنی بریتییە لە دزینی زانیارییە تایبەتەکانت، کە ناتەوێت لەگەڵ جیهاندا هاوبەشیی بکەیت، بۆیە تەنانەت هەندێک جار بەهۆی خراپ بەکارهێنانی داتاکانیانەوە، هۆکاری خۆکوشتنی لێدەکەوێتەوە.

- هاککردن، ئەوانەی بەئەنقەست ماڵپەڕێک تێک دەدەن، بۆ ئەوەی زیان بە خەڵك، یان خاوەنەکەی بگەیەنن، یان گۆڕانکارییان تێدا دەکەن، بۆ ئەوەی بەهاکەی کەم بکەنەوە.

- تیرۆری مۆدێرن زۆر لەوە زیاتر گەشەی کردووە، کە 10-20 ساڵ لەمەوبەر هەبووە، بەڵام تیرۆری ئەلیکترۆنی تەنیا پەیوەندیی بە تیرۆریستان، یان ڕێکخراوە تیرۆریستەکانەوە نییە، بەڵکوو هەڕەشەکردن لە هەندێک کەس، یان موڵک و ماڵی تا ئاستی تۆقاندن، دەکرێ بە تیرۆری ئەلیکترۆنیی هەژمار بکرێ.

سزاکانی تاوانی ئەلیکترۆنی لە عێراق و هەرێمی کوردستان
مادەی 40ی دەستووری عێراق، ئازادیی پەیوەندیکردن بەبێ چاودێریکردن گەرەنتی دەکات، جگە لە پێویستیی یاسایی و ئەمنی، ئەمیش بە بڕیاری دادوەر. هەروەها لە مادەی 47ی یاسای کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکان و میدیادا هاتووە، کە نابێت پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان و پەیوەندییە تایبەتەکان چاودێریی بکرێن، تەلەفۆنیان بۆ بکرێت، یان ئاشکرا بکرێن، تەنیا بەپێی یاسا و بڕیاری دادگا نەبێت.

جێبەجێکردنی یاساکانی بەرکار لە كاتی ئێستادا
ئێستا عێراق هیچ یاسایەکی تایبەتی سەبارەت بە تاوانی ئەلیکترۆنی نییە. لە نەبوونی یاسای تایبەتدا، دەسەڵاتی دادوەری، بڕگەکانی یاسای مەدەنی عێراقی ژمارە 40ی ساڵی 1951 (یاسای مەدەنی) و یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969ی (یاسای سزادان) جێبەجێ دەکات. جگە لەوەش، بۆ یاسا تایبەتەکانی کەردەکان (بۆ نموونە، یاسای بانکی ساڵی 2004 و یاسای کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکان و میدیا CPA فەرمانی 65 / 2004 بۆ ئەو کەیسانەی، کە تاوانی ئەلیکترۆنییان تێدایە).

بۆیە هەر کەسێک بە تاوانێکی ئەلیکترۆنی سزا بدرێت، کە توندوتیژی، چەوسانەوەی سێکسی، هەڕەشە، یان دەستکاریکردنی تێدابێت، دەتوانرێت بەپێی مادەی 369 و 396ی یاسای سزادان سزا بدرێت:

بەپێی مادەی 369، سزاکە بریتییە لە زیندانیکردن، کە زۆرترین ماوەی 4 ساڵ دەبێت (ئەگەر قوربانییەکە تەمەنی لە هەژدە ساڵ کەمتر بێت). بۆ هەر کەسێک، کە بە بەکارهێنانی هێز هێرش بکاتە سەر کەسێکی دیکە، یان هەڕەشە بکات، دەستکاریی بکات، یان بە هەر شێوەیەک ڕەوشتی کەسێکی دیکە پێشێل بکات، نێر یان مێ، یان دەستپێکردنی ئەو جۆرە پێشێلکارییە.

بەهەمان شێوە مادەی 396 لە یاسای سزادان، هەر كەسێك دەستدرێژیی سێكسی بكاتە سەر پیاوێك، یان ژنێك، یان هەوڵ بدات بەبێ رەزامەندیی ئەو و بە بەكارهێنانی هێز و فێڵ و رێگەی ترەوە، زۆرترین سزای زیندانی 7 ساڵ بەسەردا دەسەپێنێت.

سزای تاوانەکانی بەرامبەر قوربانییانی خوار تەمەنی 18 ساڵ زیندانیکردنە بۆ ماوەی 10 ساڵ زیاتر نەبێت.

جگە لەوانەی سەرەوە، هەر کەسێک بە تاوانێکی ئەلیکترۆنی، کە پەیوەندیی بە دزینی ناسنامە، ساختەکاریی ئینتەرنێت، ڕەشبگیری، یان تاوانی دیکەی پەیوەندیدارەوە هەبێت، ئەگەر سزا بدرێت، بەپێی مادەی 456 یاسای سزادان، بە دەستبەسەرکردن سزا دەدرێت. هەر کەسێکیش، کە بە تیرۆری ئەلیکترۆنی سزا بدرێت، دەتوانێت بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ژمارە 13 ساڵی 2005 سزا بدرێت.

هەروەها ساڵی 2008 پەرلەمانی هەرێمی کوردستان یاسایەکی بەناوی یاسای ژمارە 6ی قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن دەکرد، ئەوەش بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوە و کەمکردنەوەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان، وەک لە ماددەی دووەمدا هاتووە، کە هەر کەسێک ئەگەر بە خراپی تەلەفۆنی خانەیی (موبایل) یان ئامێرێکی پەیوەندیکردنی تەلدار، یان بێ تەل، یان ئەنتەرنێت، یان پۆستی ئەلیکترۆنی بۆ مەبەستی هەڕەشەکردن یان تۆمەت هەڵبەستن، یان جنێودان، یان بڵاوکردنەوەی هەواڵی هەڵبەستراو بەکار هێنا ، ئەوا بۆ ماوەیەک بەند دەکرێت، کە لە شەش مانگ کەمتر نەبێت و لە پێنج ساڵیش زیاتر نەبێت، بە غەرامەیەکیش سزا دەدرێت، کە لە یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت، یان بە یەکێک لەو دوو سزایە سزا دەدرێت.

لەکۆتاییدا دەکرێ بڵێین؛ ئەو یاسایانەی، کە فۆرمەکانی تری میدیا ڕێک دەخەن، ناتوانن هەمیشە بە شێوەیەکی کاریگەر ئەم میدیایە بەڕێوە ببەن و هەوڵدان بۆ ئەوەی ئەوان ئەو کارە بکەن، ڕەنگە ناتەبایی و ناڕوونی لە جێبەجێکردندا دروست بکات.

بۆیە پێویستە یاسایەکی تایبەت بە ئینتەرنێت و تاوانبارکردنی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان دابڕێژرێت.

چونكە یاسای تایبەت و بەرفراوانی تاوانی ئەلیکترۆنی یەکدەنگیی دادوەریی لەسەر ئەو بابەتە دابین دەکات و ئاسانکارییش دەکات بۆ جێبەجێکردنی یاساکە، لەبری ئەوەی لە چەند یەسایەکی جیاجیا ھەوڵی کۆنترۆڵکردنی بدرێت.


AM:02:42:21/07/2022