لەبارەی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ
عه‌بدوڵڵا خالید

یەکەم: ڕاپۆرتەکە بەشێکە لە نەریتی ساڵانەی وەزارەتەکه. کارێکی نوێ نیە و هەموو ساڵێک دەردەچێ. لەساڵانی ڕابردوودا پێشێلکاری زیاترو زۆرتری لەخۆگرتبوو لەبارەی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە،بەڵام کەس بەلایدا نەچوو،چونکە هەڵبژاردن لەپێش نەبوو!

دووەم:ڕاپۆرتەکە باس لە ڕەوشی مافەکانی مڕۆڤ لەهەموو وڵاتان دەکات،بە دۆست و نەیاری ئەمریکاوە.لەهەمووانیشدا پێشێلکاری مافی مرۆڤ زۆر تا کەم هەیە،بەخوودی نێوخۆی ئەمریکاشەوە.خستنەڕووی پێشێلکارییەکان بە واتای دژایەتیکردنی وڵاتان نایەت بەقەد ئەوەی کە تۆمارکردنی ڕاستییەکانە.

سێیەم: لەڕووی پابەندییەوە، ڕاپۆرتەکە هیچ مۆرکێکی  پابەندی نیە بۆ ۆڵاتان و هەرێمەکان.هەر بۆیە بونیادنانی هیوای درۆزنانە،بەوەی ئەمریکا دژ بەدەسەڵاتدارانی هەرێم یان قەوارەی هەرێمە ناڕاستە.تەنانەت بەشێک لەوانەی کە ئەو کارە دەکەن بۆخۆیان بەشێکن لەو لایەنانەی کەپێشێلکاری بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ دەکەن.

چوارم:ئەو پێشێلکاریانەی کە لە ڕاپۆرتەکە هاتووە،هەموو ئەو پێشێلکاریانە نیە کە لەڕاستیدا هەیە،بەڵکو پێشێلکارییەکان زۆر لەوە زیاترە هەیە.ڕاپۆرتی ڕێکخراوە ناوخۆییەکان زۆر زیاتریان خستۆتە ڕوو.

پێنجەم: حکوومەتی هەرێم پێویستە بەر لەوەی بە ڕاپۆرتە نلودەوڵەتییەکان بشێوێت،بە ڕاپۆڕتی ڕێکخراوە ناوخۆییەکان ڕاچەڵەکێت!

شەشەم: ئەوفەرمانگەیەی کە دانراوە بۆ وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لەڕاستیدایە نە باشە و نە سەرکەووتووە.تۆ تەماشای ڕاپۆرتەکەی ئەمریکا بکە،یەک تاقە وڵات وەڵامی نەداوەتەوە،کەچی هەرێمەکەی ئێمە خۆی تێکداوە! ئەو هەموو هەڵایەی لەهەرێم هەیە لەسەر ڕاپۆرتەکە نیە،بەڵکو لەسەر وەڵامدانەوەکەیە!

حەوتەم: یەکێکە لە باشترین زەمانەتەکان  ئەگەر تاکە بژاردەش نەبێ بۆ هەرێم و کوردستان بۆ مانەوە لە ئێستا و ئایندە پاراستن و پتەوکردنی مافەکانی مرۆڤە.

مافی مرۆڤ پێش وزەیە لە جیهانی ئەمڕۆدا.بە پتەوکردنی مافەکان،شەفافیەت و پەرەپێدانی وزە کوردستان پارێزراوتر دەبێ.

AM:01:13:29/03/2023