پێشتریش چه‌ندین وتارم له هه‌فته‌نامه‌ی (باس)دا نووسیوه له‌سه‌ر به‌هه‌ند وه‌رگرتنی توانا مرۆییه‌كانی ڕه‌وه‌ندی كوردی له تاراوگه، هه‌رچه‌نده داتایه‌كی وردمان پێوەند به ژمارە و ڕێژه‌ی كوردستانیانی هەندەران لەبەردەستدا نییە، به‌ڵام به‌پێی هه‌ندێك ئاماری ڕێكخراوه‌كان به كۆی گشتی به هه‌موو كوردانی چوار پارچه‌ی كوردستان و كوردانی قه‌فقاز، نزیكه‌ی پێنج ملیۆن كورد ده‌بن.
ئه‌م هێزه نه‌رمه مرۆییه، وا پێویست ده‌كات سوود له توانا هزرییەكان و ئەزموونەكانیان وه‌ربگیرێت، نەخاسمە ئەو كورد یان كوردستانیانەی كە لە یەكێك لە بوارەكاندا یان لە چەندین بواردا، زانا و لێهاتوو و بەئەزموونن، دەگوترێ: "شام شه‌كره وڵات شیرنتره"، حیكمەتی ئه‌و دێڕە لەوەدایە كە لەڕووی رۆحیەوە مرۆڤ بە بە نیشتمانی خۆی دەبەستێتەوە، ئەگەر بە هەزاران كیلۆمه‌تریش لێوه‌ی دوور بێت، زێد و شوێنی له‌دایكبوون له‌بیر ناكرێت، ئه‌م په‌یوه‌ندییه ڕۆحیهیه كه ده‌بێته هۆی گرێدانی مرۆڤ به نیشتمانه‌وه.
پێویستیه‌كانی ژیان بێ سنوورن و كۆتاییان نایه‌ت، مرۆڤ بەردەوام هه‌وڵ ده‌دات ژیانێكی شایسته و ئاسوودە و ئارام و كارێكی باشتری ده‌ست بكه‌وێت، زۆربەی جار دووركه‌وتنه‌وه‌ش له خاك و نیشتمان، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هۆكارانه‌یه كه مرۆڤ ده‌یه‌وێت خۆی بدۆزێته‌وه و ئەو ژیانە بدۆزێتەوە كە خەونی پێوە دەبینێت، كاتێكیش كه ده‌گاته ئه‌و ئاسته‌ی زۆربەی حه‌ز و ئاواته‌كانی هاتوونەتە دی، ئیدی یادگارییه‌كانی زه‌مه‌نی پێشوو، هه‌وه‌سی بۆ زێد و وڵات و نیشتمانی راستەقینەی خۆی ده‌گه‌شێته‌وه و له‌گه‌ڵ ئێستای ژیانیدا ئاوێته‌یان ده‌كات.
هه‌ر کاتێك هه‌واڵێكم بەرچاو بكه‌وێت باس له‌و مرۆڤه كورده به‌توانایانه بكات كه له تاراوگه بوونه‌ته سیمبوڵ و ناویان له ڕیزی بیرمه‌ند و تواناساز و داهێنهرهكاندا بێت، له خۆشیی سه‌ركه‌وتنه‌كانیان هه‌میشه وتارێك ده‌نووسم تا پێ‌داگر بم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌و توانا مرۆییانه پێویسته لە كوردستانەوە لەخۆ بگیرێن.
پێشتر گەنج و زانای كورد (كۆچه‌ر بیركار) له ساڵی 2018 توانیی خه‌ڵاتی بیركاریی جیهانیی فێڵدز كه به (نۆبڵی بیركاری) ناسراوه، بەدەست بهێنێت، سه‌ردانی كوردستانی كرد و له‌لایه‌ن سه‌رۆك بارزانی و بەرپرسانی باڵاوە پێشوازیی لێ كرا، لەم رۆژانەشدا بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، پێشوازیی له زانا و پزیشك و داهێنه‌ری كورد (ئازاد نه‌جاڕ) كرد.
تا ئێستا چەندین نەوەی كورد له هەردوو بەشی ئه‌ورووپا و ئەمریكا له‌دایك بوون، ئه‌م نه‌وانه كوردانێكی زۆریان تێدایە كە هه‌ریه‌كه‌یان له بواری جیاجیادا خۆیان دۆزیوه‌ته‌وه، هه‌ریه‌كه‌یان به شێوازیك تابلۆی ژیانی خۆیان ده‌كێشێ، لێ ئه‌وه‌ی گرنگه بۆ هه‌رێمی كوردستان ئەوەیە كە به هیمه‌تی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌وڵ بدرێت سوود له‌و كوردە داهێنه‌ر و بهتوانایانە وه‌ربگیرێت تا ریفۆرم و تازه‌گه‌ری و گونجاندن له‌گه‌ڵ ئه‌م سیسته‌مه مۆدێرن و گلۆبالیزهشنهی جیهاندا بکرێت، بۆ زیاتر پێشخستنی بواره‌كانی زانست و په‌روه‌رده و ته‌ندروستی و ئابووری و بازرگانی و پیشەسازی و كشتوكاڵ و هونەر و كولتوور و وەرزش و سینەما و شانۆ..هتد.
ئه‌و كوردانه‌ی كه له ئاستی جیهاندا ناویان هه‌یه، بۆ ئێمه‌ی كوردیش جێی شانازین، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه سه‌رۆكی حكوومه‌ت سه‌ڕه‌رای مەشغەڵەت و سەرقاڵیی زۆری، سەرباری ئەركە قورسه‌كانی كە لەم باودۆخە ناهەموارەدا كەوتوونەتە ئەستۆی، لێ ده‌بینین كات و ده‌رفه‌تی گونجاو ته‌رخان ده‌كات بۆ بهرسهركردنهوهی توانسته مرۆییەكان، بێگومان دیداری بەڕێزیان بۆ گەنجانی داهێنەری كوردیش هەمان هەڵسەنگاندنم بۆی هەیە، ئه‌مه‌ش خۆی له خۆیدا بایەخی زۆری هه‌یه و دیدگای رژد و وردی سەرۆك وەزیران پیشان دەدات بۆ پێشكەوتنی كوردستان، ئەمە جیا لەوەی ئه‌م جۆره بایه‌خدانه به كه‌سانی كورد له تاراوگه و داهێنەرانی دیكە، زیاتر هه‌ستی كوردبوون و وەلا بۆ كوردستان به خودی مرۆڤە لێهاتووەكان ده‌به‌خشێ.
بایه‌خدان و پشگوێ نه‌خستنی ئه‌و هێزه نه‌رمه‌ی له تاراوگه‌دا هه‌یه، ده‌بێته كۆڵه‌گه‌یه‌كی مه‌زن بۆ دروستكردنی لۆبیه‌كی به‌هێز له ئه‌ورووپا، له‌ڕێگه‌ی ڕه‌وه‌ندی كوردی و كوردستانیەوە ده‌توانرێت كاریگه‌ریی باش له ناوه‌نده گرنگه‌كانی ڕۆژئاوادا دروست بكات، دروستكردنی ده‌وڵه‌تێكی به‌هێز و پێشكه‌وتوو، ته‌نیا بە سیاسەت و ئابووری و سەرباز و ئەمنیەت نیه، به‌ڵكوو سوودوهرگرتنە له توانا مرۆییه‌كانی تاكه‌كانی گه‌له‌كه‌مان لە هەموو بوارەكاندا، ئەمە دروستترین ڕێگه‌یه بۆ به‌هێزكردنی پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان.
-basnews