شاعیرێکی بە خەم سەرخۆش
حەمەسەعید حەسەن

پۆڵ ڤاین (١٩٣٠ - ١٩٢٢) مێژوونووس و ئوستادی شارستانیی ڕۆمانی، لە کۆلیج دوو فرانس، لە حوزووری (ڕینێ شار)ی (١٩٠٧- ١٩٨٨) گەورەشاعیری فەرەنسادا، کە دواناوەندییشی تەواو نەکردبوو، خۆی بە شاگرد دەزانی. پۆڵ ڤاین دەڵێت: (شیعرەکانیم دەپەرست، هەر کە بە شیعری ئاشنا بووم، دەرکم بەوە کرد، شاعیرێکی بلیمەتە و چەندان جار ئەو کۆمەڵەشیعرەیم خوێندەوە کە ناوی نابوو: (هەر ئەوان دەمێننەوە) و زۆریانم لەبەر کرد.

(فرانسۆ مێتران)ی سەرۆکی فەرەنسایش کە سەردانی ئەو شاعیرە مەزنە دەکات، پێی دەڵێت: ڕێگەم دەدەیت نەختێک لەسەر کورسییەکەی مێزی نووسینەکەت دابنیشم؟ ڕینێ شار بەنابەدڵی مۆڵەتی دەدات و پێی دەڵێت: تۆیەک لەسەر عەرشی دەسەڵات دانیشتوویت، هەقت بەسەر عەرشی شیعرەوە چییە؟ ڕینێ شار بێجگە لە دەسەڵاتی شیعر، ددانی خێری بە هیچ دەسەڵاتێکی تردا نەدەنا. کە باسی خەڵاتی نۆبڵ دەکرا، پێی سەغڵەت دەبوو، دەیگوت: من سوریالیم، سوریالییەکان هیچ خەڵاتێک قەبووڵ ناکەن.

ڕینێ شار لە شیعرەکانیدا، ناونیشانی ئەو کتێبەیە کە پۆڵ ڤاین لەبارەی ئەو شاعیرەوە دەینووسێت و دوای مەرگی شاعیر بڵاو دەبێتەوە. ڕێنێ شار هەر شاعیرێکی گەورە نەبوو، تێکۆشەرێکی گەورەیش بوو، ئاخر کە ئەڵمانیا سەروەختی دووەمین جەنگی جیهانگرەوە، فەرەنسای داگیر کرد، هەر زوو چەکی بەرەنگاربوونەوەی لە شان کرد. ڕینێ شار چونکە نەک تەنیا هەروەک شاعیر، وەک قارەمانی بەرەنگاربوونەوەیش ناوبانگی دەرکرد، بۆیە پێیان دەگوت: دیگۆڵی شیعر.

پۆڵ ڤاین دەڵێت: ددانی پێدا دەنێم، هەر لە یەکەمین دیدارەوە هەستم کرد، ڕینێ شار کەسایەتییەکە کاریزماتیک، کەسایەتییەک خەرمانەیەک لە شکۆ و مەزنایەتی دەوری دابوو، کەسایەتییەک بەبێ ئەوەی بخوازێت، داگیرت دەکات. جارێکیان پێی گوتـم: ئومێدی زۆر لەسەر شاعیر هەڵمەچنە، ئاخر شاعیریش ئینسانێکی ئاسایییە و هەمیشە شاعیر نییە، تەنیا ئەو وەختانە شاعیرە کە وەتاق دەکەوێتەوە، دەورووژێت و شیعری بۆ دێت. پۆڵ ڤاین لە بەشێکی کتێبەکەیدا، باسی پێوەندیی نێوان ڕینێ شار و فەیلەسووفەکانی وەک: هایدگەر و نیتشە دەکات و دەڵێت: هەرچەندە ڕێنێ شار پێوەندیی لەگەڵ هایدگەر خۆشبوو، بەڵام هایدگەری نەبوو، نیتشەیی بوو، (لەدایکبوونی تراجیدیا)ی نیتشە، کتێبی دڵنشینی بوو.

ڕینێ شار کە یەکێکە لە شاعیرە هەرە گرنگەکانی سەدەی بیست، شەڕی بۆ ئازادی دەکرد، شەڕێکی بەردەوام. بە کۆمەکی خوازەی جوان و زمانێکی تەمومژاویی باڵا دەینووسی. کە بە شەرابی خەم مەست دەبوو، هەڵدەچوو، شیعرەکانی زادەی ڕووداو نەبوون، ڕووداویان دەخوڵقاند. هەر کە هیتلەر دەسەڵات دەگرێتە دەست، ڕینێ شار دەڵێت: شەڕێکی نوێ کە بەڕێوەیە، شەڕێکی ئاسایی نابێت، مەترسی دەبێت بۆ سەر شارستانی.

بەری بەیانیان دوژمنی کەس نیم
جەللاد نەبێ
تاقە مامۆستایەک بۆ ئێمە گونجاو بێ
بروسکەیە
یان ڕۆشنمان دەکاتەوە
یان دەمانکات بە دوو کەرتەوە
*
(١) رینیە شار وحدە بدون معلم، أسکندر حبش، ٥ أیلول ٢٠١٥ السفیر اللبنانیة.
(٢) أحد کبار مؤرخي فرنسا یتحول إلی تلمیذ أمام شاعر، هاشم صالح ٢٢ أیلول ٢٠١٥ الشرق الأوسط.

AM:01:02:23/10/2022