من کەسێکی ناحیزبی و ئەنارشیستم
حەمەسەعید حەسەن
من کەسێکی ناحیزبی و ئەنارشیستم
حەمەسەعید حەسەن

* ئێمە نزیک دەبینەوە لە یادی ڕۆژنامەی هەولێر ئێوە چ پەیامێکتان هەیە؟

** من لەمێژە لە ڕۆژنامەی هەولێردا دەنووسم، پازدە شازدە ساڵێکە. لەسەرەتاوە زیاتر لێکۆڵینەوەی ئەدەبیم تێدا دەنووسی، زۆر جار دوو یان سێ لاپەرەی ڕۆژنامەکە بۆ باسەکانم تەرخان دەکران. ساڵانێکیشە هەم توێژینەوەی ئەدەبیی تێدا دەنووسم و هەم هەفتانە ستوونێکیشی تێدا بڵاو دەکەمەوە.

ئەوەی کە زۆر بەلامەوە گرنگە و وای کردووە ڕۆژنامەی هەولێرم خۆش بوێت، ئەوەیە هەولێر ڕۆژنامەیەکی ئازادە. هەرچەندە هەولێر لە ڕاگەیاندنی پارتییەوە کۆمەک دەکرێت، بەڵام بۆ من وەکوو ڕۆژنامەیەکی ئازاد وایە، هەر چییەکم دەربارەی هەر بابەتێک بۆ نووسیبێت، وەک خۆی بڵاو کراوەتەوە، هەرگیز ڕستەیەکم لە هەولێر ڕەت نەکراوەتەوە. هەرچەندە من خۆم کەسێکی ناحیزبی و ئەنارشیستم، بەڵام هەرگیز نەیانگوتووە ئەم پەرەگرافە، یان ئەم ڕستەیە لەگەڵ سیاسەتی ڕۆژنامەکە ناگونجێت، بۆیە هەمیشە بە عیشقەوە بۆ هەولێرم نووسیوە. 

هیچ یەک لەو ڕۆژنامانە و کەناڵانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەهلی و ئازاد و سەربەخۆن، ئەو بوێرییەی هەولێر لە بەردەم نووسینەکانی مندا هەیبووە، ئەوان نەک هەر نەیانبووە، بەڵکوو ترسیشیان لە بڵاوکردنەوەی نووسینەکانم هەبووە، هەرچەندە زۆربەیان ئەگەر نەڵێم هەموویان، ئەدەبی و ڕۆشنبیری بوون. 

هەولێر کە بە تیراژێکی زۆر دەردەچێت و دەگاتە شار و شارۆچکەکانی کوردستان، بەوە دڵخۆشم کە خوێنەرانم دەبارەی نووسینەکانی هەولێرم پێوەندیم پێوە دەکەن و بۆچوونی خۆیانم پی دەڵێن. بەوە سەرسامم کە هەولێر جوان دابەش دەکرێت، وێڕای ئەوەی وەک ڕۆژنامە دەگاتە هەموو گۆشەیەکی هەرێمی کوردستان، ماڵپەڕێکی چالاکیشی هەیە کە بە دنیادا بڵاوی دەکاتەوە. هیوادارم هەولێر بەردەوام بێت، بایەخی زیاتری پێ بدرێت، لە پێشکەوتنێکەوە بۆ پێشکەوتنێکی تر هەنگاو بنێت و بەردەوام گۆڕانکاری لە خۆیدا بکات. 

* تایبەتمەندییەکانی ڕۆژنامەی هەولێر لەناو کایەی ڕۆژنامەگەریدا چۆن دەبینن؟

** هەولێر هەموو ڕۆژ نا، بەڵام ڕۆژە نا ڕۆژێک، یان کەمتر، ستوونێکی لە لاپەڕەی پیشەوەی تێدایە کە ئەوە سیاسەتی ڕۆژنامەکەیە. ئیدی بەشەکانی دیکەی ڕۆژنامەکە بەگشتی قسە لەگەڵ خەڵکێکی فراوان دەکات، لەگەڵ ڕۆشنبیران، کاسبکاران، وەرزشوانان، سیاسەتمەداران و لاوان. لەبەر ئەوەی ڕۆژنامەیەکی فرەڕەهەندە، بایەخ بە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دەدات و لەبەر ئەوە ئەو سیاسەتەی ڕۆژنامەکە ڕەچاوی دەکات، من بەلامەوە سیاسەتێکی سەرکەوتووە و هیوادارم لەسەر ئەو پرۆگرامە بەردەوام بێت و گەشەی پێ بدات.

*مامۆستا ئێوە وەکوو نووسەر و ڕەخنەگرێک، ئەو هەڵانە چین کە لە ڕۆژنامەی هەولێردا دەبینرێت و پێویستە کاریان لەسەر بکرێت؟ 
  
** ئەوەی بەلای منەوە گرنگە و لە نووسینەکانی خۆمدا بایەخێکی زۆری پێ دەدەم، زمانی شیرینی کوردییە، هیوادارم هەولێر داوا لە هەموو ئەوانە بکات کە تێیدا دەنووسن، بایەخێکی تەواو بە زمانەکەیان بدەن و بەو کوردییە بنووسن کە ئێستا وەکوو ستانداردی لێ هاتووە. ناکرێت خۆمان بە نووسەر بزانین و ڕێزمان و ڕێنووس و خاڵبەندی ڕەچاو نەکەین. هەولێر بێجگە لەوەی پەیامی خۆی هەیە، با پەیامی بایەخدان بە زمانی کوردییش هەڵبگرێت، گەشەسەندنی زمانی کوردی بەلایەوە گرنگ بێت و چەسپاندنی زمانی ستانداردی کوردی جێی بایەخی بێت. حەز دەکەم ئەوە وەکوو مەرجێک بەسەر ئەوانەدا بسەپێنن، کە لە ڕۆژنامەکەدا دەنووسن، کە پێویستە بە کوردییەکی ڕەوان و پوخت و دروست بنووسن.

AM:12:05:20/11/2023