دەڵێی دەست بۆ پشکۆ دەبەم
حەمەسەعید حەسەن
منداڵانی گەڕەک

ڕێکخستنەکانی بەنگکێشان تەواو نهێنی بوون، ئەوەندە بە دڵگەرمییەوە کاریان دەکرد و بڕوایان هێندە قووڵ و پتەوبوو، نابینایانە گوێڕایەڵی بەرپرسانیان دەبوون و بێباکانە بەرەو ڕووی مەرگ دەبوونەوە، تەنانەت لەسەر خواستی ڕێبەرەکانیان، بێ دوودڵی لە ترۆپکی چیا بڵندەکانەوە خۆیان هەڵدەدێرا و قوربانیدانیان لەسەر ئاستی دنیا بێوێنە بوو. لە ئەورووپا، زاراوەی ئەساسین، (حەشاشین) بە مانای تیرۆرکردن دەهات. شاعیرێکی عاشقی ئەورووپایی بە ئەویندارەکەی گوتبوو: ( وەها بەرزەفتت کردووم، مەگەر پیری بەنگکێشان وەها شوێنکەوتووانی خۆی کۆنترۆڵ کردبێت.) یەکێکی تریان نووسیبووی: (بەنگکێشان چۆن لە فەرمانی پیری سەروەریان دەرناچن، منیش بە هەمان دڵسۆزییەوە گوێڕایەڵی تۆم.) یان: (من بەنگکێشی تۆم، بە هیوای گەیشتن بە بەهەشتی تۆ، بێ یەکودوو فەرمانەکانت جێبەجێ دەکەم.)

بەنگکێشان بڕوایان بە یاخیبوون لە فەرمانڕەوایەک هەبوو کە خراپ بێت و پێیان وابوو، (ئەوە ئەرکی موسوڵمان نییە، گوێرایەڵی فەرمانڕەوایەک بێت لە خودا یاخی بووبێت.) بەنگکێشان کۆمەڵێک بکوژ نەبوون و هیچی دیکە، بەڵکوو خاوەنی ئامانجی سیاسی بوون، کە بریتیبوو لە دامەزراندنی فەرمانڕەوایییەکی دادپەروەرانە و سیستەمێک، ڕێبەرێک بەڕێوەی ببات، سەرچاوەی دەسەڵات و شەریعەتیش بێت. ئەم ئامانجەیش هەوادارێکی زۆری هەبوو، بەتایبەتی ئەوانەی گیرۆدەی دەستی ستەمی ڕژێمی خەلافەت بووبوون کە تەنانەت نەیتوانیبوو ڕێ لە هەڵمەتی خاچهەڵگرنیش بگرێت. ئەستێرەی بزووتنەوەی بەنگکێشان دوو سەد ساڵێک درەوشاوەبوو، تا مەغۆلەکان هاتن و بەڕەیان لەژێر پێیان ڕاکیشا، هەرچەندە هێشتا لە سووریا و هیند و پاکستان شوێنکەوتووانی لاشەڕیان ماون.

گەڕیدەی ناودار مارکۆ پۆلۆ (١٢٥٤ – ١٣٢٤) بە وڵاتی فارسدا تێپەڕیوە و وەها باسی دەوروبەری قەڵای (ئەلەمووت)ی کردووە کە ماوەیەکی درێژ، بنکەی سەرکردایەتیی بەنگکێشان بووە: (پیری بەنگکێشان هەموو دەرووەکانی ئەو دۆڵەی داخستبوو کە دەکەوتە نێوان دوو شاخی بڵندەوە، دۆڵەکەی کردبوو بە باخێکی جوان و بەرینی تژی لە درەختی میوەی جۆراوجۆر و هەر لەوێ قەڵای قایم و تەلاری دڵگیریشی ڕۆنابوو. لە باخەکەدا کە جۆگەلەی مەی، هەنگوین، شیر و ئاوی پێدا تێدەپەڕی، ژنە هەرە جوانەکانی دنیاشی لێ بوو کە ئامێری موسیکیان دەژەند، بە دەنگێکی خۆش گۆرانییان دەچڕی و دڵڕفێنترین سەمایان دەکرد. پیر بۆیە باخەکەی وەها ڕازاندبووەوە، تا شوێنکەوتووانی بەوە قایل بکات، ئەوێ ئەو بەهەشتەیە کە پەیامهێن باسی کردووە.)

پیر لێ نەدەگەڕا لە غەیری هەوادارانی خۆی، کەسی دیکە پێ بنێتە ئەو باخەوە کە هەر لەو باخانە دەچوو لە قورئادا باسیان کراوە. پیر گەنجێکی دەهێنا، هێندەی شەرابی خەست دەرخوارد دەدا، تا بەنگ دەبوو، ئەوسا فەرمانی دەکرد، بیبەن بۆ باخی بەهەشت. گەنجەکە کە لە خەوی قووڵ بێدار دەبووەوە، خۆی لە باخێکی دڵگیردا دەبینییەوە کە ژنانی جوان دەورەیان داوە و دەستگەمەی لەگەڵدا دەکەن، ئیدی هیچ ناهەقی نەبوو، پێی وابێت، ئەوێ بەهەشتە. پیر کە دەیویست گەنجێک بۆ تیرۆرکردنی کەسێک بنێرێت، پێشەکی ئەو بەهەشتەی پیشان دەدا، ئیدی گەنجەکە بە ئومێدی بەهەشت، سڵی لە مەرگ نەدەکردەوە و پیر چی لێ داوا کردبا، جێبەجێی دەکرد. پیر بە گەنجە فریوخواردووەی دەگوت: (بڕۆ فڵان میر یان فەرماندەم بۆ بکوژە، کە هاتییەوە، دەتنێرمەوە بۆ ئەو بەهەشتەی لێی بوویت.) پیر لەڕێی بەنگکردنی لاوانەوە، بە شەرابی تایبەتی و بە ژنانی زێدەجوانی باخەکەی، بە جۆرێک ترسی خستبووە دڵی دەسەڵاتدارانەوە، سەرانەی لێ دەسەندن.

مارکۆ پۆڵۆ دەنووسێت: (پیر کەسانی وەهای پێ گەیاندبوو، وەک خۆی هەڵسوکەوتیان دەکرد، هەم لە دەوروبەری دیمەشق و هەم لە کوردستانیش نوێنەری خۆی ئاسای هەبوو.) ئیسماعیلییەکان لە سووریا، نەک لە فارس، بەنگکێشانیان پێ دەگوترا و سەرۆکەکەیشیان بە شێخی چیا بانگ دەکرا. لە فارس سەرۆک بە پیر ناوی دەهات کە وشەیەکە بۆ ڕێزلێگرتن دەگوترێت. پیری چیا، بەهەشتی بەنگکێشان، بازدانی مەرگ لە دوندی چیاوە، خۆ شاردنەوە لە کۆشک و سەرای دوژمندا و تیرۆرکردنی کەسانی دەسەڵاتدار، لە ئەدەبی ئەورووپاییدا ڕەنگیان داوەتەوە و ڕۆمانی (منداڵانی گەڕەک)ی نەجیب مەحفووزیش، کەم و زۆر کاریگەریی مێژووی بزووتنەوەی بەنگکێشانی پێوە دەبینرێت.

AM:01:43:19/03/2024