شیعر ڤاکسینێکە دژی ڤایرۆسی عەدەم
حەمەسەعید حەسەن

شیعر هەر شێوەیەک نییە لە شێوەکانی دەربڕین، ڕووخسارێکی گەشی ناسنامەی کولتووری و نەتەوەییشە. شیعر هەر لایەنێکی هاوبەشی مرۆڤایەتی نییە، سەنگەری پێشەوەی پاراستنی زمانی دایکی ئەوە نەتەوانەیشە، مەترسی لەسەر زمانیان هەیە. شیعر ئەو ناوکەداوەیە دەمانبەستێتەوە بە دایکی نیشتمانەوە. شیعر ناخمان ڕۆشن دەکاتەوە، لێ ناگەڕێت لە ژیان بێزار ببین، ورەمان بەرز ڕادەگرێت و کۆمەکمان دەکات، خەون بە دونیای جوانترەوە ببینین.

بەهۆی شیعرەوە کە ترپەی دڵی عاشقانە، توانای فڕین و خەونبینین بە ئازادییەوە پەیدا دەکەین. پێناسەکردنی شیعر ئاسانە، ئەگەر لەو شیعرەدا بۆی بگەڕێین کە سەرسامی کردووین. لەگەڵ سەرهەڵدانی ئینساندا، شیعریش پەیدا بووە و تا ئینسان بمێنێت، شیعریش دەمێنێت. داستان کە چیرۆکی ئەڤینی ئینسانی دێرینی، بە نەمری هێشتووەتەوە، بە شیعر نووسراوەتەوە. هیچ هونەرێک وەک شیعر، ئینسان ناهەژێنێت و قووڵ بە ناخیدا شۆڕ نابێتەوە.

ئەگەر ئینسانی ئاسایی جارێک بەرەو ڕووی مەرگ ببێتەوە، ئەوا شاعیر دوو جار بەرەو ڕووی مەرگ دەبنەوە، جاری دووەمیان وەک بایەلۆجیا نامرێت، لە داهێنان دەکەوێت و وەک داهێنان دەمرێت. مردنی جۆری یەکەم بەرەو ڕووی هەموو مرۆڤایەتی دەبێتەوە، بەڵام جۆری دووەم کە لای کەم هێندەی جۆری دووەم سەختە، تەنیا بەرەو ڕووی داهێنەران دەبێتەوە.

ترسی لە داهێنان کەوتن، بۆیە ئەوەندە دژوارە، چونکە بوونی داهێنەر بە بوونی دا‌هێنانەوە بەندە و داهێنەر هەر کە هەستی کرد، توانای بەخشینی نەماوە، ئەو هەستەی لەکن دروست دەبێت، کە کەسانێک هەیانە، توانای وەچەخستنەوەیان نەبێت. ئینسانی ئاسایی تەنیا یەک جار تاڵاوی مەرگ دەنۆشێت، بەڵام دا‌هێنەری لە داهێنان کەتوو، بەردەوام ژاری وشکبوونی کانیاوی بەهرەی دەنۆشێت.

شاعیر کە تەنیا شارەزای یەک پیشەیە کە مامەڵەکردنە لەگەڵ وشەدا، هەر کە ئەو توانایەی لە دەست دا، هەست دەکات هەبوونی پێویست نییە و خۆی بە لاورگە دێتە پێش چاو. نووسین خۆی هەڵاتنە لە مردن، ئاخر نووسەر لەڕێی نووسینەکانییەوە، نەمری بۆ خۆی دابین دەکات. ئینسانی ئاسایی سوور دەزانێت، ڕۆژێک دەمرێت و بەو سەرئەنجامە قایلە، بەڵام لە داهێنان کەوتن، مەرگێکە داهێنەر هەرگیز لەگەڵیدا ڕانایەت.

گەلێک جار بووکی توانای نووسین لە نووسەر دەتۆرێت، بەڵام ڕەنگە زۆری پێ نەچێت لەگەڵیدا ئاشت ببێتەوە. نەجیب مەحفووز دوای شۆڕشی یۆلیۆی ١٩٥٢ چەند ساڵێک هیچی بڵاو نەکردەوە، بەڵام لە ١٩٥٦دا بە ڕۆمانی (نێوان دوو کۆشک)دا، دەرکەوتەوە و زۆری نەبرد دوو ڕۆمانی تریشی بڵاو کردەوە، کە ئەو سێ ڕۆمانە لوتکەی داهێنانی پێک دەهێنن. کێشە گەورەکە ئەوەیە، مەرج نییە هەموو بێدەنگییەک، نووسینی بەدوادا بێت، ئاخر دەشێت نووسەرێک لەناکاو، بە یەکجاری توانای نووسین لە دەست بدات، وەک چۆن ئینسانێکی ئاسایی، لە تافی لاویدا، لەپڕ دڵی دەوەستێت.

نووسەر هەیە دوای ماوەیەک لە بێدەنگی کە دێتەوە گۆ، خۆی دووبارە دەکاتەوە و هیچی نوێ پێشکەش ناکات، بۆ ئەو نووسەرانە وا باشترە هەر کڕ بن، ئەگەرنا زیان بە ڕابردووی پرشنگداریان دەگات. لای شاعیر پەنگخواردنەوە نییە، ئاخر کانیاوی شیعر کە تەقییەوە، بەری پێ ناگیرێت و لە توانای شاعیردا نییە، خۆی لێ بدزێتەوە. ڕامبۆ بەرلەوەی تەمەنی ببێت بە بیست ساڵ، وازی لە نووسینی شیعر هێنا، بەڵام لەسەر ئاستی جیهان، یەکێک لە ئەزموونە هەرە جوانەکانی پێشکەش بە بزاڤی شیعر کرد. هەردی لە (لوتکەی بڵندی گەنجیدا) کانیاوی شیعری جوانی لە خوڕە کەوت، گۆران وەک بایەلۆجیا، مەرگ نەک هەر لە دەرگەی ژیانی دابوو، بەڵکوو دەستیشی لە یەخەی گیر کردبوو، بەڵام وەک شیعری جوان، هەر لە داهێنان نەکەوتبوو.


AM:03:07:25/03/2021