ئاگری بێ دووکەڵ
حەمەسەعید حەسەن

تە کنیکی نوێ لە نووسیندا ئەوەیە، زەوییەک بکێڵین، پێشتر نەکێڵرابێت.

یـــان بە دەربڕینێکی دیکە، بەیار بکەین بە کێڵگە. تەکنیکی نوێ ئەوەیە، وەسیەتنامەکان ڕەچاو نەکەین و لە قسەی پێشینیان یاخی ببین. بۆ ئەوەی بەو تەکنیکە نوێیانە ئاشـــنا ببین کە فڵان شاعیر یان ڕۆماننووس بەکاری هێناون، دەبێت بچین بەرهەمەکانیـــان بخوێنینەوە، ئەگەرنا ڕێگە چارەی دیکەمان لە بەردەمدا نییە. بۆیە وا دەڵێم، نەک بچین بە پێشداوەری فری وبخۆین کە بە دونیای ڕەخنەی ئەدەبی نامۆیە.

وەک چـــۆن ڕۆماننووس بۆ خوێندنەوەی دەوروبەر و دونیا، پێویســـتی بە مەعریفەیەکی قووڵ هەیـــە، خوێنەریش ئەگەر خۆی بە مەعریفە تەیار نەکردبێت، ئەستەمە لەو نووسەرانە تێبگات کە قووڵ و جیاواز دەنووسن. ڕۆمان پرســـیار دەورووژێنێت، بۆ ئەوە نانووســـرێت، شتێک بسەلمێنێت.

ئاییـــن و ئایدۆلۆجیا بە چەســـپاندنی چەمکی پیرۆزەوە ســـەرقاڵن، بەڵام ڕۆمان پێمان دەڵێت: یەقین لوتکەی گەوجایەتییە. ئەدەب ئەگەر سەرقاڵی پڕوپاگەندەی سیاسی بێت، ڕۆڵی ئەو دەمامکە وازی دەکات کە ڕووخساری
دزێوی جەڵاد دەشارێتەوە.

نووســـەر ئەگەر شـــارەزای کلاسیک نەبێت، بۆی ئاســـان نییە هەوڵی نوێکردنەوە بدات، میلان کوندێرا کە ڕۆمانی نوێ کردووەتەوە، لە نووسەرە فەرەنســـایییەکاندا بە دەنیس دیدرۆ (۱۷۱٣ - ۱۷۸٤) سەرسامە. ڕەنگە خوێنەر ئەگەر ئاشنای ئەدەبی کوندێرا نەبێت، لە بایەخی قۆشمە تێنەگات. کوندێرا پێی وایە: (ئەوی چێژ لە قۆشـــمە وەرنەگرێت، شایســـتەی ئەوە نییە، متمانەی پێ بکرێت، سەردەمی هەژموونی ستالین، خەڵکم بە زەردەخەنەکەیدا دەناسییەوە، نەیاری جەلـلادە یان دۆستی.)

میلان کوندێرا بە وەرگێـــڕی ڕۆمانەکانی دەڵێت: (بەرهەمی من، ماڵی منـــە، ماڵی تۆ نییە، مافی ئەوەت نییە، لە ماڵی مندا بە ئارەزووی خۆت هەڵسوکەوت بکەیت. هەقی ئەوەت نییە، بچووکترین گۆڕانکاری لە تێکستی مندا بکەیت.) کە جاران دەیانگوت: وەرگێڕان ناپاکییە، ڕاســـتیان دەکرد ناپاکـــی بوو، بۆ نموونە: کاتێک وەرگێر بازی بەســـەر هەر پەرەگرافێکدا دەدا، بـــە ئێرۆتیکای زانیبـــا.)

کوندێرا دەڵێت: ئەوە هـــەر ناپاکی نییە، ئەتککردنی دەقی ئۆرجیناڵیشـــە، ئەگەر وەرگێڕ لە ماڵی نووسەردا، خۆی لێ ببێت بە خاوەنماڵ، ئاخر وەرگێر مافی ئەوەی نییە، بۆ یەک ڕستەیەیش خۆی لێ ببێت بە نووســـەری تێکستەکە. هەڵەی کوشندە ئەوەیە، وەرگێر ئەوە نەزانێت کە دەقێک تەرجەمە دەکات، سەرلەنوێ ناینووسێتەوە

-hawler.in
AM:03:50:08/07/2021