ئاگری بێ دووکەڵ
حەمەسەعید حەسەن


ئاوگوســـت ســـتریندبێرگ: بیۆگرافیا و ڕاڤەکـــردن، کە دانا ڕەئووف نووســـیویەتی و ۲۰۱۹ ناوەندی ڕۆشـــنبیریی ڕەهەند چاپی دووەمی بڵاو کردووەتەوە، کتێبێکە لەبارەی ژیاننامە و بەرهەمەکانی مەزنترین ئەدیبی ســـوێدەوە کە لە بوارەیلی نووسینی ڕۆمان، شانۆنامە، شیعر و بیروەریدا ڕچەشکێن بووە.

ئاوگوست ستریندبێرگ (۱۸٤۹ - ۱۹۱۲) هاوســـەردەمی ئەنتوان چیخۆڤ (۱۸٦۰ - ۱۹۰٤) و هەنریک ئیبســـن (۱۸۲۸ - ۱۹۰٦)
بووە و بە سێقۆڵی لەسەر ئاستی دونیا، شانۆیان نوێ کردووەتەوە.

ســـتریندبێرگ نووســـەرێکی بلیمەتـــی ڕاڕا بووە، لـــە هێلانەی باوەڕێکـــدا جێی بە خـــۆی نەگرتووە و زوو زوو گۆڕان بەســـەر فیکریدا هاتووە، ســـەردەمێک نووســـەرێک بووە ناتورالیســـت، ئەو ڕێبازەی نێمیل زۆلا دایهێنا، ماوەیەک وەک جان جاک ڕۆســـۆ گەڕاوەتەوە بۆ ئامێزی سروشت، ساڵانێک بە بیرۆکەی سوپەرمانی نیتشە سەرسام بووە و دابونەریتی فەرامۆش کردووە.
لە نێوان ســـاڵانی ۱۸۹۲ و ۱۸۹۸دا تووشـــی کێشەی دەروونی هاتووە و دواتر لە بواری نووســـینی ئەدەبی سایکۆلۆجیاییدا، داهێنانی تۆمار کردووە و بە قووڵی کاری لەسەر خەون و نەست کردووە.

دانـــا ڕەئووف بە پشـــوودرێژییەکی کەموێنەوە، بە زمانێکی پوخـــت و پاراو، هەم ژیاننامەی ســـتریندبێرگی نووســـیوەتەوە و هەم کۆی بەرهەمەکانـــی ئەوی، لێزانانە بە خوێنەر ناســـاندووە، بۆیە هەر کەس بخوازێت کەســـایەتیی ســـتریندبێرگ لە نزیکەوە بناســـێت، بە ئیشەکانی ئاشنا ببێت و چێژێکی زۆریش لە خوێندنەوە وەربگرێت، هەقە بێ دوودڵی بچێت، کتێبی: (ئاوگوســـت ســـتریندبێرگ: بیۆگرافیـــا و ڕاڤەکردن)ی بە زانیاری دەوڵەمەندی، دانا رەئووف بخوێنێتەوە. نازانم ئێوە بە چی ڕۆحتان دەوڵەمەند دەکەن، من پێم وایە بۆ ئەو مەبەستە، هیچ شتێک ئەوەندەی خوێندنەوەی کتێبی چاک فریامان ناکەوێت، کتێبێکی دانســـقەی لە چەشـــنی: ئاوگوست ستریندبێرگ: بیۆگرافیا و ڕاڤەکردن.

ستریندبێرگ لە ڕۆمانی (کوڕی کارەکەر)دا، کە بە زمانێکی باڵای ئەدەبی نووسراوە، بەشـــێک لە ژیاننامەی خۆی دەنووســـێتەوە، بەڵام دانا ڕەئووف لەم کتێبەیدا، نزیکەی هەموو ژیانی ئەوی نووسیوەتەوە. ســـتریندبێرگ چونکە کەسایەتییەکی سادە نەبووە، تێگەییشـــتن لێی ئاســـان نەبووە، ئاخـــر بۆ نموونـــە، لە لایەکەوە وەک شـــەرمنێک هەڵســـوکەوتی کردووە و لە لایەکی ترەوە، شەرم بە بەرهەمەکانییەوە دیار نەبووە، بە تایبەتی ئەو وەختانەی ئەدەبێکی ڕووهەڵماڵراوی نووسیوە،ئەدەبێک تێیدا ئەوەی ڕێزی لێ نەگرتبێت، دابونەریتی باو بووە.

کەم نووسەر هەن، هێندەی ســـتریندبێرگ، ژیانیان لە بەرهەمیاندا ڕەنگی دابێتەوە، (خودی ستریندبێرگ و ئوستادەکەی شانۆنامەی: ئوستاد ئوولۆف دووانەیەکن، ئەمیان لە گۆشت و خوێن و ئەویان لە شیعر.) ستریندبێرگ بە کاریگەریی مارک توەین، هەردوو ڕۆمانی: (ژوورە ســـوورەکە) و (مەملەکەتێکی نوێ)ی بە شـــێوازێکی ساتیرئامێز و بە زمانێکی زبر نووســـیوە، کە تێیاندا ڕەخنەی توند لە کۆمەڵ و لە دەســـەڵات دەگرێت. کۆمێدیا لەکن ستریندبێرگ کۆمیدیایەکی تاکمەودای ڕووکەش نییە، کۆمیدیایەکی ڕەشی
تابووشکێنە، بەو ئاستە بڵندەی مارک توین و بێرنارد شۆ پێیان دەنووسی.

-hawler

AM:02:46:19/08/2021