نابێ لە غیابی دەستووردا بین
تانیا تاهیر

کاتێک بمانەوێ لەسەر نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان بدوێین،  ناتوانین خۆمان ببوێرین لەو قۆناغە مێژوویانەی كە خەمی دەستەبەرکردنی داخوازییە ڕەواکانی نەتەوەكەمانی پێدا تێپەڕیووە تا بتوانین لەچوارچێوەی قەوارەیەكی یاسایی و دەستورری دانپێنراوی ناوخۆییی و دەرەكی دا ممارەسەی دەسەڵات و ماف و ئازادییەكانمان بكەین.

من پێم وایە قۆناغەكانی مێژووی خەباتمان بەگوێرەی سەردەمەكان و هاوكێشە ناوخۆیی و دەرەكییەكان جیاوازی زۆری هەیە، بۆیە ئەگەر قۆناغی یەكەم لەخەباتی سیاسی و چەكداری شۆڕشی ڕزگاریخوازی گەلەكەمان بەسەرهەڵدانی شۆڕشە یەك لەدوایەكەكان دەست پێبكات، تەماشادەكەین سەرجەم داخوازییەكانمان خۆی لەچەند خاڵێكی سادەی مافی ڕەوای گەلان و پاراستنی زمان و كلتور و فەرهەنگ و خاك و خۆڕێبەری ئیداری لەچوارچێوەی عێراقدا و بە پاراستنی گیانی یەكڕیزی و پێكەوەژیانی ئاشتیانە زیاتر نەبووە، كە بەداخەوە سیاسەت و ئیرادەی فاشیزمی عەرەبی لەهیچ قۆناغێك دا ئەمەی پێ ڕوانەببینیوین و تا گەیشتە ئەوەی ویستی سڕینەوەی ناسنامە و بونمان لەسەر خاكی خۆمان ڕقی پیرۆزی جەماوەری كوردستان بەهاوكاری هێزە سیاسییە شۆڕشگێڕەكانی ڕاپەڕین و كۆڕەوەی هێنایە بەرهەم كە ئەمەش قۆناغی دووەمی ئەومێژووەی تۆماركرد و پرسی كورد سنوورەكانی تێپەڕاند و بووە پرسێكی نێودەوڵەتی لەچوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا پاراستنی ناوچەڕزگاركراوەكان و تاكی كوردستانی بوو بەئەمری واقع.

 خۆشبەختانە سەركردایەتی سیاسی كورد بەیەكڕیزی و تەبایی قەوارەیەكی یاسایی و سیاسی دروست كرد كە لە دونیای یاسای دەستوریدا ناونرا حكوومەتی ئەمری واقع، بەمەشەوە نەوەستان لە 4/10/1991 لەلایەن ئەنجومەنی نیشتمانی ئەوكاتەوە بڕیاری ڕاگەیاندنی فیدراڵی درا، كەدیسان ئەمەش وەك غەمی سەركردایەتی سیاسی كورد بۆ نیەت پاكی و سەقامگیری سیاسی و ئیداری و كۆمەڵایەتی ئەزموون و خەباتی گواستەوە بۆ قۆناغێكی تری مێژووی، تەواوی ئەو سیازدە ساڵە تا ڕووخاندنی حزبی بەعس و ڕژێمەكەی بوە پاڵپشتییەكی باش و بەهێز بۆ سەلماندنی ئەوڕاستیەی توانای خۆبەڕێوەبەری دەسەڵاتی سیاسی و ئیداریمان هەیە.

 ئیدی لێرە بەدواوە قۆناغی نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق و بونیادنانەوەی دەوڵەتی هەڵوەشاوەی عێراق دەست پێدەكات، كە كورد ڕۆڵێكی گرنگی بینی لە پانتاییەدا و، توانی لەڕووی یاسایی و دەستوورییەوە زامنی مافەكانی بكات، لە عێراقی نوێدا و بۆ یەكەم جار لە چوارچێوەی ڕێكخستنێكی یاساییانەی دەستوورییدا كیانی سیاسی هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتەكانیشی دانی پیانرا، كە بەداخەوە لەسەر ئەرزی واقع ویستی هەندێك كەس و لایەنی سیاسی عێراق و هاوكێشەی سیاسی ناوخۆیی و دەرەكی تا ئێستا ڕێگرن لەبەردەم جێبەجێكردنی زۆرترین مادەی پەیوەست بەمافەكانی گەلی كورد و خاكەكەی، هەربۆیە لەدوای بەهێزبوونی دەسەڵاتەكانی حكوومەتی فیدراڵی و هەندێك هێزی سیاسی مەیلی تاكڕەوی و مەبدەئی زۆرینە و زاڵبوونی هەژمونی دەسەڵاتی مەزهەب و دروستكردنی قەیرانی ئابووری بۆ هەرێمی كوردستان بەمەبەستی بەرتەسككردنەوەی دەسەڵاتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان وایكرد كە سەركردایەتی سیاسی هەرێمی كوردستان پەنا بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی خەڵكی كوردستان ببات، ئەوەی جێگای سەرسوڕمان بوو ئەو سزادانە سیاسییە هەرێمی نێودەوڵەتیانە بوو كە خرایە سەرهەرێمی كوردستان، ئەم قۆناغەش لەخەبات پێویستی بەچارەسەری حەكیمانە و سیاسەتی دیپلۆماسیانەی كەسانی دڵسۆز و ماندونەناس بوو تا بتوانرێت دۆخەكە بەرەو ئاسایی بوونەوە بەرێت وكوردستان بگەڕێنێتەوە قۆناغی سەقامگیری سیاسی و پەیوەندیە نێودەوڵەتی و هەرێمی و ناوخۆییەكانیش جارێكیتر دابڕێژێتەوە ، لەم قۆناغە گرنگ و هەستیارەدا غەمی پاراستنی كیانی یاسایی و سیاسی هەرێم بوو بەغەمی لە پێشینەی سەرۆكی هەێمی كوردستان و بەكارهێنانی سەرجەم دەسەڵاتەكانی و وزە و پەیوەندیە كەسییە تایبەتییەكانیشی لەم پێناوەدا خستە گەڕ، لێرە بەدواوە غەمەكان دەبێت ببنە بەرهەم، خەمی نووسینەوەی دەستوورێك كە پرۆسەی بونیادنانەوەی ئینتمای تاكی كوردی تیا بەرجەستەبێت لەڕێگای نووسینەوەی خودە و لە ماف و ئەركەوە بۆ جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان و پاراستنی مافی سەرجەم دەنگ و ڕەنگە جیاوازەكان.

لەپاڵ هەوڵە ئیجرائی و یاساییەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، هەوڵەكانی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكایەتییەكەی بۆلای سەرجەم لایەنە سیاسییەكان بێگوێدانە ژمارەی كورسی و دەنگدەر بۆ كۆكردنەوەی كۆدەنگی و دروستكردنی ئیرادەیەكی بەهێزی سیاسی بۆ نووسینەوەی دەستووری هەرێم ئەوەمان پێدەڵێت كە چیتر پرسی نووسینەوەی دەستوور و بەیاسا ڕێكخستنی ماف و ئازادی و جیاكردنەوەی دەسەڵات و تایبەتكارییەكانی بووەتە ئەولەویەت و بە ئیرادەیەكی بەهێزەوە هەموومان بەسەرجەم دەنگ و ڕەنگە جیاوازەكانمانەوە بۆیەكەمین جار كوردستان و گەلەكەی دەكەینە خاوەنی دەستوور، بۆیە پێویستە هەمووان پێكەوە هاوكار وهەماهەنگ بین، ئەو لەمپەرو بەربەستانە بشكێنین كە بیەوێت ئەم هەوڵە لەبار بەرێت کە خەونی چەندین ساڵەی ئێمە بووە .

-speemedia

AM:03:47:06/06/2021