چۆن دژی کوشتنی ژنان ئەوەستینەوە ؟؟؟
په‌یمان عیزه‌دین

بەر لە هەر بڕیارو دروشم و هەنگاوێک بۆ دژ وەستانەوە بەڕوی کوشتنی ژناندا ، ئەبێ لەوە دڵنیابین کە کوشتنی ژنان هۆکارو ڕەگوڕیشەیەکی قوڵی مێژویی لە پشتەوەیە .

چونە ژێرباری ڕاوەستانەوە دژی کوشتنی ژنان ئەرکێکی گران و لەهەمان کاتیشدا جێی پێزان و پشتیوانیکردنە ، چونکە ئیشکردنە لەسەر گۆڕینی کەلتورێکی کەڵەکەبوو .

بەڵام بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە ئەبێ لەسەر ئەنجام کارنەکرێت ،کە کوشتنی ژنەکەیە .

دەستگیرکردن و سزادانی بکوژی ژنان چارەسەری گرفتەکە نیە ، لەڕاستیدا جگە لەوەی تاوانبارێک سزای خۆی وەرئەگرێت ،هیچ گرنگیەکی ئەوتۆی نابێ بۆ کۆتایی هێنان بە کەلتوری ژن کوشتن ،چونکە پاڵنەرەکانی پشت کوشتنی ژنان گەورەتر و زۆرترن لەوەی لە سێدارەدانی بکوژێک ترس دروست بکات .

بڕوانەبون بە ژن وەک تاکێکی سەربەخۆ و هاوبەش لە ژیان و مرۆڤایەتیدا ، کێوێک لە ڕوداوی مێژویی و جەنگ و ئاینی لە پشتەوەیە ، لەهەر کۆمەڵگایەکیشدا بڕیاردرابێ کارلەسەر گێڕانەوەی ماف بۆ ژن بکرێ ،دەستبراوە بۆ بنکۆڵکردنی ئەو کێوە .

ناکرێ و نابێ بێ ڕاوەستان لەسەر تێگەیشتن ، پەروەردە ، یاسا ، گوتاری ئاینیی توندڕەوە ، وا پیشان بدەیت دژ بە کوشتنی ژنان ئەوەستیت .

ئێستا کاتێتی لەگەڵ دەستپێکی ئەو کەمپەینە بۆ دژایەتی کوشتنی ژنان ، بە وردی چاودێری ڕاگەیاندنەکان و سیستمی پەروەردە و گوتارە ئاینیەکان بکرێت ، هەموو ئەو ئاڕاستەو دەستەواژانەی بیری کۆنەپارێزی و بەکەم سەیرکردنی تواناکانی ژنان ئەبوژێننەوە قەدەغەبکرێت.

ئەبێت چاودێری ئەو ریکلام و گۆرانی و درامایانە بکرێت کە بەڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ژنان و ڕۆڵ و کاریگەریان بچوک ئەکەنەوە و بە تێکدەر و زۆربڵێ و دووزمان و زمان درێژ و بێکەڵک پیشان ئەدات .

ئەبێت بابەتی یەکسانی و وەک یەک سەیرکردنی تواناکانی مرۆڤ لە پڕۆگرامی خوێندندا جێگیربکرێت و سزا هەبێت بۆ هەر مامەڵەیەکی مامۆستایان کە جیاوازیە ڕەگەزیەکان تۆختر ئەکاتەوە .

ئەبێت چاودێری جێبەجێکردنی ئەو یاسایانە بکرێت کەلەبەرژەوەندی ژنان هەموارکراونەتەوە و بەبڕیاری تەمیزیی و بەهۆی بیرکردنەوەی بەشێک لە دادوەرەکانەوە جێبەجێناکرێن .

ئەبێت چاودێری ئەو بانگخواز و مامۆستا ئاینیانە بکرێت کە گوتارەکانیان دژایەتی ژن و جلوبەرگ و هەڵسوکەوتی ژنانی لێدەربهێنرێت ،دادەمێنن بۆ گوتارێک .

ئەبێت ڕێگە بەهیچ کەسێک نەدرێت ، شوێن و پێگەی کۆمەڵایەتی هەرچیەک بێت ،بۆ بەناوبانگ بون یان سەرنج ڕاکێشان ، سوکایەتیکردن بەژنان بکاتە ئامڕاز.

کارکردن بۆ قەدەغەکردنی کوشتنی ژنان ، کارکردنێکی قوڵ و فرە ڕێگاو سەرچاوەیە بەڵام گرنگ و کاریگەرە.



AM:01:08:17/09/2022