هەڵسەنگاندن بۆ یاسای ژمارە (٣٥)ی ساڵی ٢٠٠٧
د. مەغدید سەپان


ئەم گوتارەم، لە ژمارەی ئەوڕۆی ڕۆژنامەی "کوردستانی نوێ" بڵاوکرایەوە. جاری یەکەمە بەوجۆرە لەسەر ئەم یاسایە دەنووسرێ، کە خەڵکێکی زۆر شانازی پێوە دەکەن، لەڕاستیدا، یاسایایەکی زۆر توند و لاستیکییە، لەجیاتی خزمەت بە ڕۆژنامەنووس بگەینی، چواردە ساڵە سەری لێشێواندوون. بیخوێنەوە، پەشیمان نابیتەوە...

ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بە هەموو لکەکانی راگەیاندنەوە (ڕۆژنامە و گۆڤار، رادیۆ و تەلەفزیۆن و دیجیتاڵ میدیا) یەک یاسایان بەناوی: (یاسای ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧) هەیە، ئەویش کورتە و تایبەتە بە ڕۆژنامە و گۆڤار، من ئەوە، بە بۆشایێکی زۆر گەورە لە ڕاگەیاندنی کوردی دەبینم، چونکە لە کوردستان جگە لە ڕۆژنامە و گۆڤار، دەمێکە ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و سۆشیال میدیا و ڕاگەیاندنی ئێلیکتڕۆنیش هەیە.

جگە لەوە، ئەو یاسایە بە هەر هەمووی لە چواردە ماددە پێکدێ، ماددەی یەک، پێناسەکان و ماددەی سێزدە، داوا لە ئەنجومەنی وەزیران دەکا حوکمەکانی ئەم یاسایە جێبەجێ بکەن و ماددەی چواردەش باس لە بڵاوکردنەوەی لە وەقائعی کوردستان دەکا.

 
لە ماددەی یەک، پێناسەی دەستەواژەکان لاواز و لاستیکییە. لە خاڵەکانی چوار و پێنج و شەش، بە زەقی دیارە و لێرە و لەخوارەوە نموونەکان وەکخۆی تایپ دەکەمەوە: (ڕۆژنامەگەری: پیشەی ڕۆژنامەگەرییە لە کەناڵە جیاوازەکانی راگەیاندندا). (ڕۆژنامەنووس: هەر کەسێک کە لەبواری ڕۆژنامەگەرییدا لە هەر کەناڵێکی راگەیاندندا کار دەکا). (ڕۆژنامە: هەر چاپکراوێک کە بە شێوەیەکی خولی و بە ناوێكی دیاریکراو و بە ژمارەی ڕیز بەندو بەڕێکوپێکی دەربچێ و دابەش بکرێ). ئەگەر بە وردی ئەو سێ خاڵەی سەرەوە بخوێنینەوە دەبینین، پێناسەکان هەڵە و خراپن، دیارە کەسانێک کاریان لەسەر نووسین و داڕشتنی ئەم یاسایە کردییە، لە زمان و یاسا و خاڵبەندی و ڕاگەیاندن پسپۆرنین. 

لە ماددەی دوو، باس لە ئازادی ڕۆژنامەگەری دەکا، وەک لە خاڵی یەکەم نووسرایە: (ڕۆژنامەگەری ئازادەو هیچ سانسۆرێکی لەسەرنییە و ئازادیی دەربڕین و بڵاوکردنەوە بۆ هەموو هاوڵاتیان دەستە بەرە، لە چوارچێوەی ڕێزگرتنی ماف و ئازادییە تایبەتیەکانی تاکەکان و تایبەتمەندیی ژیانیان بەپێ ی یاسا و پابەند بوون بە ئێتیکی ڕۆژنامەگەری بەپێی بەلێننامەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسان (ساڵی ١٩٥٤ هەموارکراو).). ئەم ماددەیەش هیچ ڕوون نییە، لەلایەک دەڵێ ڕۆژنامەنووس ئازادە، لەلایەکی دیکە دەنووسێ بەپێی یاسا و پابەندبوون بە ئێتیکی ڕۆژنامەگەری...

نووسەرانی ئەم یاسایە نازانن، یاسا و ئێتیک زۆر لەیەک دوورن، هەرچەندە هەردووکیان بۆ جوانکردنی راگەیاندن پێویستن. یاسا دەبی وەکخۆی جێبەجێ بکرێ، بەڵام ڕۆژنامەنووس هیچ لەسەری پێویست نییە، پەیڕەوی ئێتیکی ڕاگەیاندن بکا. لە خاڵی سێیەمی هەمان ماددەی دوو نووسرایە: (سەبارەت بەو داواکارییانەی دەخرێنە بەردەم دادگا ڕۆژنامەنووس بۆی هەیە سەرچاوەی زانیاری، یان ئەو هەواڵانەی کە بەدەستیان دێنێ نهێنیان بپارێزێ، مەگەر دادگای تایبەتمەند بە پێچەوانە بڕیار بدا.). لێرەش ڕۆژنامەنووس فێڵی لێدەکرێ، لەلایەک دەنووسن ئازادە، لە لایەکی دیکە، بەگوێرەی بڕیاری دادگای تایبەت، واجبە لەسەری سەرچاوەی هەواڵ ئاشکرا بکا. 

بەگوێرەی ماددەی دوو لە یاسای ژمارە ٣٥ و بەگوێرەی ئەو بڕگانەی ئێمە لەم نووسینە باسمان کرد، ڕۆژنامەنووس، لەلایەک ئازادە، لە هەمان خاڵ و بەشی دووەمی، ئەوجارە ئازادنییە، نووسینەکان ڕووننین، ئەوەش گەورەترین مەترسییە لەسەر ڕۆژنامەنووس، چونکە حاکم چۆن بخوازی، بەوجۆر دەتوانی حوکمی ڕۆژنامەنووس بدا. 

لە هەموو ماددەکان، سەندیکا بۆتە مەرجەعێکی گەورە. لە ماددەی سێ و خاڵی سێ هاتییە: (پێویستە خاوەن ئیمتیاز یان دامەزرێنەرەکەی، بەیاننامەی دامەزراندن پێشکەش و لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان تۆماری بکا.). هەروەها لە ماددەی حەوت و لە خاڵی حەوت هاتییە: (پێویستە دەزگاکانی ڕۆژنامەگەری و بەڕێوەبەرایەتی ڕۆژنامەکان پابەندی هەموو ئەومافانە بن کە لە یاسا بەرکارەکان و گرێبەستی پەسندکراو لەلایەن سەندیکای ڕۆژنامەنووسان بۆ ڕۆژنامەنووسان دیاریکراون.). ڕۆژنامە بەڕێوەبەرایەتی نییە، بەڵکو سەرنووسەر و دەستەی نووسەرانی هەیە. 

لە ماددەی هەشت و خاڵی یەکەم هاتییە: (لەکاتی گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووس کە بەکارێک تۆمەتبار دەکرێ پەیوەندی بە پیشەکەیەوە هەیە، سەندیکای لێ ئاگادار دەکرێتەوە.). 

لە ماددەی سێ لە خاڵی یەکەم نووسرایە: (خاوەن ئیمتیاز یان دامەزرێنەرەکەی ڕاگەیاندنێک لە دوو ڕۆژنامەی ڕۆژانەی هەرێم بڵاوبکاتە...). لە زمانی کوردی لەجیاتی وشەی (راگەیاندنێک) زیاتر (ئاگاداری) دەنووسرێ. لەخاڵی دووەمی هەمان ماددە هاتییە: (دەشێ خاوەن هەر بەرژەوەندییەک لە دەرکردنی ڕۆژنامەکە ناڕازی بێ و بۆی هەیە لە ماوەی (٣٠) ڕۆژ لە مێژووی بڵاوبوونەوەی ڕاگەیاندنەکەوە لەلای دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەکە...). لێرە و لە تەواوی ئەم یاسایە، بە جوانی دیارە، بە عەرەبی بیرکرایتەوە و بە کوردی نووسرایە. 

لە ماددەی چوارەم لە خاڵی دووەم هاتییە: (سەرنووسەرو نووسەر بەرپرسیارێتیی مەدەنی و سزایی ئەو بابەتانەیان لە ئەستۆدایە کە بڵاو دەکرێنەوە، هەرچی خاوەن ئیمتیازە بەرپرسیارێتیی مەدەنی دەکەوێتە ئەستۆ...). خاڵێکی زۆر لاوازە، ڕاستەوخۆ دژ بە ڕۆژنامەنووسە. لێرە دەبی وەک لە دەوڵەتە پێشکەوتووەکانی جیهان، خاوەن ئیمتیاز و سەنووسەر لە ناوەڕۆکی ڕۆژنامە بەرپرسبن نەک ڕۆژنامەنووس! ئەم بڕگەیە بە ئەنقەست نووسرایە، چونکە باش دەزانن، خاوەن ئیمتیاز لە زۆربەی کات، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی حزبە، بەو یاسایە لە لێپێچینەوە بەدووری دەگرن. 

 لە ماددەی حەوتەم و خاڵی یەک هاتییە: (ڕۆژنامەنووس سەربەخۆیە و لە بەجێهێنانی ئەرکە پیشەیەکەی هیچ دەستەڵاتێكی بەسەرەوە نییە جگە لە دەستەڵاتی یاسا). لەو ماددەیەش، لەلایەک ڕۆژنامەنووس ئازاد دەکا، لەلایەکی دیکە بەگوێرەی یاسا لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێ، نەشنووسرایە، بە کامە یاسا لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێ. 

هەر لە ماددەی حەوت و خاڵی دوو نووسرایە: (ئەو ڕاو بۆچوونەی کە لە لای ڕۆژنامەنووس دەردەچێ، یان ئەو زانیارییانەی کە بڵاویان دەکاتەوە، ببنە هۆی تێکدانی باری ژیانی، یان زیان بەخۆی و مافەکانی بگەینی). ڕاووبۆچوون لەلایەن ڕۆژنامەنووسی ڕۆژنامە دەرناچی، بەڵکو دەنووسرێ... لەهەمان ماددە و بڕگەی خاڵی هەشت هاتییە: (لە بارێکدا ئەگەر ڕۆژنامەنووس هەموو مۆڵەتە ئاساییەکانی، یان هەندێکیانی دوای کۆتایی ساڵی دارایی وەرنەگرتبوو، ئەوا ئەو پارەیەی پێدەدرێ کە دەیکەوێ بە مەرجێک لە مووچەی مانگێکی پتر نەبی.). ئەو بڕگەیەش دژ بە ڕۆژنامەنووسە، چونکە روودەدا، پشووی کەڵەکەکراو لە مانگێک زیاترە... هەرچەندە ئەوە نابی بە یاسا چارەسەر بکرێ، بەڵکو بە پێکهاتن لەنێوان دەزگاکانی ڕاگەیاندن و سەندیکاری ڕۆژنامەنووسان دەکرێ.

لە ماددەی نۆیەم و پێنج خاڵی پێش نووسرایە: (چاندنی تۆی ڕق و کینە و لێکترازاندنی پێکهاتەکانی کۆمەڵ، سوکایەتیکردن بە بیرو باوەڕو ڕێ و ڕەسمە ئایینیەکان، سوکایەتیکردن بە سیمبۆل و پیرۆزییەکانی هار ئایین و ئایینزایەک و لەکەدارکردنیان، هەربابەتێک پەیوەندی بە نهێنیەکانی ژیانی تایبەتی تاکەوە هەبێ...، جنێودان وتوانجی ناڕەواو ناوزڕاندن، ...هتد.) لەم ماددەیە حەوت خاڵ هەیە، کە من پێنجم لەسەرەوە نووسی، هەر هەموویان پەیوەندییان بە لایەنی ئەخلاقییەوە هەیە و پێویست ناکا لەناو یاسا هەبن.

یاسای ژمارە (٣٥)ی ٢٠٠٧، یاسایەکی کۆن و بێکەلک و دیموکڕات نییە، بە ئیفلیجی لەدایک بوو، لایەنی زمانەوانی خراپە، خاڵبەندی بیری لێنەکرایتەوە، لاستیقییانەیە، ئیملای سەقەتە، لە هەمووشی خراپتر، لەجیاتی یارمەتی ڕۆژنامەنووس بدا، چوارچیوەی کارکردنی بۆدابنێ، ژیان و کاریانی ئاڵۆزکردییە، لە کۆپلەی یەکەم ڕۆژنامەنووس ئازادە و دوو ڕستە خوارتر، بەگوێرەی یاسایەکی دیکە لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێ. یاسای ژمارە ٣٥ کاری دادگا و ڕۆژنامەنووسانی ئاڵۆزکردییە، بۆیە لە زۆربەی کات حاکمەکان، هانا وەبەر یاسای ساڵی ١٩٦٩ دەبەن. 

زۆر بەکورتی، یاسای سەندیکا، زیاتر بۆ بەرگریکردن لە سەرکردەکانی حزب و پیاوانی دەستەڵات نووسرایە، نەک بۆ خزمەتکردنی ڕۆژنامەنووس و جوانکردنی ڕاگەیاندنی کوردی. 

تێبینی و ڕەخنە لەسەر ئەم یاسا لە ناوەڕۆک و کۆن و لە دەرچوون تازەیە، بە ئەندازەیەک زۆرن، ئەگەر بە دروستی هەموویان بنووسرێن، بە نامیلکەیەک تەواو نابن، باس لەوە هەرناکەم، کاری سەندیکای ڕۆژنامەنووسان یان هەر سەندیکایەکی دیکە، بەرگریکردنە لە ئەندامانی، ڕەخساندنی ژینەگەیەکی ئارامە بۆ ئەندامانی، مۆرکردنی بەڵێننامە و پێکهاتنە لەگەڵ سەرنووسەران و دەستەڵاتداران، بۆ ئەوەی ئەندامانیان لە هیچ شوێنێک غەدریان لێنەکرێ، نەک دابەشکردنی زەوی و نووسینی یاسا و خۆڕەپێشکردن... 

ئەو بێسەروبەرییەی دەمێکە لە ڕاگەیاندنی کوردی هەیە، بەشێکی زۆری پەیوەندی بەو یاسا خراپە و نەبوونی یاسایەکی تێری هەمەلایەنەی ڕاگەیاندن هەیە، کە هەموو لکەکانی راگەیاندن بگریتەوە.

AM:12:49:27/04/2021