دەعوەتنامەكانی ئەلینا خاتون و كاك ستیڤن
رەحمان غەریب


هەندێ دیداری دوو هەفتەی رابردوو كە مۆركی ئاهەنگگێڕان بوون، سەدان كەس تیایدا بەشداربوون، بەڕاست و چەپدا چاوت بگێڕایە، نەتدەبینی، دوو كادری پێشكەوتووی یەكێتی و پارتی، ئۆپۆزسیۆن و ئەوانی تر، پێكەوە لەسەر مێزێك قسەبكەن و دوو قسەی خۆش، بۆ یەكتر بكەن.

هەردوو شەوە ئاهەنگی رۆژی سەربەخۆیی ئەمریكا، كە كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر رێكیخستبوو، (ئەلینا رۆمانۆوسكی) باڵوێزی وڵاتەكەیان لە بەغدا ئامادەیی هەبوو، هەروەها رۆژی لەدایكبوونی پاشای شانشینی یەكگرتوو چارڵسی سێیەم كە كونسوڵی گشتی بەریتانیا ستیڤن هیتچن، پێشوازی لە میوانان دەكرد، نەیتوانی بەربەستەكە بڕوخێنێت.

دیوارە دەرونییەكە، كە بانگەشە هەڵیچنی، كاریگەرییان هەر ماوە، وەك بۆنەی ساڵانی  تر، (میم سین) و بڕیادەرەكانی یەكێتی و پارتی لە ریزی VIP دا پێكەوە نەبوون، خەتای ئەلینا خاتون و كاك ستیڤن نییە. بەڵام لە سیاسەتدا ئەوەش تێدەپەرێ.

دڵنیابووم كە سەركردە دیارەكانی (ی ن ك)، وەك سەرۆكی یەكێتی بافڵ تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران قوباد تاڵەبانی و چەند سەركردە و وەزیرەكانیان بۆ ئەم بۆنانە بانگهێشتكرابوون، دیارە زۆربەیان پێیان باش بووە ئامادەی ئەو ئاهەنگانە نەبن.

بێ ئەوەی بە هەموو هۆكارەكانی سەرقاڵتان بكەم، ئەوەی بانگەشە دروستیكردوە، كاتی دەوێ نەمێنێت، كاك دیاری هاوڕێم پێی ووتم: گەشبین.. تەماشاكە بەریتانیای عوزما و ئەمریكا نەیانتوانی لەیەك ئاهەنگ كۆیانبكەنەوە. 

ئیتر وایە پێكەوە دەركەوتن، سڵاوكردن لە یەكتریش، با بۆ كۆبونەوەكانی پێكهێنانی حكومەت هەڵیبگرن نەك بۆ بەردەم زوومی كامێرای ئاشكراو تەنانەت شاراوەیش ( وام ووت تا دەریبخەم كە هەر گەشبینم).

بەڵام ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و تیمەكەی لە دوا كۆبوونەوەی  ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەشێكە لە هەوڵی شكاندنی بەربەست و كارێكی ئێجگار باشی كرد، بێگومان بەبێ ئەوەی وای تەفسیربكەین ئامادەبوونی بەڕێزیان و تیمەكەی بە واتای ئەوە بێت: تەمەنی حكومەتی كاربەڕێكەر درێژتر دەبێت. 

جگە لە میدیای بەكرێگیراو، زۆرینەی لێدوانەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانیش پێمان دەڵێن پارتی و یەكێتی لە لوتكەی ناكۆكی توند و تەنەنانەت خوێناویشدا، لەكۆتاییدا هەر پەنایان بۆ مێزی گفتوگۆ بردووە، هەنگاوی كردارییان ناوە  تا پرۆسەی ئاشتەوایی سەركەوتوو بێت. 

مەرجی هەبوونی ئیرادەی سیاسی كە پشت بە دیالۆگ و ئاشتەوایی و گفتوگۆ و گەڕان بەدوای چارەسەری سیاسی ناكۆكییەكان بۆ هاوڵاتیان گرنگە، بەتایبەتیش لەم هەلومەرجە مەترسیدارەی كە لە ئەنجامی بارودۆخی نوێی نێودەوڵەتی و ناوچەیی دروست بوون، كە پێشبینی دەكرێت عێراق ببێتە گۆڕەپانێكی نوێی ئەو ململانێیە بێت، كە ئاسایش و سەقامگیری كوردستانیش بخاتە مەترسییەوە.

هاوڵاتییەكی ئاسایی درك بەو مەترسیانە دەكات، ئێوە گوایە سەرتان لە سیاسەتدا سپی كردوە، دركی پێناكەن؟ چاوەڕێی چین؟

PM:11:20:10/11/2024