بۆ ھاوڕێ مەلا ستار، پەرلەمانتارە كەم عەقڵەكەی یەكێتی
لەنجە خاوێ




ھەرچەندە تۆ لە دەسەڵاتدایت و ڕەنگە دەروێشەكانت بە پەیجی فەیكەوە پەلامارم بدەن. بەڵام وەك ھەمیشە باكم نییە و دەڵێم ؛ تۆ نەخوێندەواریت و وەك زۆربەی پەرلەمانتارەكانی تر شایەنی ئەو شوێنە نیت! ھاوڕێ مەلا ستار و ھاو ئاوازەكانی كۆمەڵە كەسانێكی نەخوێندەوارن. ھێشتا بە ئاوازی سەدەیەك پێش ئێستا ژیان بەڕێوەدەبەن. لەلای ئەمانە ھەموو نەتوانین و كەم و كورتیەك لە كاردا ئیشی ژنە. ھەموو ئینجاز و سەركەوتنێكیش ئیشی پیاوە.

لە كۆمێنتی یەكەمدا گرتەی قسەكردنە سەتحیەكانی دادەنێم، كە لەكاتی موزایەدەكردن بەسەر خەڵكیدا كە دەیەوێت سۆزی گشتی بجوڵێنێت و وەھا نیشانی بدات تاكە خەمخۆری میلەتە، كەچی لەناو پەرلەمان بە زمانی دیوەخان قسەدەكات، نەك دەزگایەكی تشریعی. كە ڕەخنە لە خراپی خزمەتگوزاری حوكمەت دەگرێت. ھاوڕێی یاسادانەر دەڵێت ؛ حوكمەت مێینەیە!!!!!!!!!

ئەمە ھەر قسە و تەعلیقێكی ئاسایی نییە. ئەمە شتێكە لە لاشعوری كاكی یاسادانەردا ھەیە كە ھەموو سەرنەكەوتن و شكستێك ھی ژنە. ھەموو سەركەوتنێكیش پیاوان خاوەندارێتی لێدەكەن. لەلای یاسادانەری موزایەدەچی ھێشتا ئەم عەقڵە ئیش دەكات كە ژن ھیچ توانا و فیكرێكی باشی نییە و گەر شتێكی باش وجودی ھەبێت ئەوا بێ سێ و دوو كردەی دەستی پیاوانە!

ھاوڕێ مەلا ستار ڕووی ئەو بار و زڕوفە ڕەش بێت، كە تۆ بەو عەقڵە پڕ كەم و كورتیەت دەكاتە یاسا دانەر. جیاكاریی جێندەری لە وڵاتان سزای یاسایی لەسەرە، بەڵام لەلای ئێمە یاسادانەرێكی ھەرزە جیاوازی جێندەری دەكاتە ناو گوتارە بۆش و عاتفیەكەیەوە بۆ ئەوەی سەرنجی خەڵك ڕابكێشت و دەنگی زیاتر بۆ داھاتوو كۆبكاتەوە.

عەقڵیەتی ھاوڕێ و نموونەكانی لە ڕەنگ و ڕووخساری تردا ھەن. ژنان لە كوردستان گەر كاری گەورە و باشیش بكەن. ھەمیشە گومان دەخرێتە سەر كار و بیركردنەوەكانیان. چونكە لە كۆنەستی گشتیدا ژن بونەوەرێكە كاری گەورەی لەدەست نایەت، كارەكانی خراپ و لاوازن. تاكە كاری ئەو ئەوەیە سێكس بكات! ھاوكێشەكەش ئاوای لێدێت ھەر كاتێك ژنێك شتێكی باشی كرد كەواتە ئەوا لە پشتەوە ئەم ژنە سێكسێكی كردووە بۆیە ئەو ئیشە باشەی كردووە. ئەمە عەقڵیەتێكە دەبێت بەرپەرچ بدرێتەوە یاسا سزای بۆ دابنێت و لۆمەی كۆمەڵایەتی ئەو كەسانە بكرێت كە لەم سەدەیەدا وا بیردەكەنەوە.

ئەم قسەیەی ھاوڕێ تەنھا ھی ئەوە نییە بەوە تێی بپەڕێنن لە پڕۆتۆكۆڵ لایببەن. بەڵكو دەبێت سزای تر بدرێت.سزاش دووجۆرە یاسایی، كۆمەڵایەتی ھیوادارم كەسانی ئازادی خواز لەم بێ ئەدەبییە بێدەنگ نەبن.

AM:01:18:03/04/2021