رۆڵی ئایین و ئایدۆلۆژیا لە پەیوەندیی نێودەوڵەتی و ئاشتی جیھانیدا
ئەردەڵان عەبدوڵڵا

زۆرجار دەگووترێت یەکێک لە ھۆکاری جەنگ و ململانێی نیوان دەوڵەتان جیاوازی ئایدۆلۆژیا و ئایینە، لەمبارەیەشەوە کۆمەڵێک نموونەمان ھەیە، بەڵام کاتێک سەیری مێژووی ھەندێک دەوڵەت دەکەین، تەواو پێچەوانەی ئەم بۆچوونەمان بۆ دەردەکەوێت.

جەنگی ماوییزم و ستالینیزم
لە سەدەی پێشوودا کاتێک ئایدۆلۆژیا رۆڵی گرنگی لەناو جیھاندا دەبینی، بەتایبەتی لەپاش دروستبوونی یەکێتی سۆڤێت و پێڕەوکردنی سیستەمی کۆمۆنیستی، ئایدۆلۆژیا ھەژموونی گەورەی بەسەر جیھانەوە ھەبوو. ھەر لە پاش جەنگی دووەمی جیھانی جگە لە روسیا لە چینیش پارتی کۆمۆنیست توانی دەسەڵات بگرێتە دەست و کۆتایی بە داگیرکاری ژاپۆنیی و حوکمی دەرەبەگایەتی بھێنێت و سیستەمێکی کۆمۆنیستی ھاوشێوەی روسیا لە گەورەترین وڵاتی جیھاندا پێڕەو بکات.

لەوکاتەدا ئەمە بەسەرکەوتنی گەورە بۆ کۆمۆنیزم دادەنرا لە جیھاندا، دەگووترا کە پاش ماوەیەکی تر ھەموو دەوڵەتانی جیھان بەناچاری دەبنە کۆمۆنیستی، ھەربۆیە تەوژمی کۆمۆنیستی لەتەواوی جیھاندا بەھێز بوو، بەڵام دەرئەنجامەکەی پێچەوانەوە دەرچوو.  ھەر لەپاش مردنی ستالین، جەنگێکی خوێناویی و قوورس لە نێوان یەکێتی سۆڤێت و چیندا دروستبوو، ساڵانێکی زۆر لە تەواوی جیھاندا ھەردوو قووتابخانەی سۆڤێتی و چینی جەنگیان لە دژی یەکتری دەکرد، لەکاتێکدا ھەردووکیشیان کۆمۆنیست بوون. بەداخەوە ئەم جەنگە فکرییە کوردستانی خۆشمانی گرتەوە، بەتایبەتی لە ساڵانی ھەشتادا. 

ناسرییەکان و بەعسییەکان
لە رۆژھەڵاتی ناڤینیشدا لەپاش ھاتنە سەرکاری جەمال عەبدولناسر لە میسر، تەوژمی قەومچێتی و " عروبە" لەتەواوی  وڵاتانی عەرەبی بەھێز بوو، لەوکاتەدا جگە لە ناسرییەکان، بەعسییەکان، ھەژموونی گەورەیان لەناو وڵاتانی عەرەبیدا ھەبوو. چ ناسرییەکان و چ بەعسییەکانیش، ھەردووکیان ئیدعای نەتەوەپەرستیان دەکرد، بەڵام ھەردووکیشیان دژی یەکتری بوون، تەنانەت بەعسییەکان لە کاتێکدا دروشمـی سەرەکیان یەکگرتنی دەوڵەتانی عەرەبی بوو، کەچی کاتێک یەکێتی لە نێوان سوریا و میسر دروستبوو دژی وەستانەوەو ھەڵیناوەشاندەوە.

جەنگی بەعسی سوری و عیراقی
دواتریش لەناو ئەم حیزبە " واتە حزبی بەعس" جیابوونەوەی گەورە روویدا، لەکاتێکدا چ عیراق  و چ لە سوریا حزبی بەعس حوکمی دەکرد، ھەردووکیان سەر بەیەک ئایدۆلۆژیای فکریی و سیاسی بوون، کەچی بوونە دوژمنی سەرسەختی یەکتری، سەدام چەندە رقی لە ئێران و "خومەینی" بوو، دوو ئەوەندەش رقی لە سوریا و "حافیز ئەسەد" بوو، بەھەمانشێوە سوریاش وابوو، لەکاتی جەنگی عیراق و ئێراندا، سوریا پشتگیری ئێرانی دەکرد دژی عیراق، لەکاتێکدا بەعسییەکان خۆیان بە داکۆکیکاری نەتەوەی عەرەب دادەنا، کەچی لەم جەنگەدا سوریا لە جیاتی پشتگیری عیراقی بەعسی و  عەرەبی بکات، پشتگیری لە ئێرانی عەجەمیی و  ئیسلامی دەکرد، تەنانەت چەکو تەقەمەنیشی بۆ ئێران دەنارد، بەشێک لە مووشەکەکانی ئێران کە دەینا بە بەغداوە، ھی رژێمی سوریی بوون.

جەنگی ساردی نێوان سعودیە و و ئیرانی ئیسلامی 
لەپاش رووخانی یەکێتی سۆڤێت و لاوازبوونی تەوژمی کۆمۆنیستی کە دواتریش ئایدۆلۆژیا ھەمان رۆڵی خۆی نەما، بەڵام مەزھەب و ئایین بەھێزبوون. ھەر لە رۆژھەڵاتی ناڤیندا دەمێنینەوە، باسی عەرەبستانی سعودیە و وئێران دەکەین. لەکاتێکدا ھەردوو دەوڵەت پێڕەوی ئیسلامی سیاسی دەکەن و ئیسلام بۆتە سەرچاوەی ھەموو سیاسەت و بڕیارەکانی دەوڵەت، کەچی ئەم دوو دەوڵەتە ئیسلامییە، ماوەی چەندین ساڵە بوونەتە دوژمنی سەرسەختی یەکتری، بەشێوەیەک لە  زۆربەی ناوچەکانی رۆژھەڵاتی ناڤیندا دژی یەکتری دەوەستنەوە.

جەنگی وەھابیی و ئیخوان موسلمین 
پاشتریش کاتێک کۆتایی بە حوکمی حوسنی موبارەکی دیکتاتۆری میسری ھێنرا، ئیخوان موسلین حوکمی گرتە دەست، ئەویش کۆنترین حزبی ئیسلامییە و ھەڵگری دورشمی " ئیسلام چارەسەرە"،کەچی عەرەبستانی سعودیە لەجیاتی ئەوەی پشتگیری ئیخوانەکان بکات، ھات پشتگیری شۆڕشی میسری کرد دژی ئیخوانەکان، بەشێوەیەک ھەندێک چاودێری سیاسی پێیان وایە، گەر ئەو ھەموو پشتگیرییە ماددیی و سیاسییەی سعودیە نەبوایە، ئەوا ھەر زوو کۆتایی بە شۆڕشی خەڵکی میسر دژ بە ئیخوانەکان دەھات.

جەنگی سعودیە و تورکیای ئیسلامی 
نموونەیەکی تریش ماوەی چەند ساڵێکە عەرەبستانی سعودیە و تورکیا پەیوەندییان خراپ بووە، لەکاتێکدا  ئەردۆغان و حکومەتەکەی خۆیان بە  ھەڵگری پەیامی ئیسلامی دادەنێن  و بونەتە دایکێک بۆ ھەرچی گرووپی ئیسلامی توندڕەو ھەیە لە ناوچەکە و پشتگیریی سیاسی  و ئابووریان دەکەن،  کەچی تورکیا بۆتە دوژمنی سەرسەختی سعودییە و لە زۆر شوێندا دژایەتییان دەکات، لەکاتێکدا لە سەرەتای دەستبەکاربوونی ئەردۆغان، سعودیە لە رێگەی دەزگا ئیعلامییەکانییەوە، زۆر پشتگیری ئەردۆغان و وتورکیایان دەکرد، بەڵام لە ئێستادا ئەردۆغان بۆتە یەکێک لە دوژمنە سەرسەختەکانی سعودیە. ھەرچەندە ئەردۆغان و پارتەکەی بە تەواوەتی ئیسلامی نین، چونکە ئەوان زیاتر پانتورکیزم و بیری ناسیۆنالیستی تورکی بەسەریاندا زاڵە.

یەکێتی ئەوروپا 
بە بروای من تاکە شوێن کە ئایدۆلۆژیا سوودی ھەبوو بۆ باشکردنی پەیوەندیی نێوان دەوڵەتان کیشوەری  ئەوروپایە، چونکە یەکێتی ئەوروپا لەسەر کۆمەڵێک بنەمای فکریی و سیاسی دامەزراوە لەپێش ھەموویانەوە:  پێڕەوکردنی سیستەمی دیموکراسی، ئازادی سیاسی و مەدەنی، پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ژینگەپارێزی، پێڕەوکردنی بازاڕی ئازاد. بەشێوەیەک گەر دەوڵەتێک ئەو مەرجانەی تێدا نەبێت بە ئەندام وەرناگیرێت.ھەموو ئەمانەش وایکردووە کە ئاشتی و ئارامی گەشەپێدان لەناو دەوڵەتانی ئەوروپادا تاڕادەیەکی باش بەھێزبێت. ھەرچەندە ئەزموونی یەکێتی ئەوروپاش ناتوانرێت بەتەواوەتی بە سەرکەوتوویی دایبنێیت و کێشەی زۆری ھەیە، بەڵام کاتێک سەیری مێژووی ئەوروپا دەکەیت کە دوو جەنگی گەورەی ماڵوێرانی تێیدا رووداوەو ھەمیشە لەناو دەوڵەتانیدا جەنگی خوێناوی ھەبوو، بەڵام ماوەی ٧٠ ساڵێک دەبێت لە پاش جەنگی دووەمی جیھانییەوە جەنگ رووینەداوەو لە ئێستاشدا پەیوەندی نێوان دەوڵەتان بەتایبەتی فەرەنسا و ئەڵمانیا، لەوپەڕی باشیدایە، ئەمەش بەھۆی بوونی کۆمەڵێک بنەمای فکری و سیاسیی ھاوبەشەوە.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک سەیری مێژوویی دەوڵەتان  دەکەین، دەبینین ھێندەی ھاو ئایینەکان و ھاو ئایدۆلۆژییەکان لە نێوان خۆیاندا جەنگیان کردووە، ھێندە ئایین و ئایدۆلۆژیا جیاوازەکان جەنگیان نەکردووە.  " ئیمانوێل کانت"  فەیلەسووفی ناسراوی ئەڵمانی، لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا "  Zum ewigen Frieden، ئاشتی ھەمیشەیی"  کاتێک باسی لە ئاشتی جیھانی دەکرد، پێی وابوو کە تەداخول نەکردن لە کاروباری  وڵاتان و خۆنەسەپاندنی دەوڵەتە گەورەکان بەسەر بچووکەکاندا، گەرەنتییەکی باشە بۆ بەرقەراربوونی ئاشتی جیھانی.  جگە لەوەش کانت پێی وابوو کە بەبوونی  دەستوورێکی مەدەنی و کۆماری، گرەنتییەکی باشەبۆ ئاشتی جیھانی.

بە بڕوای من باشترین سیاسەت بۆ پەیوەندی نێوان دەوڵەتان، بوونی بەرژەوەندی ھاوبەش و بەھێزکردنی پەیوەندی بازرگانی و کولتوروی و کۆمەڵایەتییە، ئەمانەش ھانی دەوڵەتان دەدات کە لە یەکتری نزیک ببنەوەو لە جەنگیش دووریان دەخاتەوە، بەتایبەتی بازرگانی  رۆڵی گەورە دەگێرێت، بۆ نموونە پەیوەندی بازرگانی نێوان دەوڵەتانی ئەوروپا بەتایبەتی فەرەنسا و ئەڵمانیا، ھۆکاری دروستبوونی ئاشتی و  ئارامی بوو بۆ ھەردوو دەوڵەت و تەواوی ئەوروپا.

ئایدۆلۆژیا  دەتوانێت رۆڵی باشی ھەبێت لە پەیوەندی نێوان دەوڵەتان و ئاشتی جیھانیدا، بەمەرجێک نەبێتە ھۆکار بۆ ھەڵگیرساندنی جەنگ و ململانێی نێوان دەوڵەتان، بگرە ئایدۆلۆژیا  دەتوانێت لە جیاتی کێشە ببێتە چارەسەر بۆ کێشە و جەنگەکان و بەرقەراربوونی ئاشتی جیھانی.

-nrttv


AM:05:45:30/12/2020