من له ساڵی 1985 كه ئه‌ندامی رێكخستنی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان بووم، ئه‌و كاته پله‌ی رێكخستنم پاڵێوراو بوو، بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌كه‌م بۆ پله‌ی ئه‌ندام، تاقیكردنه‌وه‌م دا، یه‌كێك له پرسیاركان بریتی‌بوو له ( ئایا ده‌شێت کۆمەڵگە له قۆناغی ده‌ره‌به‌گییه‌وه بۆ قۆناغی سۆشیالیزم بگوازرێته‌وه به‌بێ تێپه‌ڕبوون به قۆناغی سه‌رمایه‌داریدا؟) من ئه‌وكاته قه‌ناعه‌تم به هێزی تەکنۆلۆژیا هەبوو، كه ده‌توانێت كۆمه‌ڵ به خێرایی بگۆڕێت، بۆیه وه‌ڵامه‌كه‌م به‌ڵێ بوو، وام ده‌زانی له‌ڕێی چه‌ند بڕیار و یاسایه‌كه‌وه و به‌بێ پێكدادان ده‌توانیین هاوسه‌نگیی نێوان سه‌رخان و ژێرخانی کۆمەڵگە رابگرین.
به‌ڵام دوای راپه‌ڕین و هێدی هێدی گه‌یشتمه ئه‌و راستییەی كه ده‌بێت به شێنه‌یی سه‌رخان و ژێرخانی كۆمه‌ڵ پێكه‌وه گه‌شه بكه‌ن، چونكه تەکنۆلۆژیا له‌گه‌ڵ گه‌شه‌ی عه‌قڵ هاتۆته ئاراوه، كاتێك تەکنۆلۆژیا له ژینگه‌كه‌ی خۆیدا نه‌بوو كاره‌ساتی لێده‌كه‌وێته‌وه. به‌ڵام بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت تەکنۆلۆژیا به هه‌موو كونجێكی ئه‌م جیهانه گه‌یشتووه، كه‌واته ده‌بێت هه‌وڵی گۆڕانی سه‌رخانی كۆمه‌ڵ بده‌ین ئه‌ویش به گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ لۆژیکی عه‌قڵ.
بۆیه پێموایه ئه‌و دوو رووداوه‌ی له شەقامی سالم (سه‌هۆڵه‌كه)ی شاری سلێمانی و پاركی شانەدەری هه‌ولێر پێویستی به تێڕامانه و بزانین کە بۆ چی روویاندا؟
ئایا ته‌نها په‌یوه‌ندیی به مانگی ره‌مه‌زانه‌وه‌یه؟ یان ئه‌و هێزه چییه و كێیه یاریی به هه‌ستی مرۆڤه‌كان ده‌كات؟ ئایا چیی تر روو ده‌دات؟ رووداوه‌كان به‌رەو كوێ ده‌ڕۆن؟
گۆڕانكارییه‌كانی تەکنۆلۆژیا و گواستنه‌وه‌ی كه‌لتوره‌كان و ئازادیی هاتوچۆ و تێكه‌ڵبوونی مرۆڤه‌كان، هه‌نگاو به‌ره‌و كرانه‌وه و گۆڕانكاریی عه‌قڵ ده‌خوڵقێنێت، به‌ڵام پێكدادانی ناڕاسته‌وخۆ به‌شوێن خۆیدا ده‌هێنێت، چونكه سه‌رخان و ژێرخانی كۆمه‌ڵ به‌یه‌كتریی ناكۆكن.
هه‌روه‌ها به‌ته‌واوی تێگه‌یشتم تەکنۆلۆژیا به‌ته‌نیا ناتوانێت کۆمەڵگە له قۆناغێكه‌وه بەره‌و قۆناغێكی تر بگوازێته‌وه.به‌ڵكو ئه‌وه شۆڕشی رووناکبیرییه كه عه‌قڵ و هۆشی مرۆڤ به‌ره‌و‌پێش ده‌بات تا کۆمەڵگەی مرۆڤایه‌تی له شه‌ڕ و پێكدادانی نێوان جیاوازییه ئه‌زه‌لییه‌كان دوور بخاته‌وه، كه خوا پێی به‌خشیوین.
له كوردستاندا نوێترین تەکنۆلۆژیای ژاپۆن و ئه‌وروپا و ئه‌مریكا به‌كاردەهێنین، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی نه وه‌كو ژاپۆنییه‌كان رێز له كات و ئیش ده‌گرین، نه وه‌كو ئه‌وروپییه‌كان بڕوامان به مافی مرۆڤ و قبوڵكردنی رای جیاواز و پێكه‌وه‌ژیان هه‌یه، نه وه‌كو ئه‌مریكاییه‌كان بڕوامان به بنه‌ماكانی دیموكراسی هه‌یه.
ئه‌گه‌ر به خێرایی چاوێك به بارودۆخی كوردستاندا بگێڕین، ده‌بینین له كوردستان ژن كوشتن بۆته دیارده، سوكایه‌تی كردن به ژن بۆته سیمبولی بانگه‌شه‌ی بانگخوازانی ئایینی، ئازادیی بیروڕا له‌ژێر مه‌ترسیدایه، نابێت له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی قسه بكرێت و ره‌خنه بگیرێت، چونكه رەخنەگر زیندانی ده‌كرێت، نابێت باس له ئایین بكه‌یت چونكه ته‌كفیر ده‌كرێیت و به به‌دره‌وشت پێناسه ده‌كرێیت، هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ئازادیی جلوبه‌رگ، له‌سه‌ر راوبۆچوون، له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی شێوازی ژیان هه‌یه.
هه‌ندێك هاتوون به پێی فیكری خۆیان عه‌لمانییه‌تیان باس كردووه و ناشریینیان كردووه، هه‌ندێكی تریش هاتوون بیدعه‌یان بۆ ئیسلام داڕشتووه و له به‌رگی ئاییندا بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه. له‌كاتێكدا وه‌ك محەمه‌د عه‌بده ده‌ڵێت: «سوره‌تی (لا اكراه في ا‌لدین) له ئه‌وروپا جێبه‌جێ كراوه، نه‌ك له وڵاتانی ئیسلامی» و دەشڵێت: «له ئه‌وروپا ئیسلام هه‌یه به‌بێ موسڵمان و له لای ئێمه‌ش موسڵمان هه‌یه به‌بێ ئیسلام».
ئێمه‌ی كورد له داب و نه‌ریت و کەلتوری ئیسلامیی و کۆمەڵگەی عه‌ره‌بی دابڕاو نین و راسته‌وخۆ كاریگه‌رییان له‌سه‌رمان هه‌یه، به‌ڵام زۆر رووداو له‌ژێر په‌رده‌ی ئایینی ئیسلامدا له كوردستان رووده‌دات كه هه‌رگیز له وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی روو نادات».
رووناکبیرانی عه‌ره‌ب له هه‌وڵی شۆڕشی رۆشنبیریدان، موراد وه‌هبه ئه‌لجوبران له وتارێكیدا ده‌ڵێت: «له دوای بیسته‌كان و سییه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه، به‌هۆی كۆنه‌په‌رستانی خورافی ئایینییەوە گه‌ڕاینه‌وه بۆ دواوه، كه ئه‌و خورافاتانه له‌گه‌ڵ جه‌وهه‌ری ئایین ناگونجێن، چونكه هه‌میشه هه‌وڵیان داوه به‌ناوی ئایینه‌وه رۆڵی عه‌قڵ كه‌م بایه‌خ بكه‌ن» هەروەها ده‌ڵێت: «بۆ نموونه له فێستیڤاڵی جلوبه‌رگ له زانكۆ، ده‌ڵێن ئه‌وه جلوبه‌رگی ئیسلامییه و ئه‌وه‌شیان جلوبه‌رگی نا ئیسلامییه، به‌و شێوه‌یه کۆمەڵگەیان دابه‌شكردووه».
نووسه‌رانی عه‌ره‌ب ده‌ڵێن پێویستمان به شۆرشی رۆشنفكرییه، نووسه‌ری سوری هاشم ساڵح ده‌ڵێت: «ده‌بێت له ئیسلامی ئوسوڵی ده‌رباز بین و ئه‌و شۆڕشه ده‌ستپێبكه‌ین به گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ده‌ی هه‌ژده و نۆزده یان بڵێین سه‌رده‌می زێڕینی ئیسلامی عه‌ره‌بی»، هه‌روه‌ها ده‌پرسێت: «ئایا له‌و باوه‌ڕه‌دان ئێمه‌ی عه‌ره‌ب ئه‌و پرسیارانه‌ی ئیبن موقەفه‌ع و تەوحیدی و ئه‌لڕازی و فارابی و ئیبن سینا و ئیبن روشد و ئه‌لمه‌عری و ئه‌وانی تر سه‌باره‌ت به ئایین كردوویانه، تێمانپه‌ڕاندووه؟ یان ئه‌و پرسیارانه‌ی رۆشنبیرانی گروپی موعته‌زیله كردویه‌تی؟ كه ئێستا نا‌توانیین ئه‌و پرسیارانه بكه‌ینه‌وه».
جیهانی ئیسلامی ته‌نها له رووی شارستانێتی زانستی و تەکنۆلۆژیا و فه‌لسه‌فه‌وه دوانه‌كه‌وتووه، به‌ڵكو به پله‌ی یه‌كه‌م له رووی ئایین و لاهوتییه‌وه دوا كه‌وتووه، ئێمه هێشتا له سه‌رده‌می عه‌شیره‌ت و مه‌زهه‌ب و ته‌كفیركردنی یه‌كتریدا ده‌ژین.
ئه‌و نووسه‌ره ده‌ڵێت: «جیاوازیی نێوان دوو رێگە یان بڵێین قوتابخانه‌ی فیکریی هه‌یه، یه‌كێکیان قوتابخانه‌ی فیکریی مامناوه‌ندی باوه‌ڕدار، كه جانجاك رۆسۆ، كانت، ڤۆڵتێر، مۆنتیسكۆ نوێنه‌رایه‌تی ده‌كەن، ئه‌وی تریان قوتابخانی فیکری توندڕه‌ویی بێ باوه‌ڕ كه دیدرۆ، نیچه، بارۆن دۆڵپاك نوێنه‌رایه‌تی ده‌كەن، من رێگەی یه‌كه‌مم هه‌ڵبژاردووه بۆ رۆشنبیریی عه‌ره‌بی».
هه‌روه‌ها رۆشنبیرانی عه‌ره‌ب ده‌ڵێن شۆڕشی رۆشنفكریی واته بوێریی كاری عه‌قڵ، ته‌وه‌ری گۆڕانكارییه‌كانه و ده‌بێت کۆمەڵگەی عه‌ره‌بی پابه‌ندبن به به‌هاكانی رۆشنبیرییه‌وه، ئه‌م پابه‌ندییه‌ش روو نادات هه‌تا بیروبۆچوونه‌كانی ئیبن روشد له‌بری بیروبۆچوونه‌كانی ئیبن تەیمییه زیندوو نەکەینەوە.
ئه‌وروپییه‌كان به هیچ شێوه‌یه‌ك نایانه‌وێت بۆ سه‌رده‌می ئوسوڵیی مه‌سیحییه‌ت بگه‌ڕێنه‌وه، چونكه مانای گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ شه‌ڕ و ململانێ ئاینییه‌كان و شه‌ڕی تایه‌فی و مه‌زهه‌بی.
شۆڕشی رۆشنبیریی ئه‌وروپا له په‌رچه‌كرداری ئه‌و شه‌ڕه ناوخۆییه‌ی فه‌ره‌نسا بوو كه له نێوان كاسۆلیكه‌كان و پرۆتستانته‌كاندا روویدا و یه‌كتریان ته‌كفیر ده‌كرد، ئه‌و شه‌ڕه ئه‌وروپای وێران كرد، ئه‌وروپا به دوو قۆناغی بزووتنه‌وه‌ی رۆشنبیری‌دا تێپه‌ڕیووه، قۆناغی ئازادبوونی عه‌قڵ، قۆناغی پابه‌ندبوونی عه‌قڵ به گۆڕانكارییه‌كانی ئێستاوه. ئه‌وه بووه هۆی تێپه‌ڕاندنی سه‌رده‌می تاریكیی له ئه‌وروپا.
هه‌روه‌ها چه‌سپاندنی عه‌لمانییه‌ت ئاشتیی و ئارامیی له نێوان ئایین و مه‌زهه‌به جیاوازه‌كانی ئه‌وروپا به‌رقه‌رار كردووه.
-knwe