نه‌مزانی چ مانشێتێك بۆ ئه‌م بابه‌ته دابنێم، چونكه من ده‌مه‌وێت هه‌ندێك پێشنیار بۆ حكومه‌ت بكه‌م نه‌ك رەخنە، پێویست ناكات ره‌خنه بگرم له‌به‌رئه‌وه‌ی له سه‌رەوە بۆ خوارەوە هەر هەمووی بە بەرپرسانی باڵاشەوە (رەخنە) له حكومه‌ت ده‌گرێت.
سه‌رۆكی حكومه‌ت و په‌رله‌مان و پارێزگاره‌كانیش رەخنە ده‌گرن، نازانین كێیه وا 30 ساڵه ناهێڵێت ده‌ستورێكمان هه‌بێت؟ هه‌موومان نازانین كێیه و رەخنەی لێ ده‌گرین، ده‌ڵێن ده‌بێت وا بكرێت و ده‌بێت وانه‌كرێت. بۆیه منیش پێشنیازهکەم بۆ ئه‌و كه‌سه، بۆ ئه‌و فریادره‌سه ده‌نێرم كه به‌لایه‌وه گرنگه.
یه‌كه‌م/ قه‌رزی مووچه‌خۆران
حكومه‌ت به ده‌یان و سه‌دان ملیۆن دینار قه‌رزاری مووچه‌ی هاووڵاتیانه، نه حكومه‌ت ده‌توانێت به نه‌قدی بیداته‌وه به‌هاووڵاتیان نه هاووڵاتیانیش له حكومه‌ت خۆش ده‌بن.
بۆیه ده‌بێت سوود له شێوه چاره‌سه‌ری وڵاتان وه‌ربگرین، بۆ نموونه له ئێران كه له بارودۆخێكی نا هه‌مواریی ئابووریدایه، به‌ڵام هه‌موو هاووڵاتییه‌ك له كاتی خۆیدا مووچه ده‌چێته سه‌ر ژمارەی بانكییه‌كه‌ی، به‌ڵام به چه‌ند مه‌رجێكه‌وه:
-1 هه‌موو هاووڵاتییه‌ك بۆی هه‌یه له ماوه‌ی 24 سەعاتدا برێكی دیاریكراو وه‌ك دراوی كاغه‌زی ده‌ربكات كه وا بزانم رێژه‌ی %4ی مووچه‌كه‌یه‌تی. ئه‌و پلانه بۆ ئه‌وه‌یه پاره له بانكەکاندا بمێنێنێت. تا حكومه‌ت بتوانێت به نیوه‌ی پاره‌ی پێویست مووچه‌ی هه‌موو فه‌رمانبه‌رانی بدات، پێش ئه‌وه‌ی بگاته‌وه سه‌ری مانگ و به‌رده‌وام پاره‌ی باج و داهاتیش بۆ بانك ده‌گه‌ڕێته‌وه و به‌و شێوه‌یه دراو له نێوان بانك و هاووڵاتیدا ده‌خولێته‌وه.
-2 هه‌ر هاووڵاتییه‌ك به‌شێوه‌ی ئه‌لكترۆنی ده‌توانێت له مووچه‌كه‌ی چه‌ندی بوێت ته‌حویلی بكاته سه‌ر ژمارەی بانكی فرۆشیار له كاتی كڕینی شتێكی گرانبه‌ها، به‌ڵام ناتوانێت به نه‌قدی ئه‌و بڕه پاره‌یه ده‌ربكات و به ده‌ستی بیدات به فرۆشیاره‌كه.
-3كرێی ئاو و كاره‌با و باج و غه‌رامه هه‌مووی به هه‌مان شێوه به حكومه‌ت ده‌درێت.كه‌واته ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم، ژمارەی بانكی بۆ هه‌موو هاووڵاتیان ده‌ربكات، ئه‌وا ده‌توانێت مووچه‌ی مانگانه لەو رێگەوە به هاووڵاتیان بدات و له هه‌مان كاتدا ئه‌و بڕه پاره قه‌رزه به شێوه‌یه‌كی پلان داڕێژراو بخاته سه‌ر ژمارەكانیان، به‌ڵام ته‌نها به ئه‌لكترۆنی مامه‌ڵه‌ی پێوه بكرێت له سنوورێكی دیاریكراودا. بۆیه حكومه‌ت زۆربه‌ی كێشه داراییه‌كانی به ژمارەی بانكی چاره‌سه‌ر ده‌بێت، هه‌روه‌ها هیچ هاووڵاتییه‌ك ناتوانێت له كرێی ئاو و كاره‌با و باج و غه‌رامه خۆی بدزێته‌وه و حكومه‌تیش به‌شێوه‌ی ئه‌لكترۆنی ئه‌و كرێیانه هه‌ڵبگریت، هه‌روه‌ها هاووڵاتییانیش مافه داراییه‌كانیان به‌ده‌ست دێننه‌وه. له‌و رووه‌وه له كوردستان چه‌ندین پسپۆری ئابووری و ته‌كنۆلۆژیی زانیاری (IT) هه‌یه و ده‌كرێت سوود له زانیارییه‌كانیان وه‌ربگیرێت.
دووه‌م/ زۆری ژماره‌ی فه‌رمانبه‌ران
كێشه‌ی گه‌وره‌ی حكومه‌ت زۆریی فه‌رمانبه‌ره، بێگومان دابینكردنی مووچه بۆ ئه‌و ژماره فه‌رمانبه‌ره ئاسان نییه، له‌كاتێكدا ده‌توانم بڵێم %90 ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه خزمه‌تگوزارین نه‌ك به‌رهه‌مهێن تا بتوانن رۆڵ ببینن له زیاد كردنی داهاتی هه‌رێم، چونكه نه‌وت ده‌فرۆشین بۆ مووچه.
نزیكه‌ی 10 ساڵ پێش ئێستا ئه‌م پێشنیازه‌م بۆ به‌رپرسێكی باڵای ئه‌م هه‌رێمه باس كرد، به‌ڵام به‌هه‌ندی وه‌رنه‌گرت. ئه‌م پێشنیازه له خۆمه‌وه نایڵێم، به‌ڵكو له ئه‌نجامی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌زموونی چه‌ند وڵاتێك بۆ بوژاندنه‌وه‌ی كه‌رتی كشتوكاڵی به‌كاریان هێناوه و بۆ دۆخی کوردستانیش دەشێت.
لەدوای پرسیارکردن لە هەندێک کەسانی گوندنشینی رابردوو کە ئایا پێیان خۆشە بگەڕێنەوە گوندەکانیان، لە وەڵامدا وتیان:
-1 ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی لە شاردان و خه‌ڵكی گونده‌كانن یان زه‌وی و زاریان له گونده‌كانیان هه‌یه، حكومه‌ت بڕیار بدات هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك بگه‌ڕێته‌وه بۆ كاری كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری، ماوه‌ی دوو ساڵ مووچه‌كه‌ی وه‌ك خۆی وه‌ربگرێت به‌بێ ئه‌وه‌ی له فه‌رمانگه ده‌وام بكات، بۆ ئەمەش دەبێت فه‌رمانبه‌ره‌كه په‌یماننامه‌یه‌ك واژۆ بكات، چونكه پاشگه‌زبوونه‌وه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نییه.
-2 حكومه‌ت له‌ڕێی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵه‌وه هاوكاریی پێدانی قه‌رز و پێدانی تۆ و دابینكردنی كه‌لوپه‌لی كشتوكاڵی ئه‌و فه‌رمانبه‌ره بكات.
-3 پاش دوو ساڵه‌كه ئه‌و فه‌رمانبه‌ره له كاری كشتوكاڵ سه‌ركه‌وتوو بێت یان سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت ته‌نها وه‌ك خانه‌نشینی مووچەی بنه‌ڕه‌تیی (مووچەی ئیسمی) پێ ده‌درێت.
گرفتی كه‌سانی ته‌مه‌ن سه‌روو 60 ساڵ كه توانای كاركردنیان نه‌ما ده‌بنه بار به‌سه‌ر كوڕ و كچه‌كانیانه‌وه و وه‌ك مرۆڤێكی په‌راوێزخراو له نه‌بوونی و نه‌خۆشیدا ده‌ژین، ته‌نانه‌ت پاره‌ی چوونه لای دكتۆریان ده‌ست ناكه‌وێت. بۆیه زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری گه‌نجه‌كان له پێناو خانه‌نشینی بۆ كاتی پیری و پەككهوتهیی دامه‌زراندن له كه‌رتی حكومه‌تدا به گرنگ ده‌زانن، بۆیه ئه‌گه‌ر له‌و خانه‌نشینییه دڵنیا بن ئه‌وا ده‌گه‌رێنه‌وه سه‌ر كاری كشتوكاڵ و حكومه‌تیش كه‌مێك بارگرانی مووچه‌خۆری له‌سه‌ر كه‌م ده‌بێته‌وه.
-4 وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ له‌ڕێی ئه‌ندازیاری كشتوكاڵییه‌وه پلانی بۆ جۆر و بابه‌تی كشتوكاڵی هه‌بێت، هه‌روه‌ها به شێوه‌یه‌كی كارا بازاڕ بۆ ساخكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می كشتوكاڵی بدۆزێته‌وه.
بۆ نموونه له ناوچه‌ی شارباژێر باشترین جۆری تووتن به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، كارگه‌ی جگه‌ره‌كه‌ی سلێمانی دروست بكاته‌وه، یان تووتن وه‌ك كه‌ره‌سه‌ی خاو هه‌نارده بكات بۆ وڵاتان. له ئه‌م كاره‌دا رۆڵی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ له‌سه‌ركه‌وتن یان شكست هێنانی ئه‌م پێشنیازه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت.
-5 حكومه‌ت پاش كه‌مبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی مووچەخۆر بواری پرۆژه‌ی درێژخایه‌نی زیاتری بۆ دهڕەخسێت و به‌وشێوه‌یه ده‌توانێت ژێرخانی ئابووری باشتر بكات.
سێیه‌م/ هاوسه‌نگی نێوان هه‌نارده و هاورده
من ده‌رچووی كۆلیژێكی ئابووری نیم، به‌ڵام به هۆی ماركسییهتهوه ناچار بووم ده‌یان كتێبی ئابووری بخوێنمه‌وه، بۆیه له روانگه‌ی تێگه‌یشتنمه‌وه بۆ ئابووری هه‌رێمی كوردستان، بەوەی دەشوبهێنم له‌سه‌ره‌وه به‌رده‌وام ئاوی تێده‌کرێت و له‌خواره‌وه ئاوه‌كه به‌فیڕۆ ده‌ڕوات. واته حكومه‌ت به‌هۆی فرۆشتنی نه‌وته‌وه داهات به‌ده‌ست دێنێت و به هۆی هاورده‌وه ئه‌و داهاته له سنووری هه‌رێم ده‌چێته ده‌ره‌وه.
بێگومان به‌هۆی نا هاوسه‌نگی نێوان هه‌نارده و هاورده، ئابووری هه‌رێم لاسه‌نگ بووه. به‌رده‌وام نه‌وت ده‌فرۆشرێت و ده‌كرێته مووچه‌ی نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن كه‌س، ئه‌وانیش كه‌لوپه‌لی توركی، ئێرانی چینی پێدهكڕن و به‌و شێوه‌یه ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی له ئه‌نجامی فرۆشتنی نه‌وت به‌ده‌ست هاتبوو به‌هۆی هاورده‌كردنی كه‌لوپه‌ل و ته‌نانه هه‌موو جۆره‌كانی پێداویستی كشتوكاڵی له سنووری هه‌رێم دهڕواتەوە ده‌ره‌وه و ده‌چێته سه‌ر ژمارەی دارایی ئه‌و وڵاتانه. بۆیه ئه‌و دوو پێشنیازه‌ی سه‌ره‌وه هه‌ندێك له لاسه‌نگی ئابووری هه‌رێم راست ده‌كاته‌وه.
-knwe