"كچە نازدارەكەی بابی"
نەسرین حەسەن

لە بیرمە بە دەستە بچووكەكانم، دەستی باوكم گرت و گوتم، بابە، بۆچی ناوم نەسرینە، نەسرین یانی چی؟ ئەویش بە پێكەنینەوە كە هێمای خۆشەویستی و گەورەیی بوو، گوتی،" نەسرین ناوی گوڵێكی سپی بچووكی جوان و بۆنخۆشە، بۆیە تۆشم ناو لێناوە نەسرین، چونكە كچە نازدارەكەی بابی خۆتی".

جیهانی ئەلكترۆنی وسۆشیال میدیا وێرای مۆدێرنەبوونی، بەڵام كێشە و گرفتی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە كە كارێگەری نەرێنی لە سەر سێكتەرەكانی ژیان بە تایبەتی لە بواری پەروەردەكردنی منداڵ كردووە و رۆڵێ‌ دایك و باوك لەو بوارەدا ئەستەم بووە، چونكە قوربانی منداڵەكانن« بە تایبەتی" كچ" كە وێرای ململانێ‌ لەگەڵ جیاوازی رەگەزی لە كۆمەڵگەدا رووبەرووی چەندین ئارێشەی تردەبێتەوە، كچانی ئەمڕۆ لە دۆزینەوەی ناسنامەی راستەقینەی خۆیان تووشی سەرلێشێواوی بوون، راستی كامەیە و هەڵە چییە؟.

گیرۆدە بوون بەوەی كە دەیبیستێ‌ و ئەوەی كە دەیبینێ‌ جیهانێكی نامۆی بۆ دروست كردووە، نامۆ بە عورف و بە داب و نەریتی كۆمەڵگە و كرانەوە بەڕوی جیهانی مۆدێرنەدا، بە پێی ئەو لێكۆڵینەوانەی لە سەر باروودۆخی كچان لە جیهانی ئەمڕۆدا ئەنجامدراوە، دەركەوتووە كە زۆربەی كچان بە كێشەی خەمۆكییەوە دەناڵێنن،كە هۆكارەكەی مانەوە لە دوو قۆناغی جیاواز ی ژیانە لە نێوان داب و نەریت و جیهانی ئەلكترۆنی مۆدیرنەدا، لەو قۆناغەدا باشترین هاوڕێ‌ دایك و باوكێكی رۆشنبیرە بە تایبەتی باوك كە پێگە و دەسەڵاتی بەهێزی لە ناوكۆمەڵگەداهەیە، باوكێك كە مانای ژیانی راستەقینەی پێشانی كچەكەی بدات، باوكێك كە رۆڵ و پێگەی لە ناو خێزان وكۆمەڵگەدا بۆ دیاری بكات، باوكێك كە گرنگی پێ بدات و خۆشی بوێت و لەكاتی گرفتەكاندا بڕوا و متمانە و هێزی پێببەخشێت، باوكێك كە پێ‌ بەپێ‌ و هەنگاو بەهەنگاو دەستی بگرێت و لەگەڵیدا رێ‌ بكات، باوكێك كە مانای شكست و سەركەوتنەكانی پێ‌ بناسێنێت، بە هەڵە و كەوتنەكانی، فێری ئەزموونی ژیانی بكات و بەنرخترین و جوانترین دیاری پێشكەشی كچەكەی بكات بە عەشق و خۆشەویستی و رێزگرتن لە هاوسەرەكەی.

نێرگز، بەیبون، ژاڵە، رۆز، هێرۆ، وەنەوەشە و دەیان گوڵی تر كە ناوی كچن و باوكەكان ناویان ناون، ئەمەش بەرپرسیاریەتییەكی مەزنە كەپێویستە پارێزگاریان ڵێ‌ بكرێت، بۆ ئەوەی سیس نەبن و بە گەشاوەیی و جوانی بمێننەوە. چونكە هەر كچە نازدارەكەی باوكیانن. 

-hawler


AM:04:26:28/01/2021