ئێمەش راپەڕین
نەسرین حەسەن

لە تەمەنێكدا ژیانی هاوسەریم پێكهێنا كە زۆر لە مانای بەرپرسیاریەتی تێنەدەگەیشتم ، لەوانەیە هەر لە بەر ئەوە بووبێت كە هاوسەرگیری من جیاواز بوو، هاوسەرگیری لەگەڵ كەسێك كە ژیانی خۆی بۆ رزگاری نەتەوەكەی تەرخان كردبوو، پێشمەرگەیەك، بەرپرسیاریەتییەكی مەزن و پیرۆز.

خەباتی نەپساوەی گەلی كورد لە پێناو وەدەستهێنانی مافەكانی لە ژێردەستەیی و چەوساوەیی ، مێژوویەكی كۆنی هەیە، هەر بۆیە لەگەڵ هەموو قۆناغە جیاوازەكانی خەباتدا ئافرەت رۆڵ و كاریگەری بەهێزی لە ریزەكانی ئەو جوڵانەوەیدا هەبووە، وەك دایك، خوشك و هاوسەری پێشمەرگە و یان وەك پێشمەرگەیەكی شوڕشگێر كە شان بە شانی پیاوان تێدەكۆشا، یا لە رێكخستنەكانی ناو شار دا كە ژیانێكی پڕ لە مەترسی بە دواوە بوو وەك، زیندانی كردن ، دەستدریژیكردن و سوكایەتی پێكردن ، بەڵام ئەوەی زۆربەلایەوە گرنگ بوو "خەبات لە پێناو رزگاری نەتەوەكەی"،چونكە پێی وابوو ، رزگاری ئافرەت و گەیشتن بە مافەكانی لە چوارچێوەی كۆمەڵگەیەكی ئازادا دا دەستەبەر دەكرێت ، راپەڕینە مەزنەكەی ساڵی 1990 بەشداری كارای ئافرەتان لە راپەرین بەرپرسیاریەتییەكەی زیاتر كرد، قۆناغی دوای راپەڕین ، قۆناغی ئاوەدانكردنەوە و گەشەسەندنی ژێرخانی ئابووی بوو، بەهێزكردنی قەوارەی سیاسی هەرێم و بەرەوپیشبردنی پرسە كۆمەڵایەتییەكان و بنبڕكردنی هەر دیاردەیەكی نەخوازراوی كۆمەلایەتی و چەسپاندنی دادپەروەری كۆمەڵایەتی و یەكسانی رەگەزی و پرسی ئافرەتی گەیاندە قۆناغێكی تر وبه بەشداری لە كایە جۆراوجۆرەكانی ژیاندا پێگە و رۆڵی بەهێزتركرد،ئەگەری چی تاوەكو ئێستاش لە ململانێی بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی جیاكاری رەگەزی دایە. ئەمڕۆ لە دوای چەندین ساڵ خەبات، هەرێمی كوردستان خاوەنی ناو و پێگەیەكی بەهێز و فەرهەنگێكی پیرۆزی ئاشتی و پێكەوەژیانی ئایین و نەتەوە جیاوازەكانە و رۆژ لە دوای رۆژ پێگەی نەك تەنیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵكو لە هەموو جیهان بەهێزتر دەبێت.

هەست بە بەرپرسیاریەتی كردن ئەوەندە ئاسان نییە،بەتایبەتی ئەگەر لە تەمەنێكی كەمەوە بەرپرسیارتییەكی مەزن لە ئەستۆ بگری وەك هاوسەری پێشمەرگەیەك، بەڵام لەگەڵ تێپەربوونی كات ئەزموونی ژیان فێری ئەو بەرپرسیاریەتییەت دەكات، كە هەوڵ بدەی، خۆراگر بیت ،كۆڵ نەدەی و بەردەوام بیت تا سەركەوتن تۆمار دەكەی، ئەوەش شانازییەكە بۆ من و هەموو ئەو ئافرەتانەی بە شێوازە جیاوازەكان لەو مێژووە پڕلە شانازییە بەشداربوون، چونكە ئێمەش راپەڕین.


AM:09:22:15/03/2021