لە هێلینەوە
نەسرین حەسەن


-" جو بایدن" سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە بارەی رەوشی ئافرەتان لە ئەفغانستان لە دوای دەرچوونی هێزەكانیان لە كابۆلی پایتەختی ئەفغانستان و گرتنی دەسەڵات لە لایەن تالیبانەوە وتی: كێشەی ئافرەتان و پاراستنی مافەكانیان بە

هێزی سەربازی و شەری چەكداری چارەسەر ناكرێت، بەڵكو بۆ رووبەرووبوونەوە بۆ ئەو كێشەیه پێویستی به گوشاری ئابووری، دیپلۆماسی و نێودەوڵەتی هەیە بۆ گۆڕینی هەڵسووكەوتی ئەوانەی كە مافەكانی مرۆڤ پێشێل دەكەن.

- یەكێـتی ئەوروپا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە بەیاننامەیەكدا وێرای دەربڕینی نیگەرانی خۆیان لە بارەی رەوشی ئافرەتان لە ئەفغانستان داوایان لە دەسەڵاتدارانی تالیبان كرد كە خۆیان بە دوور بگرن لە هەر جۆرە جیاوازییەكی رەگەزی بەرامبەر بە ئافرەتان و مافەكانیان بپارێزن.

-" فاتیمە محەمەد بیگی" ئەندامی فراكسیۆنی ئافرەتان له پەرلەمانی ئێران لە لاپەڕەی خۆی لە تویتەررەخنە لە پێشنیازی دەوڵەت دەگرێت لە دەستنیشانكردنی وەزیرانی كابینەی نوێ‌ كە رەوانەی پەرلەمان كراوە بەوەی كە ناوی هیچ ئافرەتێك لە لیستی كاندیدەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی سێزدە نییە و لە كاتێكدا چاوەڕوان دەكرا بۆ هەندێك وەزارەت ئافرەت دانرابا، هەروەها دەڵێ‌،‌ بۆچی لە تواناو پسپۆری و دلسۆزی و ماندوونەناسی ئافرەتان سوود وەرنەگیراوە و پێویست بوو بەربژێری ئافرەتیش هەبوایە.

-"د. غەنی نه‌ژادی" ئابووریناسی ئێرانی پێی وایە پێویستە كاركردنی ئافرەت لە ماڵەوە بەها و گرنگی تایبەتی خۆی هەبێت، لە بەر ئەوەی ئافرەت لە ماڵەوە هێز و وزە خۆی بە كار دێنێ‌ وەكو كەسێك كە لە دەرەوە ئیش دەكات، كەواتا نابێ‌ چاوەڕوانی ئەوە بین ئافرەتێك كە لە دەرەوە ئیش دەكات، كاری ماڵەوە بە تەنیا ئەنجامبدات، بەڵكو دەبێ‌ هاوكارییەك لە نێوان ژن و مێرد دا هەبێت، بۆ ئەو مەبەستە دەبێ‌ فەرهەنگێكی نوێ‌ لە كاردا دروست بێت بۆ ئەوەی ئافرەت بتوانێت لە كاری دەرەوە باشتر رۆڵ بگێرێت و بایەخێكی زیاتری پێبدرێت، دواترهەلومەرجەكان زیاتر لە بەرژەوەندی ئەودادەبێت و ناچار مافەكانیش بە یەكسانی دابەش دەكرێن.

- بە پێی لێكۆڵینەوەكان دەركەوتووە كە گوشاری كاری و دڵەراوكی ئەگەری توشبوون بە نەخۆشی شەكرە زیاتر دەكات،هەرچەندە لەو لێكۆلینەوەدا ئاماژە بە هۆكاری بۆماوەیی و رەوشی ستایلی ژیانی ناتەندروست دەكات، بەڵام پێی وایە كە دڵەراوكی و گوشاری دەروونی گرنگترین هۆكاری توشبوون بە نەخۆشی شەكرەن . بۆیە رێنماییی دەداتە خەڵك تا بۆیان دەكرێت شێوازی ژیانی خۆیان بگۆرن و هەوڵی كەمكردنەوەی گوشارە دەرونییەكان بدەن.

-hawler

AM:03:29:23/08/2021