ساڵی ٢٠٢٠ ، پڕ ناسۆرترین ساڵەکانی ئەم چارەکەی سەدەی ٢١
نه‌وزادى موهه‌ندیس‌

بەداخەوە مێژووی مرۆڤایەتی سیخناخە لە کارەسات و جەنگ و کاولکاریی و نەخۆشی و ململانێی ناڕەوا و داگیرکاریی و زوڵمی مرۆڤ بۆ مرۆڤ و زیندەوەران و تەنانەت ئەو ژینگەیەی کە خۆشی تیایدا دەژی.

مرۆڤ بۆخۆی بوونەوەرێکی لەلایەک داھێنەر و ئاوەدانکەر و خاوەنی شارستانێتییە نەمرەکانی مرۆڤایەتییە و زیاد لە پێنج ھەزار ساڵە لەسەر گۆی زەوی گوزەران دەکات و گەلێک داھێنانی گەورە و ناوازە و سەرسوڕھێنەری کردووە، تا کاروانی مرۆڤایەتی و گەشەسەندن و ئاوەدانی گەیاندووەتە ئەم قۆناغەی ئێستا، بەڵام لە پاڵ ھەموو ئەم کار و چالاکییە بێوێنە و سەرسوڕھێنانەیدا، سەدان و ھەزاران کارەسات و کاولکاریی بەسەر مرۆڤایەتی و شارستانێتییەکانیشدا ھێناوە، کە زۆرێکیان بێ مەبەست و لە نەزانین و غافڵگیرییەوە بووە و زۆربەی ئەوانەی تریشیان بە مەبەست و بەپلانی پێشوەختە کراوە.

گەلێک جاران ھۆکارەکان کەسی و بنەماڵەیی و نەتەوەیی و یان ئاینی و مەزھەبی بوون، کە بوونەتە ھۆی ھەڵایسانی جەنگە گەورەکانی جیھان یان جەنگە ناوخۆییە نەبڕاوەکان یان سەرھەڵدانی دوژمنایەتی و کوشت و کوشتار و کاولکاریی کە لەکۆتایشدا تەنھا و تەنھا مرۆڤایەتی و ژینگەی گۆی زەوی زیانی گەورەیان بەرکەوتووە.

جا ھەر قۆناغە یان سەدە یان ساڵ و مانگ و ڕۆژەکانی مێژووی مرۆڤایەتی ھەریەکەیان بە ڕووداوێکی گەورە و گورچکبڕ و کارەساتبار دەناسرێنەوە، ئەوەتا سەدەکانی ناوەڕاستی ئەوروپا بە پەتای تاعون دەناسرێتەوە کە بە ملیۆنان کەسی کوشتووە، ساڵانی ١٩١٤-١٩١٨ جەنگی یەکەمی جیھان و ساڵی ١٩٢٩-١٩٣٣ چەقبەستوویی گەورەی ئابووریی و ساڵانی ١٩٣٩-١٩٤٥ جەنگی دووەمی جیھان و ساڵانی ١٩٥٢-١٩٩١ جەنگی سارد و دەیان نموونەی زیندووی تر، کە ھیچ کات مرۆڤایەتی بەبێ جیاوازیی ئاوات بۆ ئەو قۆناغ و سەردەمە تاریکانەی مرۆڤایەتی ناخوازێت.

جا لەو چوارچێوەیەشدا سەدەی ٢١ بە دیاریکراویش ساڵی ٢٠٢٠ کە سەرەتای بەناو سەدە و قۆناغێکی نوێ بوو، بە کارەساتێکی مرۆڤایەتی دەستیپێکرد کە بریتییە لە پەتای کۆڕۆنا (کۆڤید-١٩) کە لەسەرەتای ساڵەوە تاکو ئێستا کە دەچینە ساڵی نوێوە، ھەر بەردەوامە و ھیچ کەس و لایەن و وڵاتێکیش ناتوانێت پێشبینی کۆتاییەکەی بکات.

تائێستا تەواوی مرۆڤایەتی و زانست و زانیاری و زاناکان دەستەوستانن لەبەردەم ئەم پەتا کوشندەیەدا کە لەماوەی تەنھا ١٢ مانگدا زیاتر لە ٨٠ ملیۆن کەس تووشبوون و زیاتر لە ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار کەسی تری کردۆتە قوربانی و بە سەدان ملیار دۆلار زیانی ئابووریی گەیاندۆتە تەواوی گۆی زەوی و بە رادەیەکی بەرچاو ترس و دڵەڕاوکێ و مەترسیی بڵاوکردۆتەوە بەناو تەواوی وڵاتان و کۆمەڵگەکاندا و ئاشتی کۆمەڵایەتیشی خستۆتە بەردەم مەترسی و داڕمانی ئابوورییەوە و زۆرێک لە وڵاتانی پێشخستووە و کورتھێنانی بودجە و داھاتی ساڵانەیان و گەشە و ئاوەدانیانی خستۆتە بەر مەترسییەوە
.

پەتای کۆرۆنا بۆتە پەتای سەردەم و سەدەی ٢٠ و ٢١ و بۆتە بکوژ و مەترسییەکی گەورە بۆسەر ئێستا و ئایندەی تەواوی مرۆڤایەتی.

بەم شێوەیە ساڵی ٢٠٢٠ لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بۆتە ساڵێکی رەش و پڕ مەترسی و کوشندە و ناسۆر بۆ تەواوی گۆی زەوی، ئەم ساڵە ساڵی نەھامەتی و برسێتی و بێکاریی و دواکەوتوویی و راوەستانی گەشەی ئابووریی تەواوی مرۆڤایەتی بوو. ساڵێک بوو کە ھیچ کات ئاواتی پێناخوازرێت، ساڵێک بوو کە لەناو ساڵەکانی ئەم سەدەیەدا رەنگە ببێتە وێسگە و خاڵێکی تاریکی ئەوتۆ کە جیاکەرەوە دەبێت لە پێش و لەدوای خۆی.

ئەگەر ھەندێک ساڵ بۆ ئەو کۆکەڵگە یان ئەو وڵات یان ئەو ناوچەیەی جیھان ساڵێکی پڕ وەیشومە و کارەسات و جەنگ و کارەساتی سروشتی و ژینگەیی کوشندە بووبێت، ئەوا ساڵی ٢٠٢٠ ساڵێکی ئیقلیمگیریی سەرتاسەری و جیھانی بوو بۆ تەواوی مرۆڤایەتی و ھەموانی وەکو یەک بێزار و دڵتەنگ و کارەساتبار کردوە بەھۆی لەدەستدانی زۆرێک لە خۆشەویستان و ئازیزانیان و زۆرێک لە خێزانەکانی ھەڵوەشاندۆتەوە و زیاتریشی لە منداڵان بێ دایک و باوک و بێ سەرپەرشتیار خستوە، گەلێک کەسی کۆستباران کردوە و لەوەش زیاتری بێکار و برسی کردوە، ئەم ساڵە و ئەم پەتایە ھەموو مرۆڤایەتی یەکسانکردوە لە تووشبون و کوشتن و نەھامەتی و برسێتی و ھەژارکەوتندا، چونکە دەوڵەمەند و ھەژارانی وەکو یەک گرتۆتەوە، خۆرھەڵات و رۆژئاوای پێکەوە گرێداوە لە نەھامەتیدا، جەنگ و ململانێکانیشی تاڕادەیەک گەرمتر کردوە، رەنگە ببێتە ھۆکاری سەرھەڵدانی ناچاریی ھێرش و پەلامار و جەنگی گەورەتریش لە جیھاندا.


-kurdsatnews

AM:01:12:02/01/2021