جێندەر لە ھۆشیاری کۆمەلگەی کوردستانیدا
د.ڤیان سلێمان‌‌

لەو کاتەوەی جێندەر وەک چەمکێک هاتە نێو زانستە کۆمەڵایەتییەکان، سەرەتایەک بوو بۆ لێکدانەوەی جیاوازییە نازیندەییەکانی نێوان ڕەگەزی نێر و مێی مرۆڤ و پەیوەندارە بە شوناسی کۆمەڵایەتی، پێش ئەوە ڕەگەز یان (سه‌خ)، ئاماژە بوو بۆ هەردوو لایەنی بایەلۆجی و کۆمەڵایەتی لە جیاکردنەوەی نێر و مێی مرۆڤ.

بەو پێیەش ڕەگەز لایەنی بایەلۆجیی و جێندەر لایەنە کۆمەڵایەتییەکەی بوونی مرۆڤە. ئان ئۆکلی، یەکەم کەس بوو ئەم چەمکەی بەکارهێنا و پێی وابوو کە جێندەر جیاوازە لە ڕەگەز و ئاماژەیە بۆ ڕەهەندە کۆمەڵایەتی و کولتورییەکەی بوونی مرۆڤ.
ڕەگەز بەرهەمی سروشتە و جێندەر کولتور.

مرۆڤ وەک مێ یان نێر، وەک دوو ڕەگەزە سەرەکییەکە، لە دایک دەبێ و دێتە دونیاوە، بەڵام ئەوە کۆمەڵگە و کولتورە کە ڕۆڵە کۆمەڵایەتییەکانی ژنێتی و پیاوێتی بەپێی تێگەیشتنەکانی خۆی بۆ هەریەکە لەو دوو چەمکە بۆ کارەکتەری پیاو و ئافرەت دیاری دەکات.

لێرەدا کاتێ کۆمەڵگە ڕۆڵە جێندەرییەکان بەپێی عەقڵییەتی پیاوسالاری خێڵەکی دیاری دەکات، ئەوا بە کۆمەڵێک نۆرم و ڕێسای کۆمەڵایەتی ڕۆڵ و پێگەی ئافرەت لە چوارچیوە دەدا و ئافرەتیش بۆ ئەوەی ژیانی پارێزراو بێ، دەبێت پابەندی پێوەرەکانی ئەو ستراکچەرە کۆمەڵایەتییە بێ و لەو سنورانە لانەدا کە بۆی کێشراوە بەو تایبەتمەندییە فێمینییانە کە وەک خەسڵەتی ئافرەت ناسراون وەک لاوازی و میهرەبانی و پشتبەخۆنەبستوو و کەم ئاوەز، لێرەدا ئەو ژنبونە کە بەو پێوەرانە مانای دراوەتێ، هەر ئەوەیە کە سیمۆن دیبوڤوار دەڵێ، هیچ مێینەیەک وەک ژن لەدایک نابێت، بەڵکو دەبێت بە ژن.

ئەو ژنبوونە کە بوڤوار مەبەستیەتی ژنبوونێکە کە بەرهەمی سترکچەری کۆمەڵایەتی و کولتوری نێرسالارییە. نەک ئافرەتبوون وەک شوناسی تایبەت بە خودی ئافرەت کە لە ڕوانگەی خۆیەوە هەڵقوڵابێ و بە فۆرم و ناوەڕۆک بەها مێینەکان لەخۆیدا بەرجەستە بکات، کە هەموو ئافرەت شانازی بە ئافرەتبوونی خۆی ئەکات.

بەوپێیە چەمکی ئافرەت و چەمکی پیاو یان پیاوێتی و ژنێتی دوو چەمکی کۆمەڵایەتی داڕێژراو و پەسەندکراون بەپێی تێگەیشتنە کۆمەڵایەتییەکانی هەر کۆمەڵگەیەک و دەگۆڕێن بەپێی گۆڕان لە ئاستی دیتن و تێگەیشتنی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو بۆ ڕۆڵی هەریەکە لەو دوو ڕەگەزە، ئەگەرچی گۆڕانکارییەکان هێواش یان پڕ ئاستەنگ و ڕێگری بن.

وەک ئەو گۆڕانکارییانەی لە ئێستادا لە کۆمەلگەی کوردستانی دروست بوون لە بواری کایەی تایبەت و کایەی گشتی، کە وەک دەبینین لە ئێستادا بە هۆکاری کاریگەرییەکانی جیهانگیری، تەکنەلۆژیا و زۆری پێداویستییە ئابوورییەکانی خێزان و بە تەنها پێڕانەگەیشتنی پیاو بۆ دابینکردنی بژێوی خێزان، هەروەها هۆشیاری خودی ئافرەت، ئافرەتان بەشدارێکی بەرچاوی بوارەکانی ژیان دەکەن نەوەک تەنها لەو بوار و ڕشتانەی بۆ نموونە وەک ڕشتەی پەروەردە و هەندێک پیشەی تەندروستی کە زیاتر بۆ ئافرەت بە گونجاو زانراون، بەڵکو لە کۆی سێکتەرەکانی ژیان بە تایبەت بازاڕی کار ئافرەت ئامادەیی هەیە.

هاوکات تا ڕادەیەک گۆڕانکاری لە هاوبەشی ئەرکی ئافرەت و پیاو لە خێزاندا درووست بووە.
بەوپێیەش؛ وایە و ڕاستییە کە مرۆڤ بە جیاوازییە ڕەگەزییەکانەوە لەدایک دەبێت کە سروشتی و نەگۆڕن، بەڵام وایە و ڕاستیشە کە ئەو دوو مرۆڤە بە جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکانەوە لە دایک نابن و ئەوە کۆمەڵگە و کولتورە کە ئەو جیاوازییانە دروست دەکات.
ئیلین شوارتەر پێی وایە جێندەر بریتییە لە بونیادێکی ڕۆشنبیری کۆمەڵایەتی، نەک ڕاستییەکی سروشتی و جەستەیی.

مەبەست لە چەمکی جێندەر و تیۆرەکانی هەڵوەشانەوەی ئەو بڕوایانەیە؛ کە ڕەگەزی کردووەتە پێوەر بۆ ڕۆڵپێدانی مرۆڤ، ئەو ڕۆڵانەی کە دروستکراوی کۆمەڵایەتین و وەک نەگۆڕ وێنا کراون و بەستراونەتەوە بە ڕەگەزەوە.

ئەو هەستیارییە زۆرەش بەرامبەر جێندەر لە دوو لاوە سەرچاوە دەگرێ، یان هەڵە تێگەیشتنە لە جێندەر و لێکدانەوەیەتی وەک بانگەشەی ئاساییبوونی گۆڕینی ڕەگەزی بایەلۆژی یاخود بروا نەبوونە بە ڕۆڵی یەکسان و توانای مرۆڤەکان بە تایبەت توانای ئافرەت لە پراوەکردنی هەر ڕۆڵێک و جێبەجێکردنی هەر ئەرکێک کە پیاو دەیگێڕی و جیبەجێی دەکا. بەو پێیەش ڕەتکردنەوەی هەر تێز و ئایدیایەک کە داوای گۆڕینی ڕۆڵەکان و بانگەشەی دروسکراویان دەکات نەک سروشتیبوونیان.

جێندەر پێی وایە، كە ئەو پێگە نایەكسانەی ئافرەتان هەیانە پەیوەندی بەتایبەتمەندییە بایۆلۆژیكیەكانیانەوە نییە، بەڵكو دەرنجامی نۆرم و رێساکان و بونیادە کولتورییەکەی کۆمەڵگەیە، جێندەر جەخت لەوە دەكاتەوە كە مرۆڤ، نێر بێت یان مێ، دەتوانێت لەهەر بوارێکدا بەشداری بکا و سەرکەوتووبێ، لەو چوارچێوەیەدا ئافرەتیش دەتوانێت هاوئاستی پیاو بەشداری تەواوی کایەکان بکات، بەڵام هەژموونی پیاو بە درێژایی مێژوو نەیهێشتووە ئافرەت رۆڵی یەكسانی لە بەرامبەری پیاودا هەبێت.

جوان سکۆت، بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی بەراوردکاری نێوان ئافرەت و پیاو لە یەک کایەی پسپۆری و گۆڕینی نموونەکانی پسپۆری، واتە هەر پسپۆرییەک ک تایبەت کراوە بە پیاو و پیاو تێیدا باڵادەستە لە ئافرەتیشدا ئەزموون بکرێت، ئەوەش بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەو بڕوایەی کە ڕەگەزی بایەلۆژی بنەمایەک نییە بۆ دیاریکردنی توانای زیرەکی، ئامانجەکانی جێندەر دەخاتەڕوو.

لەو نێوەندەدا وەک دەبینین لە ئێستادا ڕاستی ئەو تیۆرییانە سەلمێنراوە و سەرکەوتنەکانی ئافرەت لە هەموو کایەکان، بوارێکی نەهیشتۆتەوە بۆ گومان کردن لە توانای ئافرەت و بڕوا کردن بەوەی دۆخی بایەلۆجی ئافرەت فاکتەری پلەدوویی و نزمی ئاست و پێگەیشتنیەتی لەچاو پیاودا بە پێی تیۆری منداڵدان و ئەوەی گوایە پێکهاتەی بایۆلۆژی پیاو لە پێکهاتەی بایۆلۆژی ئافرەت، باشتر و پتەوترە و تیۆرەکانی دابەشکردنی کار و ڕوانگە پیاوسالارییەکان بە شێوەیەکی گشتی.

ئەوەی لێرەدا پێویستە ئاماژەی پێ بکەم، ئافرەت و پیاو دوو مرۆڤی جیاوازن لە ڕووی ڕەگەزییەوە، ڕەگەز تایبەتە بە لایەنی جەستەیی مرۆڤەوە وەک هەموو ئەو جیاوازییە بایەلۆجیانەی لەڕووکار و شێواز و تایبەتمەندییەکان بۆ نمونە ئەوەی منداڵ بە سکی خۆی و لە هەناوی خۆیدا هەڵدەگرێت شوناسی مرۆڤی مێیە، کە نەگۆڕ و سروتییە، بەڵام جێندەر کارەکتەری کۆمەڵایەتی ئافرەت و پیاوە کە چەندین فاکتەری کۆمەڵایەتی و کولتوری و پەروەردەیی ڕۆڵیان هەیە لە دروستبوونی کە گۆڕانکارییان تێدا دەکرێت.

لەم چوارچێوەیەدا و بە ڕەچاو کردنی پێویستییەکانی ئەم قۆناخە و گرنگی پێداچوونەوە بەو بارە نایەکسانییەی کە لە نێوان ئافرەت و پیاو لە کۆمەڵگەکەماندا هەیە و گرنگی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری جێندەری وەک ڕێگایەک بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری جێندەری، پێویستە وەک بابەتێکی زانستی دوور لە هەستیاری مامەڵە لەگەڵ ئەم چەمکە بکرێ و لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە جێندەر و بنەما سەرەکی و دەستەواژەکانی تایبەت بەم چەمکە و مەبەستی ئێمە وەک ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە پرسی ئافرەت لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری جێندەری زیاتر ڕوون بکەینەوە و چەمکەکە زیاتر بناسێنین بە سەرجەم تاكەكانی كۆمەڵگە و تێگەیشتن بۆ ئەم چەمكە بگۆرین بە ئاراستەی وەرگرتن و پێشوازی كردن لێی.

وەك ئاشكراشە هەر چەمكێك لە كۆمەڵگەیەكەوە بۆ كۆمەڵگەیەكی دیكە پێناسەی جیاوازی بۆ دەكرێت، چونكە كۆمەڵگەكان لە تایبەتمەندییەکاندا لە یەك ئاستدا نین، پێویستە هەوڵی بە بەرنامە بدرێ بۆ ئەوەی لە تێگەیشتنی کۆمەڵگەدا جێندەر لە ڕەگەز جیا بکرێتەوە بەوەی کە مەبەست لە جێندەر ڕەهەندە کۆمەڵایەتییەکەی بوونی مرۆڤە، چەمكی جێندەر لە پرۆگرامی خوێندنی زاكۆكاندا دابنرێت بۆ ئەوەی قوتابیانی زانكۆ، لەجیاتی ئەوەی بكەونە ژێر كاریگەریی ئەو بروایانەی كە دەیانەوێت ئەو چەمكە بشێوێنن، لەڕێگای زانستییەوە لە جێندەر و مەبەست لەم چەمکە تێ بگەن.

پرۆگرامی یەکسانی جێندەری ببێتە بەشێکی سەرەکی لە بەرنامەی کار و ستراتیژی حکومەت، کە مایەی دڵخۆشییە هەنگاوی بۆ نراوە

-hawler

AM:02:40:29/06/2021