دەوڵەتەکان لە شانۆی سیاسەتی جیھانیدا، ھەوڵ دەدەن بە کەڵک وەرگرتن لە شێواز و ئامراز و کەرەستەی جۆراوجۆر، بە ئامانجە سەرەکی و دیاریکراوەکانیان بگەن و بەرژەوەندییەکانیان دابین بکەن، یەکێک لەو ئامرازانە کە ئەکتەرە سیاسییەکان بۆ ئەو مەبەستە کەڵکی لێ وەردەگرن، دیپلۆماسییە.
پێناسەی جۆراوجۆر بۆ دیپلۆماسی کراوە، بەڵام من لێرەدا ئاماژە بەدوو ڕوانگەی دیار و گرنگ سەبارەت بە چۆنیەتی دیپلۆماسی دەکەم، ھەندێک لە بیرمەندان، دیپلۆماسی وەک پێکھاتە یان سیستەمێک چاو لێدەکەن، لەم تێڕوانینەدا، دیپلۆماسی پێکھێنانی پەیوەندییە لە ڕێگای نوێنەرایەتییە فەرمییەکانی ناوخۆ و دەرەوە، بە واتایەکی تر، دیپلۆماسی بریتییە لە سیستەمی پەیوەندییەکان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا کە لەو چوارچێوەیەدا ئەکتەرەکان پێکەوە پەیوەندی دەگرن، ئەرکی سەرەکی ئەو دیپلۆماسییە بریتییە لە بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە ڕێگای گفتوگۆ و وتووێژەوە.
بەڵام دەستەیەکی دیکە لە چاودێران، دیپلۆماسی وەک تەکنیک یان ھونەر چاو لێدەکەن، کەوابوو دیپلۆماسی تەکنیکی پەیوەندیگرتن لەگەڵ جیھانی دەرەوە یان ھونەری ئیدارەکردنی سیاسەتی دەرهکی و چارەسەرکردنی کێشە و گرفت و ململانێ و ناکۆکییەکانە بە شێواز و میتۆدێکی ئاشتیخوازانە، لێرەدا زەقبوونەوەی دیپلۆماسی وەک "ئامڕاز"، زیاتر بەرچاو دەکەوێت، واتا سیاسەتی دەرەکی نوێنەری ئامانجە بنەڕەتییەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەکتەرە سیاسییەکانە و دیپلۆماسی ئامرازی دابینکردنی ئەو ئامانج و بەرژەوەندیانەیە.
بە گشتی دیپلۆماسیەتی نێوان وڵاتان و بەتایبەت ھەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی 2003 وە گۆڕانکاری زۆری بەسەردا ھاتووە، ئەم کرانەوەی کورد زیاتر لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس دەستیپێکرد.
بەرژەوەندییە (ئابووری-سیاسیی- ناوچەییەکان) وایانکرد کە بە ڕاددەی زۆر بەرەوپێشچوونی باش بەخۆیەوە ببینێت، ھەرچەندە لە ڕووی مێژووییەوە بەردەوام ئاڵوگۆڕی نوێنەر یان بەواتا ئامرۆییەکەی، ھەناردەکردنی باڵیۆز و دیپلۆمات لە نێو سیستەمە جۆراوجۆرەکاندا (عەشیرەتەکان، ئیمپراتورییەکان و...هتد) ھەبووە، بەڵام دیپلۆماسی بە شێوەی مۆدێرن لە ناو دەوڵەتەکاندا لە دوای جەنگی جیھانی دووەم بەشێوەیەکی ئارامتر سەریھەڵدا.
سەدەکانی ڕابردوو کوردەکان، بە دیپلۆماسی نێوان دەوڵەتەکان زۆرجار بە شێوەی نھێنی و لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە و لە ڕێگای نوێنەرایەتی یان لێژنەیەکی دیپلۆماسیکەوە ئەنجامدەدرا، زیاتریش باس لە کەڵکەڵە، نیگەرانی، بیر و بۆچوون و ویستەکانی پاشا یان ڕێبەرەکان یان باس و گفتوگۆ سەبارەت بە شەڕ، ئاشتی و ئاسایش دەکرا، بەڵام ئێستا ھەرێمی کوردستان خاوەنی نوێنەرایەتیه لە وڵاتانی دیکە، ھەروەھا نوێنەرانی بەشێکی زۆر لە دەوڵەتە کاریگەر و بەھێزەکانی دونیا نوێنەرایەتیان ھەیە.
"گرنگی دیپلۆماسییەتی دیجیتاڵی بۆ ھەرێمی کوردستان"
دیپلۆماسییەت یان پەیوەندی دیجیتاڵی ھۆکاری کاریگەره بۆ بنەمای کاری دیپلۆماسی، بەڵام بە گشتی چەند ھۆکارێک ھەیە کە وادەکات ھەرێمی کوردستان، دیپلۆماسییەتی دیجیتاڵی پەرەپێبدەن:
1- عێراق و ھەرێمی کوردستان، لەناوچەیەکی جوگرافی ئاڵۆز و پڕکێشەدان، ھەموو دەوڵەتان ڕەنگە ناتوانن بە ئارامی سەردانی بکەن، ھەرچەندە ھەرێمی کوردستان لەم ڕووەوە زۆر باشترە.
2- دووری ئەم ناوچەیە لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و خاوەن ھێز و دەسەڵات.
3- دیپلۆماسییەتی دیجیتاڵی، تەکنەلۆژیایهكی بەرفراوانە و زوو ھەواڵ و گۆڕانکارییەکان بە ھەموو جیھاندا بڵاو دەبنەوە.
4- ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەکی (ئۆنلاین) بۆ ھەر بابەتێکی گرنگ و پەیوەست بە دۆخی جیھانی ئاسانتر دروستدەبێت، بەپێچەوانەی کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆ کە ماوەیەکی زۆری بۆ ڕێکخستن دەوێت.
5- زیادبوونی بەکارھێنەرانی (سۆشیاڵ میدیا) واتا ئەگەر سەرۆکی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نامەیەک لەڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە ئاڕاستەی سەرۆکی ئەمریکا بکات، زۆر باشتر ئامانجەکە دەگات.
ئایا ھەرێمی کوردستان توانیویانە دیپلۆماسییەتی دیجیتاڵی بەھێز بکەن؟
لە دوای ساڵی 2014 و شەڕی داعش لە عێراق و سوریا، جیھان بە گشتی کەوتە بەر مەترسییەکی گەورەی تیرۆر، بۆیە سەرکردە و نوێنەرانی وڵاتان ھەر زوو کەوتنە سەردانی ھەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی پێکھێنانی ھاوپەیمانیهتیهكی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ناوچە مەترسیدارەکان لە مەترسی تیرۆر، بەڵام لە دوای شەڕی داعش و لاوازبوونی ئەو ڕێخکراوە تیرۆریستییە، تا رادەییەک پەیوەندییەکان کەمبوونەوە، بەڵام ھەرێمی کوردستان، لەڕێگەی فراوانکردنی پەیوەندی دیپلۆماسی بە سوود وەرگرتن لە سۆشیاڵ میدیا و ئامرازەکانی پەیوەندی توانیوویانە لەگەڵ دەوڵەتان و نوێنەرایەتیان پەیوەندی ھاوسەنگ ڕابگرن.
بواری دیپلۆماسی لە سەدەی بیست و یەکەمدا لە ڕابردوو باشترە و ئاڕاستەکەی فراوانە و داھێنراوترە، ھەرێمی کوردستان، دەبێت بەشێوازی ئەکادیمی و ڕێک و گونجاو پەرە بەلایەنی (تەکنەلۆژیا) بدات، چونکە لە کاریگەرییە ناوخۆییەکانی دەوڵەت پرسە دەرەکییەکان دەردەکەون.
ڕێگەی سەرکەوتنی دیپلۆماسییەتی دیجیتاڵی
نموونەکان؛
بە گشتی لە سەرانسەری جیھاندا، بە گوێرەی دواین توێژینەوەکان، زیاترینەکان لە (یوتیوب- فەیسبوک- ئینستاگرام- تویتەر- تیکتۆک- سناپ چات)ن، ھەرێمی کوردستان دەتوانێت لە ڕێگەی ھەریەکە لەم ئەپانەوه پەیامی دیپلۆماسیی خۆیان بۆ ھەموو دەوڵەتان بنێرن، بەڵام باشترین نموونە (تویتەر- یوتیوب)، چونکە زۆرینەی سیاسییەکانی جیھان بەکارھێنەری تویتەرن، واتا پەیامێکی دیپلۆماسیی لەڕێگەی تویتەرەوە زۆر باشتر دەگاتە وڵاتانی دیکە.
بەپێی نوێترین ڕێزبەندی جیھانی وڵاتی (ھیندستان لە پلەی یەکەم و ئەمریکا و فڕەنسا، بڕازیل، کەنەدا، بریتانیا، مەکسیک، ژاپۆن، ڕوسیا، ئیندۆنیسیا) لە پلەی یەکەم تا دەیەمی ئەو وڵاتانەن کە پەیوەندییەکان لە ڕێگەی دیپلۆماسی دیجیتاڵییەوە بەکاردەھێنن.
کاریگەری میدیا لەسەر پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان
ئهگهر سهرپشك بم كه لهنێوان دهوڵهتێكی بێ راگهیاندن و راگهیاندنێكی بێ دهوڵهت یهكیان ههڵبژێرم، بێ ئهملاو ئهولاكردن دووهمیان ههڵدهبژێرم، (تۆماس جێفرسۆن 1787)/ ئهم وتهیهی جێفریسۆن به تهواوهتی تهعبیر له گرنگی میدیا و راگهیاندن دهكات، گرنگی میدیا تا ئهو ئاستهیه كه جێفرسۆن راگهیاندنی بێ دهوڵهت لهبهرانبهر دهوڵهتێكی بێ راگهیاندندا ههڵدهبژێرێت، واته راگهیاندن زیاتر له حكومهت و دهسهڵات بۆ كۆمهڵگه و دهوڵهت پێویسته، نووسهر له كتێبهكهیدا كۆمهڵێك چهمكی وهكو: دیپلۆماسی، دیپلۆماسی نهریتی، نهێنی، كراوه، كلتووری، گشتی، میدیایی، رایگشتی، لۆبی، لۆبی میدیایی دهخاته بهرباس و لێكدانهوه.
دیپلۆماسی میدیایی واته كهڵك وهرگرتن له میدیا گشتییهكان بۆ دروستكردنی پهیوهندی لهگهڵ كاراكتهره دهوڵهتی و نادهوڵهتییهكان، بۆ دروستكردنی متمانه بهرهوپێشبردنی دانوستان و وتوێژهكان و راكێشانی پشتیوانی گشتی له رێككهوتنهكان.
ئامرازەکانی دیپلۆماسی میدیایی: 1) تهلهفزیۆن، 2) رادیۆ، 3) ئاژانسهكان، 4) چاپهمهنییهكان، 5) ئینتهرنێت
" کاریگەرییەکانی سۆشیال میدیا لەسەر پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان"
سۆشیال میدیا پڕۆسەیەكی كۆكردنەوەی كۆمەینیكەیشنی ئۆنلاینییە، ئەم كۆمەینیكەیشنە ئۆنلاینە لەسەر بنەمای گریمانەییە، ئەوەش بەرهەمی گەشەی تەكنەلۆژیایە، پیشەسازی میدیا ئەمڕۆ گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، جاران پیشەسازی میدیا جیاجیا بووە، چاپ بەجیابووە، تەلەفزیۆن، رادیۆ جیابوون، بەڵام ئەمڕۆ حاڵەتێكی تر دروستبووە كە پیشەسازی میدیا هەمەجۆر بووە. بۆنموونە ئەمڕۆ لەدنیادا كۆمپانیا هەیە كە هەموو بوارەكانی كۆكردۆتەوە، واتە پیشەسازی میدیا لەبەش بەشو زۆرییەوە بووە بەیەك، راستە لەسەرەتادا بەرنامەڕێژی نەبووە، كاتێك دوو قوتابی زانكۆی هارفارد لەئەمریكا ئەمە دادەنێن بۆ پڕۆسەیەكی خوێندن دەبێت، بەڵام دواجار سۆشیال میدیا بەتایبەت فەیسبوك كە ئێستا یەك ملیار كەس بەكاری دەهێنێت وەك مارك ئاماژەی بۆ دەكات كە ئەوە بەرەوئەوە دەچێت فەیسبوك بكەمە سەرچاوەیەكی هەواڵی، چونكە یەك ملیار كەس گوێ لەمن دەگرێت، کەواتە ھەرێمی کوردستان و عێراق بە دروستی پێویستیان بەوە ھەیە کە توانا دیپلۆماسییەکانیان لە سۆشیال میدیا چڕ بکەنەوە ھەوڵی تەواوەتی بدەن بۆ بەکارخستن و بەرفراوانکردنی پەیوەندییە ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان لەم ڕێگەیەوە.
کۆتایی
ھەرێمی کوردستان لەم قۆناغەی ئێستا و بۆ داھاتوو زیاترینکات پێویستیان بە پەرەپێدانی ئەم بەشە لە پەیوەندی دیپلۆماسی ھەیە، چونکە ڕەنگە ئیدی گۆڕانکارییە جیھانییەکان زیاتر خێرا بن، ئێمە بینیمان لەماوەی ڕابردوو، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەبەر باری تەندروستی خەڵک نەدەکرا کۆبوونەوەی راستەوخۆ بکرێت، بەڵکو ھەموو ئەوانە لە ڕێگەی بەرنامە تایبەتەکانی ئینتەرنێت ئەنجامدران.
کەواتە بۆ خۆئامادەکردن بۆ ڕووداوە نێوخۆیی و نێودەوڵەتی و دەرەکییەکان، پێویستە بە وردی و گرنگییەوە ئامرازەکانی پەیوەندی دیجیتاڵی دیپلۆماسی فراوانتر بکرێن.